دوێنێ دووشەممە، ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی مەجلیسی سوریای دیموکراتیک (مەسەدە) لەگەڵ چەند ئەندامی دەستڕویشتووی مەجلیسى سێناى ئەمریکا لە واشنتۆن کۆ بووەوە.
ئەمەى خوارەوە قسەکانی ئیلهام ئەحمەد و لیندزی گراهام ـە لە کۆبوونەوەکەدا:
لیندزی گراهام سیناتۆرى کۆماریخواز:
دەبێت هاوکاری لە نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و ئەمریکا (لە رۆژئاوای کوردستان) بەردەوام بێت. گەورەترین نیگەرانی من، ئەو ١٠ بۆ ١٢ هەزار زیندانییەى داعشە. لە سەر ئەم بابەتە زیاتر لە هەموو کەس، گازندە لە تورکیا دەکەم. هێرشی ناڕەوای تورکیا، کاریگەری لە سەر شەڕی داعش هەبووە و ڕێگای بۆ سەرهەڵدانەوەیی داعش هەموار کردووە. ئەم بابەتە بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ئێمەش گرینگە. ئێمە زۆرتر کار دەکەین بۆ سەپاندی گەمارۆی توند لەسەر تورکیا. دەبێت ناوچەکانی نێوان هەسەدە و تورکیا لە هێزی سەربازی چوڵ بکرێت و هێزی نێودەوڵەتی جێگەیان بگرێتەوە. ئێمە دەبێت کار لەسەر ڕێگری سەرهەڵدانەوەی داعش بکەین و لەم چوارچێوەیەشدا پێویستە هاوکاری هێزەکانی سوریای دیموکراتیک بین. هەموو ئەم هەوڵانە تەنیا کاتێک دەکرێت کە تورکیا هێرشەکەی خوی ڕابگرێت. من گەشبینم بەوەی کە ئیدارە ترامپ هەندێک گوڕانکاری دەکات. من بڕوام بە تورکیا نییە کە زیندانییە داعشییەکان بپارێزیت، بەڵام بڕوام بە هەسەدە هەیە. ئەمە بارودۆخێکی نائاساییە و کونگرە دەبێت بڕیاری لەسەر بدات. زۆر بە قووڵی و گەرمی پێویستە ستایشی هەوڵەکانی هەسەدە بکرێت.
ئیلهام ئەحمەد:
من سوپاسی خەڵکی ئەمریکا دەکەم کە لەم بارودۆخەدا پاڵپشتی ئێمە بوون. هەروەها سوپاسی کونگرە دەکەم. ئێمە خەریکین بە بارودۆخێکی زۆر هەستیاردا تێدەپەڕین. من لێرەم بۆ ئەوەی بە نوێنەرایەتی خەڵکەکەم و مەجلیسی سوریای دیموکراتیک باسی ئەو بارودۆخە بکەم کە تێیداین. بڕیاری لەناکاوی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا کاریگەریی زۆر خراپی لە سەرمان هەبووە. ئێستا ئێمە لە بەردەم لە نێوچوونی تەواوداین. تورکیا هێرشی کردووتە سەرمان، بۆیە لە بەردەم پاکتاوی نەتەوییداین. تورکیا دەیهەوێت مەنبج تا دێرک داگیر بکات. ئەو ناوچەیەش زۆر لەو ٣٢ کیلۆمەترە زیاترە کە وەک ناوچەى ئارام بانگەشەى بۆ دەکات. ئێمە لە سەر ڕێککەوتنەکە لە گرێ سپی و سەرێ کانی کشاینەوە، بەڵام تورکیا تا ئێستا پابەند نەبووە بەو ڕێککەوتنەی کە خوێ واژووی کردووە. ئێمە تەنها بۆ یارمەتی خەڵکی مەدەنى لەو ناوچانە کشاوینەتەوە، ئەمەش بە واتای ئەوە نییە کە ئێمە ڕێگامان بە تورکیا داوە ناوچەکانمان داگیر بکات.
ئەمانە گرینگترین داواکارییەکانی ئێمەن:
ئێمە خوازیاری ناوچەی دژەفڕینین
کۆتاییهاتن بە هێرشی تورکیا
جێگرکردنی هێزی نێودەوڵەتی لە سەر سنوور
پێشگرتن لە تورکیا بۆ پاکتاوی نەتەویی کوردەکان
ئێمە هەمووکات لە لایەن ئەمریکا و بەرپرسانی ئەو وڵاتە بەڵێنی ئەوەمان پێ دراوە کە جینۆساید و پاکتاوی نەتەوی نەکرێین. یەک لە داواکارییە سەرەکییەکانی ئێمە ئەوەیە کە ئەمریکا پابەند بێت بە بەڵێنەکانی. هەروەها خوازیارین ئەمریکا بۆ دابینکردنی ئاسایش و سەقامیگیری ناوچەکامان یارمەتیمان بدات. داعش خەریکە سەرهەڵدەداتەوە، ئەرتەشی ئازادی سوریا یان هەمان ئەرتەشی نەتەوەیی سوریا (کە تورکیا پاڵپشتی دەکات) لە ڕاستیدا هەر داعشن. بە ئاشکرا خەڵک، منداڵ، پیر، گەنج، ژن و سیاسەتڤان دەکوژن. بە زۆر پارە لە خەڵک وەردەگرن. بە ئاشکرا هەڕەشەی سەربڕین لە خەڵک دەکەن. داواکارییە سەرەکییەکانی ئێمە بۆ پارێزگاری لە زیندانیانی داعش و پێشگرتن لە سەرهەڵدانەوەی داعش و هەروەها دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە، بە بێ هاوکاری ئەمریکا مەحاڵە.
ئەمەش لینکى ڤیدیۆى کۆبوونەوەکەى ئیلهام ئەحمەدە لە واشنتۆن: