بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ئەمریکا بۆ دادگای لاهە: سکاڵای ئێران بۆ گەڕانەوەی پارەکانى قەبوڵ مەکە

ئەمریکا بۆ دادگای لاهە: سکاڵای ئێران بۆ گەڕانەوەی پارەکانى قەبوڵ مەکە
وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ساڵی ٢٠١٦ دەستی بەسەر دوو میلیار دۆلارى بانکی ناوەندی ئێران داگرت
posted onOctober 8, 2018
noبۆچوون

 

وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ساڵی ٢٠١٦ دەستی بەسەر دوو میلیار دۆلارى بانکی ناوەندی ئێران داگرتبوو و وەک قەرەبووی کوژرانی سەربازەکانی لە ساڵی ١٩٨٣، دابووی بە بنەماڵەی سەربازە کوژراوەکان کە ژمارەیان ٢٤١ کەس بوو.

 

ئاسۆشێتد پرێس لەو بارەوە ڕایگەیاندووە رۆژی دووشەممە ١٦ی ڕەزبەڕ قۆناغێکی نوێ لە پێڕاگەیشتن بە سکاڵای ئێران لە دادگای نێونەتەوەیی لاهە دەستی پێ کرد. کۆماری ئیسلامی بە هۆی زەوتکرانی ٢ میلیار دۆلار لە لایەن ئەمریکاوە لەو دادگایەدا سکاڵای لەسەر ئەمریکا بۆ گەڕانەوەی ئەو بڕە پارەیە تۆمار کردووە.

 

ڕیچارد ویسک، پارێزەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە دانیشتنی ئەوڕۆی دیوانی لاهەدا داوای لەو دادگایە کرد کە سکاڵاکەی ئێران ڕەد کاتەوە. ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا گووتی "ئێران وڵاتێکە واشنتۆن بە ساڵیانە وەک وڵاتێکی پشتیوانیکەری تیرۆریزم ناوی دەبات".

 

لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمب لە بارەگای هێزی دەریایی ئەمریکا لە بەیرووت لە ساڵی ١٩٨٣ دا ٢٤١ سەربازی ئەمریکایی کوژران. ڕێکخراوی جیهادی ئیسلامی بەرپراسایەتی ئەو تەقینەوەی خەستە ئەستۆی خۆی بەڵام قامکی تاوان جارێکی دیکە بۆلای کۆماری ئیسلامی و بە تایبەت خومەینی ڕاکێشرا.

 

 هەر لە پێوەندی لەگەڵ ئەو تەقینەوەدا ئاژانسی تەناهی نێونەتەوەیی ئەمریکا پێوەندی نێوان ئیتلاعات و عەلی ئەکبەر موحتەشەمی پوریان ئاشکرا کردبوو کە تێیدا فەرمان بە موحتەشەمی پور دەدرێت بە هاوکاری گروپی "آمل ئیسلامی" حەڕەکەتێکی گەورە لە دژی سەربازانی هێزی دەریایی ئەمریکا بکەن.

 

ڕویس لۆمبێرت دادوەری لقی کۆلۆمبیای ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣ دا ئێرانی بە پاڵپشتیکەری ماڵی و لۆجێستێکی حیزبوڵای لوبنان زانی و بڕیاڕی دا بە سزادانی ئێران بە ٢/٦ میلیار دۆلار بۆ قەرەبووکردنەوەی خەساروێکەوتووانی ئەو هێرشە.