محەمەد حەلبووسى کە تەمەنى ٣٦ ساڵە و لەدایکبوونى ساڵى ١٩٨٢ى زایینییە و پارێزگارى ئەنبار بوو و سووننە مەزهەبەە، بە ١٦٩ دەنگ لە کۆى ٢٩٨ دەنگ بووە سەرۆکى پەرلەمانى عێراق، ئەمە لە کاتێکدایە خالید عوبەیدى وەزیرى پێشووى بەرگرى عێراق بە ٧٠ دەنگ نەیتوانى ببێتە ئەندام پەرلەمان.
ئەحمەدى حاجى ڕەشید، ئەندام پەرلەمانى کورد لە بەغدا تایبەت بە دەزگاى میدیایی ئاڤاتودەى گوتى "حەلبووسى کەسێکى زیرەک و سیاسییەکى بوێرە. ئەم پیاوە سیاسییە دەتوانێت یارى بکات و یاریکەرێکى بەتوانایە".
هاوپەیمانى سائیرون و فەتح و میحوەرى نیشتمانى ڕێککەوتوون لەسەر هەڵبژاردنى حەلبووسى
ئەحمەد حاجى ڕەشید باسیشى لەوە کرد کە "ئەگەرى هەیە جێگرى یەکەمى پەرلەمان لە هاوپەیمانى سائیرون بێت و بۆ جێگرى دووەمیش کە پشکى کوردە سێ کانید هەیە، بەندە و دوکتۆر موسەننا ئەمین و دکتۆر بەشیر حەداد" کە ئەحمەدى حاجى ڕەشید لە کۆمەڵى ئیسلامى و دوکتۆر موسەننا ئەمنین لە یەکگرتووى ئیسلامى و دکتۆر بەشیر حەداد لە پارتى دیموکراتى کوردستانن.
شایەنى باسە هەڵبژاردنى حەلبووسى بۆ سەرۆکى پەرلەمان، لە چوارچێوەى ڕێککەوتنى سیاسى نێوان هاوپەیمانى سائیرون و هاوپەیمانى فەتح و میحوەرى نیشتمانى بووە و بڕیارە ئەمڕۆ سەرۆکى پەرلەمانى نوێ کەسێک بۆ سەرۆککۆمارى عێراق دەستنیشان بکات کە پشکى کوردە و ئەویش ئەرکى ڕاسپاردنى گەورەترین فراکسیۆنى پەرلەمانى بۆ دەستنیشانکردنى سەرۆکوەزیرانى لە ئەستۆیە و ئێستا پەرلەمانى سەرقاڵى هەڵبژاردنى جێگرەکانى سەرۆکى پەرلەمانە.