Skip to main content

ئێران ئەفریقای کردووەتە سەنتەرى تیرۆرەکانى

ئێران ئەفریقای کردووەتە سەنتەرى تیرۆرەکانى
ئامانجی سەرەکیی ئێران لە دروستکردنى پەشێوی لە وڵاتە ئەفریقییەکان، دوورخستنەوەى کێشە نێوخۆییەکانیەتى
posted onOctober 31, 2018
nocomment

 

کۆمارى ئیسلامی ئێران، تەنها بەوە نەوەستاوە دەست وەربداتە نێو کاروبارى ناوخۆیی وڵاتانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەتایبەت (عێراق، سووریا، لوبنان و یەمەن)، بەڵکو خۆی گەیاندووەتە نێو جەرگەى کیشوەرى ئەفریقاو، لەوێوە کارى ئاژاوەگێری و ناسەقامگیری سیاسی و ئابوورى دروست کردووە.

 

تاران لە ڕێگەى میلیشیا و دارودەستەکەى لە ناوچەکە بەردەوام کارە قێزەوەن و ناشیرینەکانى خۆى لەو وڵاتانە جێبەجێ کردووە، بە تایبەت لە پرسی تیرۆر کردنى نەیارانی ڕژێمەکەى، دەستبەسەراگرتنى سەرچاوە ئابوورییەکان و، بڵاوکردنەوەى هزری شیعەگەرایی لەنێو موسڵمانانى وڵاتانى جیهاندا.

ساڵانێکى زۆرە ڕژێمی ئێران بودجەیەکى زەبەلاحی بۆ بزووتنەوەى جیهادی ئیسلامی نەیجیریا تەرخان کردووە، بۆ ئەوەى لەرێگەى ئەو هێزەوە جێی پێی خۆى بکاتەوە، تاوەکو لەوێوە ئەجینداى خۆى بۆ بڵاوەکردنەوە ئەنجام بدات. ئامانجی سەرەکیی ئەو وڵاتەش " دروستکردنى پەشێوییە، لەو وڵاتانە بۆ ئەوەى چاوی جیهان لەسەر کێشەو ئاڵۆزییەکانى خۆى بەدوور بگرێت".

بەپێی دوایین ئاماری پۆلیستى نەیجیریا "سێ کەس لەشەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە، لە پێکدادانێکی لایەنگرانى پیاوی ئایینى شێعە نزیک لەئێران و هێزە ئەمنییەکان کوژراون". بزووتنەوەى جیهادی ئیسلامیی چەند ڕۆژێکە لە ئەبوجای پایتەختى نەیجیریا، گرژی لەباکووری ئەو وڵاتە دروست کردووە.

چاودێران پێیان وایە " ڕژێمى تاران، دەستى کردووە بەجوڵاندنى لایەنگرانى خۆى لەو وڵاتە ئەفریقی، تا ناسەقامگیرییەکى سیاسی و ئابوورى دروست بکات، تا هێڵی نوێ بۆ باڵەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بدۆزێتەوە، کە بەهۆى سزاکانەوە سەرچاوەى پارەدارکردنەکانى سڕ کراون".

سوپاى ئەو وڵاتە ڕایگەیاند " پۆلیس و سەربازانیان، هێرشێکى ئەو بزووتنەوەیان بەرپرچ داوەتەوە، کە هەوڵیان داوە هێرش بکەنە سەر کۆگایەکى چەک و تەقەمەنى"، گووتیشى " لایەنگرانى بزوتنەوەکە بەبوتڵى مۆلۆتۆف و بەرد هێرشیان کردۆتە سەر پۆلیس، هێزە ئەمنییەکانیش ڕێگرییان لەو خەڵکە کردووە". ئەمەش دووەم بەگژداچوونەوەى لایەنگرانى ئەو بزووتنەوەیە لەدواى دەستگیر کردنى ئیبراهیم زاکزاکی، ڕێبەرى ئەو بزوتنەوەیە یە کەساڵى ٢٠١٥ لەشەڕو پێکدادانێک دەستگیر کراوە.

