Skip to main content

کۆمارى ئیسلامى هیچ بودجەیەک بۆ مەهاباد تەرخان ناکات

کۆمارى ئیسلامى هیچ بودجەیەک بۆ مەهاباد تەرخان ناکات
AvaToday caption
posted onFebruary 15, 2021
nocomment

ئەم ڕاپۆرتە هەر لە کەناڵەکانى سەر بە ئیتلاعات و کۆمارى ئیسلامى وەرگیراوە، بەڵام داتا و زانیارى باشى تێدایە کە دەسەلمێنێت کۆمارى ئیسلامى چەندیە بێ پەروا و گوێپێنەدەرە بە حاڵى خەڵکى ئێران بە گشتى و هاووڵاتیانى کورد بەتایبەتى.

 

لە شارى مەهاباد زیاتر لە ١٠ هەزار کەس لە نێو ئاپارتمان و شووقەدا دەژین و لەم ماوەیەى دواییش چەندین کۆمەڵە ئاپارتمانێک دروست کراون کە زۆرینەیان لە لایەن خودى کۆمارى ئیسلامى و سوپاى پاسدارانەوە بەڕێوە دەچن. کاتى خۆشى و سەرەتاکانى مانگى ڕێبەندانى ڕابردوو چەندین کۆمەڵە باڵەخانەى ١٠ تەبەقەیی لەو شارە بێ ستاندارى نێودەوڵەتى کردەوە، هەرچەندە خۆشى ڕەخنەى لە کواڵیتییەکەیان و ستانداربوونەکەیان هەبوو، بەڵام تەنیا لە چوارچێوەى قسە مایەوە.

ئەم کێشەیە وەنەبێت تەنیا باڵەخانەکان بگرێتەوە، بە پێچەوانەوە بوونى باڵەخان دەرخەرى گەورەترین کەموکۆڕین لەو شارە، بۆ نمونە بەڕێوەبەرایەتى ئاگرکوژێنەوە کەوتووەتە بەردەم پشتتێکردنێکى گەورە و بەدەم لاوازى لۆجیستیکەوە دەناڵێنێت و هەر ئەمەش واى کردووە کە تەنیا دەستى بە تەبەقەى شەشەمى ئەم باڵەخانانە ڕادەگات و لەوە زیاتر ناتوانێت کارەساتێک بنبڕ و یا کەسێک ڕزگار بکات کە لە سەرووى تەبەقەى شەشەوە ڕوو بدات.

مەسنوور سەداقەت بەڕێوەبەرى کارگرووپى تەنگەتاوێ و ڕزگارکردنى مەهاباد، چەندین جار داواى کڕینى پلیکانەى کارەبایی و هیدرۆلیکییان بۆ بەڕێوەبەرایەتى ئاگرکوژێنەوەى شارەکە کردووە بەڵام هەر گوێیان پێ نەداون!

لە دواى هەڵوەشانەوەى خوولى پێنجەمى شووراى شارى مەهاباد بە تۆمەتى گەندەڵى کە زۆرینەیان دەستیان تێکەڵ بە دزى و خواردن کردبوو، چەندین زنجیرە ئاگرێک کەوتنەوە کە کەمى و نەبوونى پێداویستییەکانى ئاگرکوژێنەوەى زیاتر دەرخست. هەر لەم یەک دوو ڕۆژەى ڕابردووش بازاڕى ئەسغەرى مەهاباد و چەندین ئاپارتمان و بەشێکى پارکى شار سووتان، کەچى ئەم بەڕێوەبەرایەتییە نەیتوانى زوو چارەیان بکات و یا خەسارەکانیان کەم بکاتەوە.

خەڵکى مەهاباد کە زیاتر لە ٥٠ هەزار کەسن، ڕووبەڕووى پشتگوێخستنى تەواو بوونەتەوە و کۆمارى ئیسلامى بەردەوام خەریکى میلیتاریزەکردنى شارەکە و دزینى ئاسەوارە کۆنەکانى ئەم ناوچەیەیە و بیر لەوە ناکاتەوە کە خەڵکى شار بە هۆى ژیانیان لە شوێنە بەرزز و باڵەخانە بڵیندەکان گیانیان لە مەترسیدایە، چونکە هەم لە ڕووى ستاندارەوە زۆر لاوازن و هەم لە بوونى کارەساتێکدا هیچیان بۆ ناکرێت.

کۆمارى ئیسلامى کەمترین بودجەى بۆ تەنگەتاوێ و ناوچە کوردستانییەکان تەرخان کردووە، ئەمە لە کاتێکدایە کە بەردەوام پارە و بودجە و چەکى ناردووە بۆ تیرۆریستەکانى خۆى لە یەمەن و سوریە و لوبنان و عێراق و سوریە و خەڵکەکەى خۆشى پشتگوێ خستووە!