Skip to main content

دوبەى دەروازەکانى بە ڕووى ئێران دادەخات

دوبەى دەروازەکانى بە ڕووى ئێران دادەخات
پابەندبوون بە سزاکان مانای وایە کۆمپانیا ئیماراتییەکان خۆیان تووشى گێچەڵ لەگەڵ ئەمریکا ناکەن
posted onNovember 22, 2018
nocomment

 

بۆ دەیان ساڵ بازاڕی مورشید پڕە لە زنجیرە مارکێت و ڕێستۆڕانتەکان، کە زۆرینەى لافیتەکانى بەزمانى فارسی نووسراون و بەناوەندێکى بازرگانى بچووک دادەنرێت بۆ کۆمارى ئیسلامی ئێران، کە دەکەوێتە ناوچەیەکى تەسکى شاری دوبەى ئیماراتی.

 

بەڵام ئەو وێنەیەى کە ساڵانێکى زۆرە پڕ بوون لە کڕیاران و کاڵاى نوێ، خەریکە چالاکییە گرنگەکانى خۆى لەدەست دەدات و، بەپێی ئامارێکى ئەو بازاڕە سەدا ١٠ مارکێتەکان دەرگاکانى خۆیان داخستووەو، تابلۆى "بۆ کرێ" لەسەر هەڵواسراوە. هۆکارەکەش بۆ لاوازی بازرگانە ئێرانییەکان دەگەڕێتەوە، کە ئێستا لەلایەن هیندی و پاکستانییەکان جێگەیان دەگیردرێتەوە.

لەماوەى ڕابردوو دوبەى بازنەى بەستنەوەى سەرەکیی ئێران و جیهانى دەرەوە بوون، بەڵام ئێستا جووڵەى هەردوو لایەن بەرەو لاوازیی چوون، بەتایبەت لەدواى سەپاندنى سزا ئابوورییەکانى ویلایەتە یەکگرتووەکان بەسەر کۆمارى ئیسلامی، کە کاریگەرى نەرێنى لەسەر جوڵەى تاران کردووە درێژە بە بازرگانى لە زۆربەى ناوچەکان بدات. ئەم هەفتەیە حکومەتى دوبەى پابەند بوونى خۆى بەتەواوى سزاکانى واشنتۆن بەرامبەر تاران نیشانداوە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت " پاشەکشێیەکى نوێتر لە بازرگانى لەگەڵ ئێران دروست دەبێتەوە".

لەلایەن خۆیەوە عەبدوڵا ئال ساڵح، بریکارى وەزارەتى ئابوورى بۆ کاروبارى بازرگانى دەرەوەو پیشەسازی ڕایگەیاند "ئێمە سزاکان جێبەجێ دەکەین و سەرجەم دەسەڵاتەکانیش پابەندی خۆیان نیشان داوە". دووپاتی دەکاتەوە "پابەندبوون بە سزاکان مانای وایە کۆمپانیا ئیماراتییەکان، خۆیان تووشى گێچەڵ لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان دروست ناکەن و، ئیماراتیش بەدواى پتەوکردنى بازرگانى لەگەڵ بازاڕەکانى دیکە دەگەرێت بەتایبەت لە ئەفریقاو ئاسیا، بۆ قەرەبووکردنەوەى کاریگەرى سزاکان بەسەر ئابوورییەکەیان".

ئەو سزایانەى کوشکی سپی کە بە دوو قۆناغ جێبەجێ کراون، لە سەرەتاى ئابی ڕابردوو و تشرینى دووەم (پووشپەڕ و گەڵاڕێزان) چوونەتە بوارى جێبەجێکردنەوە، کۆمەڵێک کەرتى ئابوورى گرتەوە بەتایبەت "بەهای تمەن، ئۆتۆمبێل، پیشەسازی و کەرتەکانى نەوت و وزەو بانکەکان"، هەروەها کاریگەریشى لەسەر بازرگانى زەعفەران و جلوبەرگ و خۆراکى دروستکراوى ئێرانی کردووە. هەرچەندە کەرتەکانى کۆتایی لەنێو سزایەکاندا نین، بەڵام بە هۆى داڕمانى سەدا ٧٥ بەهاى دراوی نیشتیمانى ئێرانى، ناتوانرێت مامەڵەیەکى سەقامگیر بەو کاڵانە بکرێن.

