Skip to main content

کۆماری ئیسلامی بۆ هەڵاتن لە قەیران بە هیوای هەڵایساندنی  شەڕە

کۆماری ئیسلامی بۆ هەڵاتن لە قەیران بە هیوای هەڵایساندنی  شەڕە
دەسەڵاتدارانی ئەمریکا نیگەرانی ئەوەن تاران لە هەوڵی هەڵایساندنی شەڕێکی ناوچەیی گەورەدا بێت
posted onDecember 8, 2018
nocomment

 

گۆڤاری ئەنتەڕنێتی واشنتۆن فری بیکن لە ڕاپۆڕتێکدا بڵاوی کردووەتەوە ئێران دەستی هەبووە لە درووستکردنی چەندین تونێل بۆ نێو خاکی ئیسرائیل کە میلیشیاکانی حیزبوڵا و گرووپە تیرۆریستییەکانی دیکە بۆ هێرش بۆ سەر ئیسرائیل بە کاری بێنن.

 

بەرپرسانی ئەمریکایی شارەزا لەسەر ئاشکرا ردنی تونێل لەم حەوتویەدا گووتبوویان چالاکییەکانی پێوەندیدار بە درووستکردنی تونێل لە ماوەی ڕابڕدودوا لە لایەن چوار گرووپی تیرۆریستی بە خێرایی ڕوو لە زیاد بوونە. حیزبوڵا و حەماس چەندن ساڵە کەڵک لەو تاکتیکە وەردەگرن بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆسەر قوڵایی خاکی ئیسرائیل دژ بە خەڵکی سڤیل و سەربازى ئەو وڵاتە.

چالاکی لە نێو بردنی ئەو تونێلانە بە ماوەیەکی کەم دوای دیداری مایک پەمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە پەراوێزی دانیشتنەکانی بروکسێلدا دەستی پێ کرد.

کاتی ئەنجامدانی ئەو هێرشانە نیشاندەری هاوئاهەنگی قوڵی ئیسرائیل لەگەڵ دەوڵەتی ترامپە. دەوڵەتی ترامپ دەڵێ لە هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ ناکامهێشتنەوەی دەزگای تیرۆری ئێران لە پەنا ئیسرائیل دەمێنێتەوە.

سیناتۆری کۆماریخواز تێد کروز گووتی: بوونی ئەو تونێلانە ئەوەمان پێ دەڵێ کە کۆماری ئیسلامی پارە دەستبەسەرداگیراوەکانى دوای لاچوونی گەمارۆکان لە سەردەمی ئۆبامادا بۆ کاروباری نیزامی بەکار هێناوە.  وتەبێژی تێد کروز دەڵێ: سیناتۆر کروز شەپۆلی درووستکردنی ئەو توونێلانە بە وردی دەخاتە ژێر چاوەدێری.

برایان هوک، دەسەڵاتداری پلەبەرزی کاروباری ئێران لە دەوڵەتی ترامپدا سەبارەت بەو تونێلانە دەڵێ: لێدانی تونێل لە سنوورەوە بۆ وڵاتێکی دیکە لە لایەن حیزبوڵا نمونەیەکی دیکەی سیاسەتی دەرەکی شۆڕشی ئێرانە کە پاوانخوازانە و تێکدەری سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. تونێلەکان تەنیا بەشێک لە دەستێوەردانە سەربازییە قەیرانخوڵقێنەکانی ئێرانە لە سەرتاسەری دونیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سوریە و یەمەن.

کۆماری ئیسلامی لە حەوتوەکانی ڕابڕدوو چەندین مووشەکی درێژماوەی کە توانایی هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمیان هەبوو تاقی کردەوە کە دەتوانێت ئیسرائیل و ئەوروپا بکاتە ئامانج. هێزە ئەمنییەکانی ئێران درێژەشیان داوە بە گێچەڵپێکردن بە پاپۆڕە ئاوییەکانی ئەمریکا لە کەنداوی فارس و هەڕەشەکردن بەوەی گەرووی هورموز دادەخەن.

دەسەڵاتدارێکی پلە بەرزی ئەمریکایی کە بەرپرسی کاروباری ئیسرائیلە بە ئاماژەکردن بەوەی درووستکردنی ئەو تونیلانە چەندین ساڵ کاری بۆ کراوە گووتی: کاتێک ئەو ڕووداوە تێکەڵ بکەینەوە بە چالاکییەکانی حەماس لە غەزە و ئەو شتانەی لە ئێران و سوریە ڕوودەدات، هیچ ئەنجامێک بێجگە لەوە ناتوانین وەرگرین کە ئێران وێڕای درووستکردنی شەڕێکی بێ دەنگ دژی ئیسرائیل خەریکی خۆ تەیارکردنیشە بۆ شەڕێکی ناوچەیی گەورە.

وا پێشبینی دەکرێت حیزبووڵا لانیکەم ١٢٠٠٠٠ موشەکی لەدەست دابێت کە بە هاوکاری ئێران ئاستی پێکانیان یەکجار چووەتە سەرێ.