Skip to main content

تەوەرەکانى لووتکەى وارشۆ ئاشکرا دەکرێن

تەوەرەکانى لووتکەى وارشۆ ئاشکرا دەکرێن
posted onJanuary 28, 2019
nocomment

 

وەزارەتى دەرەوەى ویلایەتە یەکگرتووەکان، چوارى تەوەرى سەرەکیی گفتوگۆییەکانى "لووتکەى وەزاری بۆ پتەوکردنى ئاشتى و ئاسایش لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست"، کە بڕیارە لە ١٣ و ١٤ ـى شوباتى داهاتوو بە سەرۆکایەتى ئەمریکا لە پایتەختى لهێستان (پۆڵەندا) بەرێوە بچێت.

 

ئەو لووتکەیە کە بە "لووتکەى وارشۆ" ناسراوە، لەلایەن وەزارەتى دەرەوەى واشنتۆن ئاشکرا کراون و، لە ڕاگەینراوێکدا ئاماژەى بەوە کردووە "بابەتە سەرەکییەکانى لووتکەکە بریتین لە (قەیرانە هەرێمایەتییەکان و کاریگەرییان لەسەر مەدەنییەکان لە ڕۆژهەڵاتى ناوەەڕاست، پەرەپێدانى مووشەکی و بڵاوبوونەوەیان، ئاسایشى سیبرانى و هەڕەشە سەرهەڵداوەکانى کەرتى وزە و، بەرەنگاربوونەوەى تووندڕەوی و پارەدارکردنى نایاسایی)".

لەبەشێکى دیکەى ڕاگەینراوەکەى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا ڕوونکراوەتەوە کە "وەڵامى ئەرێنیان لەلایەن هاوبەش و هاوپەیمانەکانى سەرتاسەرى جیهان بەدەست گەیشتووەو، دەیان وڵاتیش ئومێدەواری بەشداربوون بووە لەو گفتوگۆیە بونیات نراوە".

سەرەڕاى ئەو پرسە بەشێوەیەکى فەرمی باسى کۆمارى ئیسلامی ئێرانى نەکردووە، بەڵام چاودێران پێیان وایە "هەر چوار تەوەرە سەرەکییەکە بەشێوەیەکى ڕاستەوخۆ لەبارەى ئێران و، ڕۆڵە تێکدەرانەکەیەتى لە ناوچەکە، بەتایبەت لە پاڵپشتى و پارەدارکردنى تیرۆرو، گرووپ و میلیشیا چەکدارەکان و، بەرنامە مشتومڕە مووشەکییەکانى".

جگە لەوەش تاران ڕۆڵێکى نەرێنى هەیە لەبەرنامەى سیبرانى و هێرشکردنە سەر دامەزراوە ڕۆژاوایی و ئەمریکییەکان، هەروەها هەوڵە چڕەکانی بۆ بەدەستهێنانى مووشەکى ئەتۆمی، یەکێکە لەو مەترسییانەى جیهانى دژ بەو ڕژێمە کۆ کردۆتەوە. لەدواى ڕاگەیاندنى ئەنجامدانى لووتکەیەکى لەو شێوەیە لە وارشۆى پایتەختى پۆڵەندا، تا ئێستاش کاردانەوەکانى نێوخۆى تاران لەدژى ئەو وڵاتە ئەوروپییە کۆتایی نەهاتووە.

بەشێک لەبەرپرسانى باڵاى کۆمارى ئیسلامی پێیان وایە " ئەوە مەترسییەکى گەورەیە بۆ سەر ڕژێمەکەیان و، بایکۆت و گۆشەگیرى زیاتر بۆ وڵاتەکەیان دەهێنێت"، هۆکارەکەشیان بۆ ئەوە گەڕانەوە "واشنتۆن بەردەوامە لەکۆکردنەوەى کۆدەنگی نێودەوڵەتى بۆ سنووردارکردنى هەڵسوکەوتە شەڕانگێزەکانى تاران لەناوچەکە".

تایبەت بەو پرسەش سەرچاوەکانى نێو شانشینى یەکگرتوو ئاشکرایان کردووە "جێریمی هانت، وەزیرى دەرەوەى حکومەتى بەریتانیا ئامادەیی نیشانداوە لە لووتکەى وارسۆ بەشداریی بکات"، ئەمەش یەکەم بەرپرسى باڵاى ئەوروپایە ئامادەیی خۆى لەکۆنگرەیەکى لەو جۆرە نیشان بدات، کە ئامانجی سەرەکیی هاوپەیمانییەکى فراوانە دژى ئێران. هاوکات یەکێتى ئەوروپا هاوبەشی مەترسییەکانى ئەمریکایە لەپرسى ئێراندا، بەتایبەت لەپرسى دەستێوەردانى لەناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، بەڵام لەپرسى کشانەوەى لایەنى دووهەم لە ڕێککەوتننامەى ئەتۆمی کە لە تەمموز (پووشپەڕ)ی ٢٠١٥ واژوو کراوە ناکۆکن. هۆکارەکەشیان بۆ سەپاندنى سزایە بەسەر ئەو کۆمپانیانەى مامەڵە لەگەڵ ئێران دەکەن، یاخود خەریکى کڕینى نەوتى تارانن.

بۆ بەشدارییکردن لە لووتکەى وارشۆ، کۆشکی سپی بانگهێشتى ئاراستەى وەزیرانى ٧٠ وڵات کردووە و، لەم نزیکانەش لیستى پرسەکانى فراوانتر کرد، بۆ ئەوەى سەرجەم کەیسەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لەخۆ بگرێت.