Skip to main content

پاک هێزێکی نیشتمانى ڕاگەیاند.. بەڵام کەس دڵى پێى خۆش نییە!

پاک هێزێکی نیشتمانى ڕاگەیاند.. بەڵام کەس دڵى پێى خۆش نییە!
AvaToday caption
posted onJune 2, 2020
nocomment

بەشێکى ڕاپۆرت لە سکاى نیوزى عەرەبی وەرگیراوە.

 

هێزی میللی کوردستانی که چەند ڕۆژ لەمەوپێش لە لایەن پارتی ئازادی کوردستان ـەوە ڕاگەیێنرا، ژمارەیان ٣٠٠٠ کەسە و وەک سەرۆکى پاک دەڵێت "هیچ پەیوەندییەکیان بە پارتى ئازادى کوردستانەوە نییە".

ئەو هێزە خۆى بە درێژەدەرى ڕێگەى قازى محەمەد دامەزرێنەرى یەکەمین کۆمارى کوردستان لە مەهاباد دەزانێت کە ئامانجى سەرەکى دامەزراندنى هێزى نیشتمانى کوردستان، دروستبوونى هێزێکى سەربازى و چەکبەدەستى کوردییە دوور لە ئایدۆلۆژیاى حیزبی.

بە قسەى ئەردەلان خوسرەوى فەرماندەى ئەم هێزە دروست بووە کە خۆشى یەکێکە لە فەرماندەکانى پارتى ئازادى کوردستان، "دەرگا کراوەیە بۆ وەرگرتنى ئەندام لەم هێزە و هیچ پێشمەرجێک لەگۆڕێدا نییە و دەرگاش بۆ گشت پارتە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکان کە خاوەن هێزى سەربازین کراوەیە"، ئەمە لە کاتێکدایە کە خودى ئەندامگیرى و هێشتنەوەى ئەندامەکان لە نێو پارتى ئازادى کوردستان گومان و ڕەخنەى لەسەرە و پێشتر لە لایەن چەندین میدیاى سەربەخۆ و حزبییەوە ڕەخنەى لێ گیراوە.

چاودێرێکى سیاسى بە تۆڕى میدیایی ئاڤاتودەى ڕاگەیاند: "سەرەتا هاودژى وتەناقوزێکى گەورە هەیە لە نێوان دامەزراندنى ئەم هێزە بەناو نیشتمانییە، چونکە بەر لە هەر شتێک خۆى لە لایەن حزبێکى سیاسییەوە دامەزراوە بۆیە ئیتر لێرەدا بێ مانایە کاتێک کە سەرۆکى پارتى ئازادى کوردستان دەڵێت ئەمە هێزێکى نیشتمانییە و دوورە لە ئایدۆلۆژیاى حیزبی، چۆن دەکرێت هێزێک دامەزرێت بە جلوبەرگ و لۆگۆ و ئامانج و ئەندامانى حیزبێک و دواتر بڵەیت بەدوورە لە ئایدۆلۆژیاى حزبی"، ئەم چاودێرە سیاسییە باسیشى لەوە کرد کە جارێ کێشەى گەورەى حزبەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان قبوڵنەکردنى یەکترى و ئاغاواتییە بە جۆرێک کە کەس خۆى لەویتر بە بچووکتر نازانێت و هەر یەکەى بە هەوایەک قسە دەکات کە ئەمەش هۆکار بووە بۆ پەرتەوازیى ئۆپۆزسیۆنى کورد لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان، "ئیتر ئێستا چۆن دەکرێت هێزێکى بەناو نیشتمانى لە لایەن حیزبێکەوە دابنرێت و بە حیزبەکانى دیکە بڵەیت فەرموون هێزەکانى خۆتان بهێننە نێویەوە، ئەمە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ لۆجیک و تیۆرى سیاسى هیچ هێزێک وێک نایەتەوە و یەک ناگرێتەوە".

ئەندامێکى باڵاى حزبێکى ڕۆژهەڵاتى کوردستان کە نەیویست ناونیشانى خۆى و حیزبەکەى بڵاو بکرێتەوە بەڵام لاى ئاڤاتودەى پارێزراوە، باسى لەوە کرد کە "ئەم کارەى پارتى ئازادى کوردستان گاڵتەجاڕی و فریودانێکە" و گاڵتەجاڕییەکەى بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە "کێ هەیە لە دونیاى ئێستادا هێزەکەى خۆى بخاتە ژێر چەترى هێزى حیزبێکى چکۆڵەى وەک پاک ـەوە" و فریودانەکەشى بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە "پاک مێژوو و ڕابردوویەکى خاوێنى سەبارەت بە ئەندامگیرى نییە و زۆرێک لە ئەندامەکانى ناتوانن تەنانەت دایک و باوکیشیان ببینن و یا دەستبەردارى حیزبەکە بن و سەلمێنراویشە کە ئەو حیزبە کچان بۆ فریودانى لاوانى ڕۆژهەڵات بەکار دەهێنن بۆ ئەوەى بیانکێشنە نێو خۆیانەوە، ئیتر ئێستا چۆن دەکرێت هێزێک بە نیشتمانى هەژمار بکرێت لە کاتێکدا لەسەر ئەساسى فریودان دامەزراوە".