
ئێوارەی ڕۆژی هەینی ۲۲ی خاکەلێوە، سەفا عائیلی، تەمەن ٣۱ ساڵ و خاڵی ژینا ئەمینی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سەقز گواسترایەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی سەفا عائیلی، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات ئۆتۆمبێلی ئەو هاووڵاتییەیان لەکاتێکدا کە لەگەڵ هاوژینەکەی بووە، ڕاگرتووە و دەستبەسەریان کردووە.
سەفا عائیلی بەبێ هیچ چەشنە ئاگادارییەکی پێشتر و ناردنی ڕاگەیەندراوەیەکی فەرمی سەبارەت بە جێبەجێکردنی سزاکەی، دەستبەسەر کراوە و چەند کاتژمێر دوای دەستبەسەرکردنی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە بنەماڵەکەیان ڕاگەیاندووە کە بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانە گواستراوەتەوە.
ناوبراو پێشتر، هەندێک دوای گەڕانەوەی لە وڵاتی ئەڵمانیا لە لایەن دادگای شۆڕشی شاری سەقز سزای ۱۰ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو و ئەو سزایە لە لایەن لقی ۱۶ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە بە تەواوی پشتڕاست کرایەوە.