Skip to main content

ئێران سێیەم گەورەترین خراپترین ئابوورى جیهان

هێڵکارى ئاستى داکشان و شکستى ئابوورى هەندێک وڵات لە دونیا
posted onJanuary 8, 2019
nocomment

 

گۆڤارێکى ئابوورى شانەشینى یەکگرتوو پێشبینى کردووە " کۆمارى ئیسلامی ئێران لە ساڵى ٢٠١٩، سێیەم خراپترین ئابوورى جیهان تۆمار بکات"، لەبەرامبەریشدا سووریا سەرەڕاى جەنگ و ململانێیەکى بەرزترین ئاستى  بوژانەوە تۆمار دەکات.

 

بە پێی توێژینەوەیەکى یەکەى هەواڵگری ئابوورى گۆڤاری ئیکۆنۆمێستى بەریتانی"کۆمارى ئێران ئەمساڵى سێیەم گەورەترین داکشانى ئابوورى لەجیهان تۆمار دەکات، بەجۆرێک ئابوورییەکەى لە ٢٠١٩ بەسەدا ٣،٧ تووشى پووچانەوە دەبێت".

شەپۆلەکانى داتەپین بەسەر زۆربەى کەرتە پیشەسازییەکانى تاران باڵى کشاوە و، هاوکات بووە لەگەڵ دابەزینى تواناى کڕینى بەکاربەرانى ناوخۆیی، کەبەهۆى داڕمانى بەهاى تمەنى ئێرانى بەرامبەر دراوە بیانییەکانەوە بووە. ئەو ئاڵۆزی و قەیرانە ئابوورییانەى بەرۆکى ڕژێمى ئەو وڵاتەى گرتووە، بانکى ناوەندی ئێران کە یەکێکە لەو کەرتانەى خراونەتە نێو سزاکانى ویلایەتە یەکگرتووەکان تاوتوێی لابردنى چوار سفری سەر دراوى ناوخۆیی دەکات.

لە چەند مانگی ڕابردوو بە تایبەت دواى ئایار (بانەمەڕ)ی ڕابردووەوە کە وادەى کشانەوەى واشنتۆن بووە لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەى لەگەڵ ئێران، بازاڕەکانى ئەو وڵاتە تووشى ناسەقامگیرییەکى تووند بووەتەوە، سەپاندنەوەى سزاکان بە ئاستێکى تووندتر ئاڵۆزی و قەیرانى زیاتری بۆ ئەو بازاڕە دورست کردووە بەتایبەت کەرتە بانکی و نەوتییەکان.

ڕاپۆرتەکەى ئیکۆنۆمیست پێشبینى ئەوەشى کردووە "ئەمساڵ سووریا بەرزترین ئاستى بوژانەوەى ئابوورى لە جیهان تۆمار بکات و ڕێژەکەى بگاتە سنوورى سەدا ٩،٩ و لە پاش ئەویشدا بەنگلادش بێت بە ڕێژەى سەدا ٧،٩ و شانشینى بۆتان لە کیشوەرى ئاسیاش بووژانەوەکەى بگاتە سنوورى سەدا ٧،٤ و هیندستان لە سنوورى سەدا ٧،٣ بوژانەوەى ئابووری تۆمار بکەن".

ئێران؛ لەبرى ئەنجامدانى چاکسازی ئابوورى و پێداچوونەوە بە سیستەمە دارایی و بازرگانییەکانى، دەستى بە تووندوتۆڵکردنى جومگەکانى دەسەڵات کردووە، بەتایبەت لەلایەن سوپاى پاسداران و گەورە بەرپرسانى وڵات. تا ئێستاش سەرەڕاى ئاشکراکردنى دەیان کەیسى گەندەڵى، بەڵام گەورە تۆمەتبارەکانى کەیسەکە دەستگیر نەکراون، بەڵکو دەزگا ئەمنییەکان خەریکى دەستگیرکردنى بازرگانە بچووک و مامناوەندەکانى کۆمارى ئیسلامین.

