Skip to main content

هەر چوار چرکە کتێبێکى دەفرۆشرێت

هەر چوار چرکە کتێبێکى دەفرۆشرێت
posted onMay 20, 2018
nocomment

 

(Lee Child) نووسەرێکى ئینگلیزییە کە چیرۆکەیلى پۆلیسى و شوێنپێهەڵگر دەنووسێت و کەسایەتییەکى هاوشێوەى قەیسەر بە ناوى (جەک ڕیچێر)ـى بەرهەم هێناوە کە تا ئێستا زیاتر لە ٢٠ ڕۆمانى لەبارەى کونجکۆڵی و چیرۆکەکانى ئەم کەسایەتییەوە بڵاو کردووەتەوە و بەمەیش کۆمەڵەى ڕۆمانەکانى بوونەتە پڕفرۆشترین کۆمەڵە کتێبی دونیا.

نهێنى خۆشەویستى نێونەتەوەیی کەسایەتى جەک ڕیچێر لەوەدایە کە ئەو تۆڵەى خەڵکانى لاواز و بێ دەرەتان و فریوخواردوو بێ هیچ ڕەحم و سۆزێک لە شەقاوە و زۆردارەکان دەسێنێتـەوە. ڕیچێر کە پۆلیسێکى ٣٨ ساڵەى خانەنشینى سوپاى ئەمەریکایە، پیاوێکى باڵابەرزى بەهێزە و منداڵى خۆى لە ناوەندە ڕێکخراوەکانى سوپاى ئەمەریکا لە ئەڵمانیا بەسەر بردووە. کەسایەتى جەک ڕیچێر، مرۆڤێکى سەربازى و هەمیشە ئامادەیە. کەسایەتییەک کە هەر لە منداڵییەوە فێر بووە بە خێرایی کاردانەوە بەرامبەر ڕووداوەکان نیشان بدات. ئەو لەبەر ڕاستکردارییەکەى، دەکەوێتە بەر پاڵەپەستۆى ئەفسەرە پلە بەرزەکانەوە و هێندە ژیانى قورس دەبێت کە ناچارە دەست لە کار بکێشێتەوە.

ئەو کەسایەتییە بە درێژایی ژیانى قەرەجئاساى، لە ویلایەتەکانى ئەمەریکا و مانەوە لە هۆتێلە هەرزانباوییەکان دەمێنێتەوە و ئەمەیش ڕووبەڕووى زۆر شتى دەکاتەوە. کەسایەتییەکى سەرنجڕاکێش کە خەڵکى خۆشیان دەوێت. جەک ڕیچێر تەنانەت کۆڵەپشتیشى نییە، تەنیا کەرەستەیەک کە هەموودەم لەگەڵیایەتى، فڵچەیەکى ددانشووشتنە نووشتێنراوەکەیەتى. لە هەر شار و ویلایەتێک جلى هەرزانباوى و سادە دەکرێت و پاش ماوەیەک بەکارهێنانیان لە مۆتێلەکان جێیان دەهێڵێت. ئەو پیاوێکى تەنیا و بێ ژن و منداڵ و نێوەنج تەمەنە و لە زۆربەى ڕۆمانەکاندا لەگەڵ ژنێک دەبێـتە دۆست. ژنانێک کە خۆش قەد و باڵا و وەرزشکارن.

لی چایڵد، سەرەتاى سپتەمبەرى هەر ساڵێک دەست بە نووسینى ڕۆمانە نوێیەکەى دەکات. ئەو  ددان بەوەدا دەنێت کە سەرەتا هیچ بیرۆکە و وێنایەکى لەبەرچاو نییە بۆ نووسینەکەى، بەڵام بە قسەى خۆى ئەو جوانى و چێژەى کە وەریدەگرێت هەر لەو سەرەتا نەناسراو و نادیارەوەیە. لی، ڕۆژانە زیاتر لە ١٥ قاوە دەخواتەوە. کارێک کە لە ٦ ساڵییەوە تا ئێستا ئەنجامى دەدات. هەروەها ڕۆژانە ٢٠ دانە جگەرەش دەکێشێت و وەک خۆى دەڵێت "نووسینێک دەنووسم کە ئەگەرى ئەوەى هەیە لە هەر چرکەساتێکدا تووشى جەڵتە بم".