
سەرەڕای ئەوەی بەرپرسانی وەزارەتی وزە و بەنداوی سیمرە بە خەڵکی نیشتەجێی کەنارەکانی ئەو بەنداوەیان گوتووە ئەو بەنداوە هەتا تەرازی ٧٠٤ ئیزن دەدرێت ئاوی تێدا کۆبێتەوە و خەڵک لەسەر ئەو بنەمایە بۆ بەرزاییەکان هەڵکشاون، بەڵام بەرپرسان تەرازی ئاویان بۆ ٧١٦ بەرز کردۆتەوە و گیانی خەڵکیان خستووەتە مەترسییەوە.
لە ڕۆژانی ڕابڕدوودا بۆ ئەوەی ئاوی زۆرتر بەرەو خوزستان بەرنەدرێت و بە بێ ئاگادار کردنەوەی پێشووی خەڵک، بەرپرسانی شاری ئیلام ڕۆچنەکانی بەنداوی سیمرەیان داخستووە و ئاستی ئاوی بەنداوەکە بۆ تەرازی ٧١٦ بەرز بۆتەوە. ئەوە بۆتە هۆکاری ئەوەی لە ناکاو ئاستی ئاو چەند میتر بەرز ببێتەوە و بەو هۆیە زۆربەی زەویە کشتوکاڵییەکان و ماڵ و ڕێگەکانی پەیوەندی خەڵکی ئەو ناوچەیە کەوتوونە ژێر ئاو.
سەرەڕای ئەوەی بەرپرسان خەڵکیان ئاگادار نەکردووەتەوە لەوەی ئاستی ئاوی بەنداوەکە بەرز دەبێتەوە بە خەڵکەکەیان گوتووە دەست لە زەوی و ماڵەکانتان هەڵگرن و بڕۆن بە بێ ئەوەی قەرەبووی زیانەکانی خەڵکی بکەنەوە. بەنداوی سیمرە هەڵکەوتوو لە پارێزگای ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و لە دووری ٣٧ کیلۆمەتری شاری دەرەشار هەڵکەوتووە.