Skip to main content

سنە؛ مامۆستایەک بەهۆی ونبوونی شەحنکەرەوەکەیەوە بە کێبڵ لە ١٣ قوتابی دەدات

سنە
قوتابییانی خەڵکی کەرجۆ
posted onApril 14, 2025
nocomment


دۆسیەی مامۆستایەکی قوتابخانەی سەرەتایی "ڕاشدین" لە گوندی کەرجۆی سەر بە شاری سنە، بە تۆمەتی "لێدان و توندوتیژی جەستەیی" بەرامبەر ١٣ قوتابی پۆلی پێنجەمی سەرەتایی، ڕەوانەی دەزگای دادوەریی ئێران کراوە.

حوسێن حوسێنی، سەرۆکی دادگای پارێزگای سنە، ڕایگەیاندووە: "فەرمانی پێویستی دادوەری بۆ داواکاری گشتیی ناوەندی پارێزگا دەرچووە تا بەدواداچوون بۆ بابەتەکە بکرێت و مامەڵەی پێویستی لەگەڵدا بکرێت."

بەگوتەی قوتابییەکان ئەو مامۆستایە بەهۆی ونبوونی وایەری شەحنکەرەوەکەیەوە، قوتابییەکانی پۆلەکەی بە تاوانبار زانیوە و "دوای ئەوەی لە پۆلەکەدا بەندی کردوون، بە کێبڵ لێی داون."

دیمەنە بڵاوکراوەکان جەستە و لەشی شینبووەوەی قوتابییەکان نیشان دەدەن و توندیی لێدانەکان بە ڕادەیەک بووە کە "شەپۆلێک لە نیگەرانی و تووڕەیی لەنێو دانیشتووانی گوندی کەرجۆدا دروست کردووە."

دەگوترێت مامۆستاکە گەنجێکە و یەکەم ساڵی کارکردنی بووە. "سەرەتا دەرگای پۆلەکەی قفڵ کردووە و ڕێگەی نەداوە قوتابییەکان بچنە دەرەوە، پاشان بە بەکارهێنانی کێبڵێک بە توندی تێی هەڵداون."

بەپێی ڕاپۆرتەکان، مامۆستاکە "خراپیی باری دەروونی" و "کەمئەزموونیی" وەک هۆکاری ڕەفتارە توندوتیژەکەی هێناوەتەوە.

هاوکات، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی پارێزگای سنە وێڕای سەرکۆنەکردنی کردەوەی مامۆستاکە، جەختی لە "لێکۆڵینەوەی ورد و مامەڵەی توندی یاسایی لەگەڵ مامۆستا سەرپێچیکارەکە" کردووەتەوە، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ڕووداوی نەخوازراوی لەم شێوەیە لە قوتابخانەکانی پارێزگاکەدا.

بەرپرسانی پەروەردەی پارێزگاکە دووپاتیان کردووەتەوە کە سزای جەستەیی قوتابییان بە هیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە و لەگەڵ هەر جۆرە سەرپێچییەکدا بە توندی ڕووبەڕوو دەبنەوە.

سەلاحەدین موفیدی، بەڕێوەبەری پەروەردەی ناوچەی دووی سنە، بە ئاژانسی هەواڵی ئیسنای وتووە: "ئەم مامۆستایە لە ڕۆژی ڕووداوەکەدا باری تەندروستیی جێگیر نەبووە و دەرچووی زانکۆیە کە ئەمساڵ دەستی بە کار کردووە."

ئەمە یەکەمجار نییە هەواڵی سزای جەستەیی قوتابییان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا بڵاودەبێتەوە.