بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

تویتێکى ئەمەریکا دژى ئێران عێراق توڕە دەکات

تویتێکى ئەمەریکا دژى ئێران عێراق توڕە دەکات
posted onNovember 4, 2018
noبۆچوون

ویلایەتە یەکگرتووەکان لەرێگەى باڵیۆزخانەى خۆى لەبەغدای پایتەختى عێراق داواى لەرژێمى کۆمارى ئیسلامی ئێرانی کردووە " رێز لەسەروەرى عێراق بگرێت و، دەست وەرنەداتە کاروبارى سیاسی و ئەمنی ئەو وڵاتە".

لەبەرامبەریشدا وەزارەتى دەرەوەى حکومەتى بەغدا ڕەخنەى لەلێدوانەکانى ئەو باڵیۆزخانەیە گرتووەو، پێی وابووە ئەوە " دەستێوەردانە لەکاروباری ناوخۆییان".

باڵیۆزخانەى واشنتۆن لەتۆڕی تویتەر بڵاویکردۆتەوە " شەش رۆژ ماوە بۆ وادەى کۆتایی سەپاندنی سزایەکان، ئەمەش داواکاری شەشەمە، بۆ ئەوەى رژێمى ئێران وەک دەوڵەتێکى ئاسایی مامەڵە بکات".

لەهەمان نووسیندا کەلەزنجیرەیەک نووسین پێکهاتووە نووسیویەتى " پێویستە رژێمى ئێرانى رێز لەسەروەرى حکومەتى عێراقی بگرێت و، رێگە بدات میلیشیا تایفیەکان لەچەک راماڵێن و ڕەوانەى ماڵەوە بکرێنەوە یاخود تێکەڵ بکرێنەوە".

بەڵام وەزارەتى دەرەوەى عێراق لەراگەینراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات " ئەوە دەستێوەردانە لەکاروبارى ناوخۆیی بەغدا"، کە بەرگرییەکى روونى ئەو وەزارەتەیە لەمیلیشیا نزیکەکانى ئێران لەخاکەکەى.

بڕیارە بەرەبەیانى دووشەممە سزاکانى واشنتۆن دژى تاران بچنە بوارى جێبەجێکردنەوەو، ئابلووقە بخرێتە سەر کەرتى ووزەو نەوت و بانکی ناوەندی ئەو وڵاتە، ئەمەش مەترسیی لەنێوخۆى بەغدا دروستکردووە، چونکە زۆربەى پێداویستیەکانى خۆى لەئێرانەوە هاوردە دەکات، بەتایبەت غازی سروشتى بۆ بەگەڕخستنى وێستگەکانى کارەبا.

تەنانەت وەزارەتى دەرەوەى عێراق داواى لەباڵیۆزخانەى ئەمەریکا کردووە " ئەو تویتە بسڕێتەوە".

هەریەک لەواشنتۆن و تاران لەدواى ٢٠٠٣ ـەوە، ململانێیەکى تووند لەگۆڕەپانى عێراقی ئەنجامدەدەن و، هەوڵ دەدەن، ئەو وڵاتە بۆ بەرەى خۆیان رابکێشن.

چاودێرانى سیاسی پێیان وایە " عێراق لەدواى رووخاندنى رژێمەکەى سەدام حوسێن، بەتەواوەتى کەوتۆتە ژێر کاریگەرى دەسەڵاتەکانى ئێران و، لەلایەن بەرپرسە سەربازییەکانى تارانەوە بەتایبەت قاسم سولەیمانى، فەرماندەى سوپاى قودس بەرێوەدەبردرێت".

هەرچەندە میلیشیا شیعیەکانى عێراق لەپاڵ هێزە ئەمەریکییەکان شەڕى دژى داعشیان ئەنجامداوە، بەڵام واشنتۆن سوورە لەچەک داماڵینیان یاخود تێکەڵکردنیان لەنێو دامەزراوەى سەربازیی فەرمیی عێراقدا، بۆ ئەوەى کاریگەرییان لەسەر رێڕەوی سیاسی بەغدا نەبێت و، لەلایەن ئێرانیشەوە وەک کارتى فشار هاوشێوەى حزبوڵلای لوبنانى بەکارنەهێنرێت.

بەرپرسانى حکومەتى بەغدا لەبارەى سزاکانى ئەمەریکاوە ئاشکرایان کردووە " واشنتۆن لایەنى عێراقی ئاگادار کردۆتەوە، بەوەى دەتوانن درێژە بەهاوردەکانیان لەگەڵ ئێران بدەن، بەمەرجێک سەرجەم مامەڵەکانیان بەدۆلاری ئەمەریکى نەبێت".

هەرچەندە بەرپرسانى بانکی ناوەندی لەئابی رابردوو جەختى لەوە کردبوویەوە " پەیوەندییە ئابوورییەکانیان لەگەڵ ئێران ئەوەندە بەهێزە، ناتوانن ملکەچى سەرجەم سزاکانى ئەمەریکا بن"، بەڵام حکومەت ئامادەیی نیشاندا بەوەى پابەندی بڕیارە نێودەوڵەتیەکان بەرامبەر ئێران دەبن.