Skip to main content

فەرماندەى ئۆپەراسیۆنەکانى دیجلە بۆ ئاڤا تودەى: داعش لە عێراق لاوازە

فەرماندەى ئۆپەراسیۆنەکانى دیجلە بۆ ئاڤا تودەى: داعش لە عێراق لاوازە
یەکێک لە هۆکارەکانى لاوازبوونى داعش لە عێراق، هاوکارى هاووڵاتیانە لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان
posted onNovember 1, 2018
nocomment

 

فەرماندەیەکى سەربازی عێراق لەبارەى جموجۆڵەکانى ئەم دواییەى گرووپی داعش، ڕایگەیاند "بەشێوەیەکى سەربازیی داعش کۆتاییان پێ هاتووە، ئەوەى ڕوودەدات تەنها لەلایەن شانە نووستووەکانى ئەو گرووپە تیرۆریستییە".

 

مەزهەر عەزاوی، فەرماندەى ئۆپەراسیۆنەکانى دیجلە بۆ تۆڕى میدیایی ئاڤا تودەى ڕوونی کردەوە " لێرەو لەوێ چەند شانەیەکى بچووکی داعش جموجۆڵەکانیان دەکەن، بۆ ئەوەى نیشانى میدیاکانى بدەن کە بوونیان هێشتا ماوە".

ئەو ناوچانەش وەک فەرماندە سەربازییەکەى عێراق باسی لێوە دەکات بریتییە لە "حەمرین، زار، حوییان، چەند ناوچەیەکى حەویجە، موسڵ و دیالەو ئەنبار". عەزاوی گووتیشى " ئەو شانانە بڕیار لەمەرجەعەکانى خۆیان وەردەگرن کە لە ناوچەکەدا جێگیر بوونەو، هێزەکانمانیش بەردەوام پرۆسەى گەڕان و کوشتن بەرامبەر ئەو چەکدارانە ئەنجام دەدات".

ئەمەش لە کاتێکدایە ئەو گرووپە چەکدارییە لەچەند ناوچەیەکى سووریاو عێراقدا دەستى بە جموجۆڵی چەکداری کردووەتەوەو، مەترسییەکى لەنێو خەڵکیدا دروست کردووەتەوە.

فەرماندەى ئۆپەراسیۆنەکەى دیجلە جەختى لەوە کردۆتەوە " لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى، بەتایبەت لە سووریا، ناتوانن هیچ هەنگاوێک بنێن"،ـ بەڵام دڵنیایی داوە لەوەى ئەو گرووپە ناتوانێت سنوورەکانى عێراق ببەزێنێت، چونکە هێزەکانیان بە هاوبەشى لەگەڵ هاوپەیمانان چاودێری سنوورەکان دەکەن و، هەر چەکدارێک دزە بکات "ئەوا دەستبەجێ دەکوژرێت".

لەبارەى ئەو داعشانەى هێزەکانیان دەستگیریان دەکەن عەزاوی دووپاتی دەکاتەوە " دواى ئەنجامدانى لێکۆڵینەوە لەگەڵیان ڕادەستى دادگاکان دەکەن". عەزاوی ڕەتیشی دەکاتەوە "پرۆسەى سیاسی کاریگەرى نەرێنی لەسەر ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانى وڵاتەکەی هەبێت". گووتیشى "حکومەتى نوێ کۆمەڵێک بەرنامەى بۆ پەرەپێدانى کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزاری داڕشتووە، کە بە نیازە لەماوەى داهاتوو جێبەجێیان بکات".

دڵنیایی ئەوەشى بەخەڵکی عێراق دەدا، "سەردەمى تەقینەوەى ئۆتۆمبێلی بۆمبرێژکراو، تیرۆرکردنى کەسایەتییەکان کۆتایی هاتووە"، بەڵام دەشڵێت "دەکرێت لێرەو لەوێ چەند کردەوەیەکى بچووک ڕوو بدەن، بەڵام مەترسیی لەسەر  پرۆسەى سیاسی و کۆمەڵایەتی هاووڵاتیان دروست ناکات".

هۆکارەکەشی بۆ هاریکارییکردنى هاووڵاتیان دەگەرێنێتەوە کە بەردەوام زانیاریی بەهێزە ئەمنییەکانى عێراق دەدەن، بۆ ئەوەى بە یەکجاری گرووپی داعش ڕیشە کێش بکەن.