ئەو یەکەیەى گۆڤارەکەى بەریتانیا باسى لەوەش کردووە "لەوپەرى ئۆقیانووسیشەوە ویلایەتە یەکگرتووەکان لەساڵى ٢٠١٩ ئاستى بوژانەوەى ئابوورى لە سنوورى سەدا ٢،٣ دەبێت، ئەمەش لەئاست چاوەڕوانییەکان کە ڕێژەکەى سەدا ٢،٩ بوو کەمترن". هۆکارەکەشى بۆ ئەنجومەنى یەدەگی فیدراڵى ئەو وڵاتە گەڕاندەوە کە سیاسەتى نەختى تووندتر کردووەو، بەنیازە دەست بە بەرزکردنەوەى ڕێژەى سوودی بانکی بکاتەوە، لە پاڵ ئەوانەش پاشەکشێکردنى کاریگەرییەکانى کەمکردنەوەى باجە کە ساڵى ڕابردوو لە ئەمەریکا چووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە.

لەبارەى ئابوورى چین کە بە ئەژدیهای ئاسیا ناسراوە هێمای بەوە کردووە "ئاستی بووژانەوەکەى لە سنوورى سەدا ٦،٣ دەبێت، ئەمەش کەمترە لەئاست چاوەڕوانییەکانى بووژانەوە کە لەساڵى ٢٠١٨ تۆماری کردووە"، هۆکارەکەش بۆ مەترسییەکانى جەنگی بازرگانى لەگەڵ ئەمەریکا دەگەڕێنێتەوە.

هێڵکارى ئاستى داکشان و شکستى ئابوورى هەندێک وڵات لە دونیا

هێڵکارى ئاستى داکشان و شکستى ئابوورى هەندێک وڵات لە دونیا

 

لەنێو کیشوەرى ئەورووپاشدا ئەوان ئاستێکى باش پێشکەش ناکەن، ئەو یەکێتیە چاوەڕوانى چارەسەر کردنى کەیسە هەڵواسراوەکانە وەک کشانەوەى یەکجاری بەریتانیا لەو یەکێتیە کە بڕیارە لەئاداری داهاتوو بەیەکجاریی کۆتایی بێت. لە نێو گەورە ئابوورییەکانى ئەوروپاش بەریتانیا ئاستێکى بوژانەوەیی سەدا ١،٥ تۆمار دەکات، فەرەنساش بەهۆى ناڕوونى ڕەوشى ئابوورى و سیاسییەکەى ئاستەکەى لەچاو لەندەن باشتر نابیت.

ئیتالیا هەمیشە وەک چاوەڕوان دەکرا، ئاستى بوژانەوەى تەنها لەسنوورى سەدا ٠،٤ دەبێت، بەو هۆیەوەش ڕۆما لە ڕیزبەندی حەوتەم خراپترین ئەداى ئابووری جێگیر دەکرێت. لەنێو خراپترین ئەداى ئابوورییەکانى جیهان ڤەنزەوێلا پلەى یەکەمى جیهانى تۆمار دەکات بە جۆرێک ڕێژەى داکشانەکەى سەدا ٥،٧ تۆمار دەکات و لەدواى ئەویش یەمەن دێت بەرێژەى سەدا ٤،٢ دەبن و دواتر ئێران و لەپاش ئەویش گینیای ئیستیوائیی دێت بەسەدا ٢،٥ و ئەرجەنتین بەسەدا ٠،٨ تۆمار کراوە، نیکاراگوا ڕێژەیەکى نزیک بۆینس ئایریس تۆمار دەکات.

ئیکۆنۆمیست دەڵێت "لەنێو ئەو وڵاتانەى دەتوانێت پارێزگاری لەپلە یەکەمەکانى خێراترین بوژانەوەى ئابوورى گەورە تۆمار دەکات، هیندستانە، کە چاوەڕوان دەکرێت هاوشێوەى ساڵى ٢٠١٨، ڕێژەى بوژانەوەى لە سنوورى سەدا ٧،٤ بێت". دووپاتی دەکاتەوە "ئەو وڵاتانەى سوودێکى گەورە لەجەنگە بازرگانیەکەى نێوان پەکین و واشنتۆن وەردەگرێت چەند وڵاتێکن لەنێویاندا ڤێتنامە خۆى وەک جێگرەوەیەکى پیشەسازی لەچین نمایش کردووەو، ڕێژەى بوژانەوەکەشى لەسنوورى سەدا ٦،٧ دەبێت لەساڵى ٢٠١٩.