جگە لەیارمەتییەکان، کۆمارى ئیسلامی ڕاهێنان بە چەکدارى بزوتنەوە ئەفریقییەکان دەکات

جگە لەیارمەتییەکان، کۆمارى ئیسلامی ڕاهێنان بە چەکدارى بزوتنەوە ئەفریقییەکان دەکات

 

زاکزاکی، یەکێکە لە پیاوانى تاران و، ساڵانێکى زۆرە بانگەشەى سەرهەڵدانى شۆڕشێک هاوشێوەى ئێران لەنەیجیریا دەکات، جگە لەوانەش دەستى هەیە لەتیرۆرکردنى کەسایەتیە نەیارانى ئەو بانگەشەیە، بەتایبەت لەنێو مەزهەبی سوننەگەراییەکان. ماوەیەکیش لەمەوبەر ئەو پیاوە ئایینیەى شێعەمەزهەبە، کارى لەنێو سوننەکانیش کردووە، بۆ ئەوەى ببن بە شێعە مەزهەب. ئێران جگە لە پاڵپشتى دارایی، پاڵپشتى چەک و تەقەمەنیشى ڕەوانەى ئەو بزووتنەوەیە کردووە، بۆ ئەوەى بەزەبرى هێز بەرەنگاری حکومەتى ئەبوجا ببێتەوە، هاوشێوەى حزبوڵلای لوبنانى و حوسییەکانى یەمەن.

راپۆرتە ناوخۆییەکانى ئەو وڵاتەش ئاشکرایان کردووە " جگە لەیارمەتییەکان، ڕژێمى کۆمارى ئیسلامی ڕاهێنانى بە سەربازانى ئەو بزوتنەوەیە کردووە، بۆ ئەوەى شەڕى پارتیزانی و بەکارهێنانى چەکی سووک و دروستکردنى بۆمب ئەنجام بدەن".

تیشکخستنە سەر نەیجیریا، لەچوارچێوەى پلانێکى ستراتیژی ویلایەتى فەقیهه دێت، بۆ ئەوەى بەخێرایی و فراوانییەوە دەستى بخاتە نێو کیشوەرى ئەفریقا، بە تایبەت ئێستا شانەشینى عەرەبی سعودیە بە هۆى سەرقاڵبوونى بە شەڕى تیرۆر، کەمتر تیشکی خستووەتە سەر ئەو ناوچانە.

لە لایەن خۆیەوە پیتەرى فام، بەرێوەبەرى گرووپی ئەفریقا سەنتەر بۆ توێژینەوە دەڵێت " ئێران تەنها بەوە نەوەستاوە شەڕ لە ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بکات، بۆ بەهێز کردنى خۆى، بەڵکو پلانێکى جیاوازیشى بۆ فراوانبوون لەکیشوەری ئەفریقا داڕشتووە، بەتایبەت ئەو وڵاتانەى موسڵمان تێدا قورساییان هەیە". دروستکردنى باڵى سیاسی و سەربازی لە بەشێک لەوڵاتە ستراتیژیی و ئابوورییەکان بۆ تێپەراندنى ئەجێنداکەى، بەهۆى دروستکردنى کەناڵى جموجۆڵى فراوانى ئەو وڵاتەیە لە پاڵپشتى میلیشیاو گرووپە چەکدارییەکانى خۆیەتى.

 لە نێو نەیجیریا چەندین کۆمەڵەی چالاکی شێعە مەزهەب لە نەیجیریا و وڵاتانى دیکەى ئەفریقا هەیە، کە لەلایەن تاراوگە لوبنانیەکانی خاوەن دەسەڵاتى دارایی و ئابووریی بەهێزەوە بەرێوە دەچێت. جگە لەوانیش ژەنەراڵ و بەرپرسانى سوپای پاسداران، لەم ساڵانەدا گەشتەکانیان بۆ کیشوەرى ڕەش چڕتر کردبووەوە، بەتایبەت لەسەردەمى مەحمود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆکى پێشووی ئێران ڕابەرایەتى ئەو جموجۆڵانەى دەکرد، تەنانەت ڕایگەیاند "هیچ سنوورێک بۆ فراوانبوونى پەیوەندییەکانى ئێران و وڵاتە ئەفریقییەکاندا نییە".

ڕاپۆرتە سیاسی و هەواڵگرییەکانى ئەو ناوچانە دەریانخستووە " یەکێک لەتایبەتمەندییەکانى تاران بۆ فراوانبوونی لەکیشوەرى ئەفریقا، سوود وەرگرتنە لەکەنارە دەریاییەکانى ئەو کیشوەرە بۆ ئەوەى چەک و تەقەمەنى ڕەوانەى باڵەکەى لەیەمەن بکات، هاوشێوەى حیزبوڵای لوبنانى ".