Skip to main content

شەپۆلێکى دیکەى بارانبارینى مەترسیدار ڕوو لە ئێران دەکات

شەپۆلێکى دیکەى بارانبارینى مەترسیدار ڕوو لە ئێران دەکات
AvaToday caption
posted onApril 9, 2019
nocomment


دۆخى ئاو و هەوا گۆڕانى بەسەردا هاتووە و هەر ئەمەیش واى کردووە کە ناوەندى کەشناسى دونیا باسى شەپۆلێکی دیکەى باران بارین بکات، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتى مازندەران و پارێزگاى گولستان و لۆڕستان و ئەگەرى دووبارە لافاو هەیە لە خوزستان و مەترسى کەوتنە ژێر ئاوى سوسنگرد هەیە.

 

بەڕێوەبەرى گشتیی پێشبینى کەشنناسى هۆشدارى ئەوەى داوە کە "شەپۆلێکى بارانبارین لە ڕۆژئاواوە دێتە نێو ئێرانەوە و ئەگەرى دروستبوونى لافاو هەیە". ئەو شوێنانەى کە مەترسى دروستبوونى لافاویان هەیە بریتین لە فارس، بوشێهر، هورمزگان، کرمان و سیستان و بەلوچستان و پارێزگاکانى خوراسانى شومالى و ڕەزەوى و باشوور.

بارانبارین لە ڕۆژهەڵاتى مازندەران و پارێزگاى گوڵستان توندتر و ئەگەرى هەستانى ئاوى ڕووبارەکان و پڕبوونەوەى کەناڵى ئاوبەرەکان زیاترە بە هۆى ئەوەى کە ئەو زبڵ و خاک و خۆڵەى کە پێشتر هاتووە، بووەتە هۆى گرتنى ڕێڕەوى ئاوبەرەکان.

کەشناسى ئەوروپا زەنگى مەترسى بۆ حەوتووى ئایندە لێداوە، هەرچەندە کەشناسى ئێران خۆى ئەمەى بەدرۆ خستووەتەوە، هەرچەندە چیتر کەس بڕوا بە کۆمارى ئیسلامى و دەنگ و ڕەنگى ڕژێمى ئێران نەماوە و لە شەپۆلى پێشووى بارانبارین و لافاوەکانى گوڵستان و شیراز و لوڕستان دەرکەوت دەسەڵات هێندەى لە خەمى دامەزراوە نەوتییەکانى هەبوو، هێندە گوێى نەدایە خەڵکەکە و تەنانەت نەچوو بە هاناى خەڵکەوەو  دەنگ و ڕەنگى کۆمارى ئیسلامى هەواڵى درۆیین و دەستکردنى سەبارەت بە دۆخى خراپ و لێقەومانى خەڵکى بڵاو دەکردەوە.