Skip to main content

کەرکوک خاڵى قەرەبووى ئەمەریکایە دژى ئێران

کەرکوک خاڵى قەرەبووى ئەمەریکایە دژى ئێران
نەوتى کەرکوک بە کۆنترۆین و گەورەترین کێڵگەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست دادەنرێت
posted onNovember 17, 2018
nocomment

 

لەدواى ئەوەى سزاکانى ویلایەتە یەکگرتووەکان دژى کۆمارى ئیسلامی ئێران لە ٥ تشرینى دووەم (١٤خەزەڵوەر) چوونە بوارى جێبەجێکردنەوە، عێراق هەوڵ دەدات سوود لەو پرۆسەیە وەربگرێت و قەرەبووى کەمبوونەوەى نەوتى تران وەربگرێت.

 

گرنگترین ئەو هەوڵانەش لەبەردەم بەغدا دایە، دەستپێکردنەوەى هەناردەکردنى نەوتى کەرکوکە لە ڕێگەى هەرێمى کوردستانەوە بۆ بەندەرى جەیهانى تورکی، کە سەرووى ساڵێکە ڕاگیراوە. ئەمەش لە کاتێکدایە لەسەرەتاى ئەم مانگەوە حکومەتى عێراق لەرێگەى وەزارەتى نەوت هەناردەکردنى نەوتى شارەکەى بۆ ئێران ڕاگرتووە. حکومەتى ناوەندی عێراق لە ئایار ڕابردووەوە (تەمووز) "بەرێوەبردنى کێڵگە نەوتییەکانى کەرکوک لە ڕێگەى گرێبەستە دواخراوەکانى لەگەڵ کۆمپانیاى بریتیش پیترۆلیۆمی BP بەریتانی پتەوتر کرد".

بەغدا پلانى داڕشتووە لە چەند ساڵى داهاتوو ووزەى هەناردەکردنى بگەیەنێتە سنوورى ٨.٥ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، کە ئێستا ئاستى بەرهەمهێنانى لە سەرووى چوار ملیۆن بەرمیلە. پێش ڕاگرتنى هەناردەکردنى نەوتى شارەکە ڕۆژانە لە ڕێگەى بۆڕییەکانى هەرێمى کوردستانەوە ٣٠٠  هەزار بەرمیلی ڕەوانەى بازاڕەکان دەکرد، ڕاگرتنیشى زیانێکى هەشت ملیار دۆلاری بەخەزێنەى دەوڵەت گەیاندووە.

هەرچەندە زۆربەى پرۆسەى هەناردەکردنى نەوتى ئێستای عێراق لە ڕێگەى کێڵگەکانى باشوورەوەیە، بەڵام نەوتى کەرکوک بە کۆنترۆین و گەورەترین کێڵگەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست دادەنرێت و، بەو هۆیەوەشە کۆشکى سپی چاوی خستۆتە سەر ئەو ناوچەیە بۆ ئەوەى لەوێوە فشارەکانى بۆ سەر تاران تووندتر بکات. واشنتۆن دەیەوێت بژاردەى نەوتى کەرکوک بۆ یارمەتیدانى بازاڕەکان بۆ پڕ کردنەوەى کەمبوونەوەى خستنەرووى نەوتى ئێران قەرەبوو بکاتەوە، کەلەدواى سەپاندنى سزایەکانی لە ٢.٨ ملیۆن بەرمیل لەرۆژێکدا بۆ ١.٦ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا دابەزیوە.

ئیدارەى دۆناڵد ترامپ، سەرۆکى ئەمریکا فشارى خستۆتە سەر بەغدا سەرجەم کاروانە نەوتییەکانى کەرکوک بۆ ئێران ڕابگرێت و، دووبارە لە ڕێگەى هەرێمەوە نەوت ڕەوانەى تورکیا بکات. بۆ ئەو پرسەش هەردوو حکومەتی بەغداو هەولێر پێویستیان بەدانووستاندن و لێکگەیشتنى سیاسی و ئابوورى هەیە، تاوەکو پرۆسەکە دووبارە دەست پێ بکاتەوە.

لە پاڵ ئەوەى بەغدا گرێبەستى لەگەڵ BP واژۆ کردووە، بەڵام کوردەکانیش پێش کۆنترۆڵکردنەوەى شارەکە لەلایەن حکومەتى عێراقەوە گرێبەستیان لەگەڵ ڕووسنەفتى ڕووسى کردبوو، ئەمەش تەنگەژەیەکى دیکەیە بۆ حکومەتەکەى بەغدا تاوەکو چارەسەریان بکات. سەرەڕاى پێویستییەکانى عێراق بەغازی ئێرانى بۆ بەگەڕخستنى وێستگەکانى کارەبا، بەڵام کەمتر لە ٤٠ ڕۆژى لەبەردەمە بەدواى سەرچاوەیەکى دیکەى غاز بگەرێت، ئەگینا دەکەوێتە بەر شاڵاوی سزاکانى واشنتۆن.

ئەمەش لە داهاتوو ئاڵۆزییەکانى تاران تووندتر دەکات و، بارگرانى زیاتریش بۆ کەرتى وزە و نەوتەکەى دروست دەبێت، کە کۆشکی سپی دەیەوێت بیگەیەنێتە ئاستى سفر.