هاوکات زۆربەى بانکەکانى ئێمارات مامەڵەکردنیان لەگەڵ ئێرانییەکان هەڵپەساردووە، لە ترسی کەوتنە نێو ڕێکارە یاساییەکانى واشنتۆن، کەهەڕەشەی لەسەرجەم وڵاتان کردووە " لە سەرپێچیکردنى سزاکانى لایەنەکان ڕووبەرووى هەمان سزا دەبنەوە". بەو هۆیەوەش بازرگانیکردن لەگەڵ ئێران مەترسییەکى گەورەى بە دواى خۆیدا دەهێنێت، هیچ لایەنێک نایەوێت باجی قورسی ئەو بازرگانییە بدات.

لەو بارەیەوەش ئەفتاب حەسەن، ئەندامى ئەنجومەنى بازرگانى ئێرانى لەدوبەى ئاشکراى دەکات "خاوەن موڵکەکان، لەبازاڕ کرێی لێخۆشبوونی دوو مانگ دەخەنە بەردەم کرێچییە پێشنیارکراوەکان". باسى لەوەش کردووە "زۆربەى ئێرانییەکان مارکێتەکانى خۆیان داخستووە"، هۆکارەکەشى بۆ ئەوە گەڕاندەوە بازرگانیکردن لەو ڕەوشەى ئێستادا زۆر ئاڵۆزبووەو، ئەستەمە بتوانن درێژە بەکارەکانیان بدەن.

دوبەى ناوەندێکى باشە بۆ ئاڵوگۆڕى بازرگانى نێوان وڵاتان و ئێران، کەچى ئێستا بە هۆى گەمارۆکانەوە ئەوەش لە کەمى داوە!

دوبەى ناوەندێکى باشە بۆ ئاڵوگۆڕى بازرگانى ئێران و وڵاتان، کەچى ئێستا بە هۆى گەمارۆکانەوە ئەوەش لە کەمى داوە!

 

بایکۆتیەکانى بانکەکانى ئەبو زەبی، جگە لەوەى بازرگانە ئێرانییەکانى لەسوود وەرگرتن بێبەش کردووە، مەترسییەکى گەورەتریشى دروست کردووە، ئەویش هەڵپەساردنى گەورەترین جووڵەى گواستنەوەى کاڵاى جیهان بۆ نێو بازاڕى ئێران، کە لە ڕێگەى بەندەرەکانى دوبەى ئەنجام دەدەرێن، کە زۆرترین کاڵاى ئۆتۆمبێل و پارچەى یەدەگ و، ئامێرە ئەلیکترۆنییە بەکاربەران و ئامێرەکان و شووشەو بەرهەمى پلاستیک دەگوازنەوە.

سەندوقى نەختى نێودەوڵەتى ڕوونی دەکاتەوە "سەدا 29 ـى هاوردەکانى ئێران کە بەهاکەى لە ساڵى ڕابردوو ٧١.٥ ملیار دۆلار بووە، لە ؤێگەى ئیماراتەوە گواستراونەتەوە، زۆرینەشى لە ڕێگەى دوبەى بووە، کە هیچ زانیارییەک لەو بارەیەوە ئاشکرا ناکات". ئابووریناسێکى ئێرانیش دەڵێت "لاوازکردنی تمەن، کە بەهۆى سزاکانەوە ڕووی دا، زیانى بەجوڵەى بازرگانی داوە، چونکە تاران بەهۆى بەرزبوونەوەى تێچووەکان کەمی کردووەتەوە".

مهرداد عیمادی، سەرۆکى بەشى شیکردنەوەى مەترسییەکانى وزە لەکۆمپانیاى بیتاماترێکسی ڕاوێژکاری لەشارى لەندەن، جەختى لەوەش کردووەتەوە "کاتێک داڕمانێکى گەورەت لەبەهاى دراو لەبەردەست بێت، ئەوا نرخى کاڵاى هاوردەکراو بەرز دەبنەوە، هاوکات کرێش بەهەمان خێرایی بەرز نابنەوە، بۆیەش خەڵک ناچار دەبن خەرجییەکانیان کەم بکەنەوە".