Skip to main content

ئیتلاعات زۆرى بۆ چالاکانی مەدەنی پیرانشار هێناوە

ئیتلاعات زۆرى بۆ چالاکانی مەدەنی پیرانشار هێناوە
AvaToday caption
posted onOctober 27, 2019
nocomment

لە درێژەی گوشاری دەزگا ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگی و ژینگەپارێزانی کورد لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەرەتای مانگی ڕەزبەری ئەمساڵەوە لە شاری پیرانشار ١٥ چالاکی مەدەنی بە تاوانی جۆراوجۆ بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کراون.

 

دەزگای ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی نیزیک بە ٢٠ ڕۆژی ڕابردوودا بە تاوانی بەشداریکردن لە چالاکی ژینگەپارێزی و کافە کتێبی ئەندێشەی پیرانشار زەخت و گوشار دەخاتە سەر چالاکانی ئەو شارە و هەرەشەی ئەوەیان لێدەکات کە نابێ چیتر لەو کۆبوونەوە و چالاکیانەدا بەشداریان هەبێت.

هەر دووک ڕێکخراوی کافە کتێبی پیرانشار و ژینگەپارێزانی ئەو شارە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا چالاکی زۆریان لە بوارەکانی مەدەنی، کولتوری و ژینگەپارێزی هەبووە و هەروەها ڕۆڵێکی بەرچاویان لە ڕۆشنەگری لەو شارەدا گێراوە. لە لایەکی دیکە و لە درێژەی گوشارەکان بۆ سەر خەڵکی پیرانشار ١٣ کەس لە هاوشاریانی ئەو شارە کە بەشداریان لە خۆپێشاندانەکانی تایبەت بە مەحکومکردنی هێرشی تورکیە بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان کردبوو لە لایەن ئیدارە ئەمنیەکانی پیرانشار گیراون و چەند کەسێکیان بە دانانی بارمتە تا کاتی دادگایی کران ئازاد کراون.

 بە گووتەی چالاکێکی مەدەنی پیرانشاری ئەوەی لە ئەنجامی ئەو گوشارانە بە نەسیبی کۆماری ئیسلامی دەبێ پڕبوون و زیاتر توورەبوونی لاوان و ژنانی ئەو شارەیە لە کۆی سیستەمی دەسەڵاتداری ئێران کە ئەنجامەکەی دەبیتە هۆی هاتنە مەیدانی زیاتری خەڵک لە بوارەکانی ژینگەپارێزی، مەدەنی، هونەری و فەرهەنگی.