بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

‏ هۆشداری یونیسێف: کەمئاوی و وشکەساڵی گەیشتووەتە قۆناغێکی مەترسیدار

‏ هۆشداری یونیسێف: کەمئاوی و وشکەساڵی گەیشتووەتە قۆناغێکی مەترسیدار
AvaToday caption
posted onMarch 23, 2020
noبۆچوون

یونیسێف ڕێکخراوی داکۆکی لە منداڵانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند ٤٠ لەسەدی خەڵکی جیهان واتە سێ ملیار کەس دەستیان بە ئاوی خاوێن ڕاناگات و ناتوانن دەستیان بە سابون بشۆنەوە. ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە بۆنەی ٢٢ مارس ڕایگەیاندووە ملیارەها ئینسان لە جیهان لە ماڵەکانی خۆیان ئاوی خاوێنیان نییە.

 

کریستیان شنایدر سەرپەرسشتی نووسینگەی یونیسێف لە ئاڵمان دەڵێ: دەستپێراگەیشتن بە ئاوی خاوێن گرینگترین ئامرازی ڕووبەڕوو بوونەوەی ڤایروسی کۆڕۆنایە بەڵام ئەمڕۆکە بە ملیۆن ئینسان لە نێو کەمپەکان پڕ لە خەڵکی ئاوارە یان لەو ناوچانەی شەڕیان تێدایە وەک سوریە و بەنگلادیش و یونان لە پاکوخاوێنی و ئاوی خاوێن بێبەشن.

بە پێی سەرچاوەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سێ لەسەر چواری خەڵکی وڵاتانی پەرەنەسەندوو لە ماڵەکانیان ناتوانن بەشێوەیەکی ڕێک و پێک دەستیان بشۆن. لە وڵاتانی هەژار نیوەی قوتابخانەکان واتە نیزیک بە ٩٠٠ ملیۆن قوتابی ئاوی خاوێن و سابونیان نییە. زیاتر لە یەک لەسەر سێی قوتابخانەکان لەسەر ئاستی جیهان و نیوەی قوتابخانەکان لە وڵاتانی هەژار قوتابیەکانیان هیچ دەرفەتێک بۆ شۆردنی دەستەکانیان نییە و زۆربەی ناوەندە دەرمانیەکان توالێتیان نییە.

بە پێی ئەو ڕاپۆرتەی ڕۆژی یەکشەممە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئاو بڵاوی کردەوە، گۆڕانی کەش و هەوا بە شێوەیەکی مەترسیدار ڕێژەی ئاوەکانی کەم و بێ کوالێتی کردووە. بەکارهێنانی ئاو بە جیاوازی لەگەڵ سەد ساڵی پێش شەش بەرابەر بووە. زیادبوونی حەشیمەت و پەرەسەندنی ئابوری و گۆڕینی کرداری ڕۆژانەی خەڵک ساڵانە ١ لەسەد ئاوی بەکارهاتوو دەباتە سەرێ.

لە سەرتاسەری جیهان ٩٠ لەسەدی زێرابەکان بە جێگەی دووبارەبەکارهێنان بەیەکجاری بە فیڕۆ دەچن و سەرچاوەکان بۆ هەمووکات لە کیس دەچن.

بەچوونە سەری پلەی گەرمی و کەمبوونەوەی ئۆکسیژێنی لە ئاسمان و نێو ئاوەکان، چووم و دەریاکان خاوێن نابنەوە و ئەوەش دەبێتە هۆی درووستبوونی شەپۆلێک نەخۆشی مەترسیدار.