Skip to main content

پۆمپئۆ : قاسم سولەیمانى تیرۆریستە

پۆمپئۆ : قاسم سولەیمانى تیرۆریستە
AvaToday caption
مایک پۆمپیۆ، وەزیرى دەرەوەى ویلایەتە یەکگرتووەکان، قاسم سولەمیانى فەرماندەى سوپاى قودسی ئێرانی بە "تیرۆریست" وەسف کرد.
posted onApril 10, 2019
nocomment

 

ئێوارەى دووشەممە دۆناڵد ترامپ، سەرۆکى ئەمەریکا بەشێوەیەکى فەرمی سوپای پاسدارانی خستە نێو لیستى ڕێکخراوە تیرۆریستییە بیانییەکانەوە، لە نێویانشدا "سوپای قودس"، کە بەشی دەرەکی سوپای پاسدارانى ئێرانە. ترامپ بە پێی ماددەى ٢١٩ ـى یاساى کۆچ و هاوڵاتیبوون بڕیارەکەى دەرکرد و دواى حەوت ڕۆژ لە دەرچوونیشى دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.

 

لە میانەى چاوپێکەوتنێکى لەگەڵ تۆڕى فۆکس نیوزی ئەمەریکی، پۆمپئۆ وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا گووتى " قاسم سولەیمانى تیرۆریستە، هەر بۆیە ئەو و سوپاى پاسداران و هەر ڕێکخراوێکى تیرۆریستى ڕاو دەنرێن". ئاماژەى بەوەش دا "سولەیمانى تاوانى خوێنى ئەمریکییەکانى لە ئەستۆیە و هاوشێوەى ئەو سوپایەى ڕابەرایەتیان دەکات".

پۆمپئۆ جەختی لەوە کردەوە کە "ئەمریکا سوورە لەسەر ڕاوەدونانى هەر ڕێکخراوێک یاخود دامەزراوە و کەسێک کە بووەتە هۆی کوشتنى ئەمریکییەکان، ئەمە بەرپرسیاریەتیمانە و ئەرکى سەرۆک ترامپە". وەزیرەکەى دەرەوەى ئەمەریکا هێماى بەوە کرد "لە ماوەى دوو ساڵى کارکردنى ئیدارەى دۆناڵد ترامپ، مەترسییەکانى بەردەم ئەمریکییەکان بە دەستى قاسم سلێمانى یا خود تاقمەکەى کەم بووەتەوە".

جەختی لەوەش کردەوە کە "هەژمارکردنى سوپای پاسداران وەک ڕێکخراوێکى تیرۆریستى، پارێزگارى لە گیانى ئەمریکییەکان دەکات و، سەقامگیری و ئاسایشی زیاتر بۆ ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست دورست دەکات". گووتیشى "بە بێ لاوازکردنى سوپای پاسدارانى ئێران، هیچ ئاشتى و سەقامگیری و ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەدی نایەت".

سوپا و تیرۆرر

دوابەدواى دەرچوونى بڕیارەکەش، مایک پۆمپئۆ هۆشداریی داوەتە سەرجەم کۆمپانیاو بانکەکانى جیهان لە "مامەڵەکردن لەگەڵ سوپاى پاسداران". هەر دوێنێ دواى بڕیارەکەى ترامپ، پۆمپئۆ لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنووسی لە واشنتۆن گووتى "کۆمپانیاو بانکەکانى جیهان لەبەردەم بەرپرسیاریەتییەکى ڕوونن، کە هەر مامەڵەیەک لەگەڵ دامەزراوەیەک بکەن، دەبێت بزانن پەیوەندیی دارایی لەگەڵ سوپاى پاسداران نییە".

وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا پێى وایە "ڕژێمى ئێران تەنها پاڵپشتى تیرۆر ناکات، بەڵکو خۆى لە کردەوەى تیرۆریستیشەوە گلاوە". ئاشکراشی دەکات کە "سوپای پاسداران پاڵپشتى حزبوڵای لوبنانی کردووەو، لە وەتەى دروستیش بووە تۆقین و بەرەڵایی لەجیهان بڵاو کردووەتەوە".

سووریشە لەوەى سوپای پاسداران گەلى ئێرانى بەناوی ڕژێم سەرکووت دەکات و، سەرمایەو سامانى گشتى تاڵان کردووەو، بە هەدەریشى داوە.