بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

نەوتهەڵگرەکەی ئێران بۆ لە جەبەل تارق دەستی بەسەرداگیرا؟

نەوتهەڵگرەکەی ئێران بۆ لە جەبەل تارق دەستی بەسەرداگیرا؟
AvaToday caption
نەوتهەڵگرەکە بۆ گەیشتن بە سووریا، بۆ ئەم ڕێگایەی هەڵبژارد؟
posted onJuly 7, 2019
noبۆچوون

 

ڕاگرتنی نەوتهەڵگری "گریس-۱" لە جەبەل تارق کە هەندێ لە میدیاکانی ئێران بە نێوی "گەورەنەوتهەڵگر" نێوی دەبەن، ئەم پرسیارە دەخاتە بەردەست کە بۆ ئەم نەوتهەڵگرە بۆ گەیشتن بە سووریا ڕێگایێکی پێواوە کە سێ هێندەى ڕێگا ئاساییەکەیە و لەبری ۳٥۰۰ مایل لە زەریا  دەبێ ۱۲ هەزار مایل بپێوێت؟

 

بەشێوەی ئاسایی کەشتی و نەوتهەڵگرەکانی ئێران بۆ گەیشتن بە سووریا، لە کەنداو و گەرووی هۆرمزەوە تێدەپەڕن و پاش دەورلێدانەوەی نیوەدووڕگەی عەرەبی، دەڕواتە نێو زەریای سوور و پاش تێپەڕین لە ڕێڕەوی سوێز، دەڕواتە نێو زەریای مدیتەرانە و لەوێ دەگاتە بەندەرەکانی سووریا.

بۆ پێوانی ئەم ڕێگایە کە مەوداکەی ۳٥۰۰مایلی زەریاییە، یەک ڕۆژ یان تۆزێ زیاتر کات پێویستە، بەڵام نەوتهەڵگری گریس-۱ ڕێگایێکی دیکەی گرتووەتەبەر و بەدەورلێدانەوەی قاڕەی ئەفریقا و تێپەڕین لە گەرووی جەبەل تارق ڕێگایێکی ۱۲ هەزار مایلی هەڵبژاردووە.

کۆمپانیا شوێنهەڵگرە جۆراوجۆرەکان وەک تانکێرتراکێرز و کپلێر، شوێنی گریس-۱یان هەڵگرتووە و گوتوویانە کە ئەم نەوتهەڵگرە ڕێگایێکی درێژتری هەڵبژاردووە. ئێران چەندین ساڵە کە نەوتی بێ بەرانبەری یان هەرزان دەداتە ڕژێمی ئەسەد، چۆن گۆڕەپانە نەوتییەکانی ئەم وڵاتە کە ئەوەندەش سەرنجڕاکێش نین، لەژێر دەسەڵاتی ڕژێمی ئەسەد نییە. ئێران لە ژانویەی ۲۰۱۷ تا ئۆکتۆبەری ۲۰۱٨، ڕۆژانە ٥۰ هەزار بەرمیل نەوت دەداتە سووریا. بە سەرنجدان بە بەهای جیهانی نەوت، بەهای ئەم بارانە ڕۆژانە ۳ ملیۆن دۆلارە و ساڵانە نزیک یەک ملیار دۆلار.

لە نۆڤەمبەری ۲۰۱٨ و بە دەسپێکردنەوەی گەمارۆ نەوتییەکانی ئێران لە لایەن ئەمریکاوە، ڕەوتی هەناردەی نەوت بۆ سووریا ڕاگیردرا و هەر ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی ڕیزی دوور و درێژ لە دیمەشق و شارەکانیتری سووریا بۆ وەرگرتنی سووتەمەنی و دۆخی نالەباری سووریای نالەبارتر کرد.

کۆمپانیای تانکێرتراکێرز، ڕاپۆرتێکى بڵاو کردەوە کە ئێران لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوو، هەناردەی نەوتی بۆ سووریا دەسپێکردووەتەوە و ڕۆژانە ۱۰۰ هەزار بەرمیل بۆ ئەم وڵاتە دەنێرێت. ئەم ڕاپۆرتە هەروەها دەریدەخا کە نەوتهەڵگرێکی ئێران کە یەک ملیۆن بەر میل نەوتی لەخۆگرتبوو،  ماوەیێکی درێژ لە کەنارەکانی سووریا چاوەڕێ مابوو بەڵام نەیدەتوانی بارەکەی بەتاڵ بکاتەوە، چۆن هێڵی لوولەی ژێرئاوی ئەو بەندەرە لە سووریا تەقیبووە و میدیاکانی سووریا هۆکاری ئەم تەقینەوەیان هێزەکانی بیانی ڕاگەیاند.

هێڵی لوولەی تەقێنراو پاش ماوەیێک نوژەنکرایەوە و نەوتهەڵگری ئێرانی بەپێ ڕاپۆرتی تانکرتراکێرز، ڕۆژی سێشەمە ۲ی ژۆئیە بارەکەی بەتاڵ کردەوە. هاوکات نەوتهەڵگێرێکی دیکەی ئێپان لە ڕێگای سووریا بوو کە لە جەبەل تارق ڕاگیردرا.

پێدەچێ بەشێکی زۆر لە نەوتهەڵگرەکانی ئێران لە ڕێگای کەناڵی سۆئێزەوە دەگەنە سووریا بەڵام گریس-۱ ڕێگایێکی درێژتری هەڵبژاردبوو. هۆکاری ئەمەش دژایەتی عەرەبستان بۆ بەتاڵکردنەوەی  نەوتی ئەم نەوتهەڵگرە بەشێوەی کاتی بۆ تێپەڕین لە کەناڵی سۆئێز بوو و ئەمەش تێپەڕینی ئەم گەورەنەوتهەڵگرەی لە کەناڵی سۆئێزەوە مەحاڵ کردبوو.

گەورەنەوتهەڵگرەکە کە قووڵاییەکەی زیاتر لە ۲۰ مترە، بۆ تێپەڕین لە کەناڵی سۆئێز، دەبێ پێش ڕۆییشتن بەم ڕێڕەوە، بەشێک لە بارەکەی خۆی لە بنکە نەوتییەکانی ئەو شوێنە بەتاڵ بکاتەوە و پاشان  کە لەم ڕێڕەوە تێپەڕی لەو لاکەیتری کەناڵەوە دیسان وەریبگرێتەوە و باری بدا.

پاشایەتی عەرەبستان، خاوەنی بەشێک لەم پڕۆسەی گواستنەوەی کاتی نەوتە و بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکا، ئیزنی کەڵکوەرگرتن لە بنکەکانی خۆی بۆ گواستنەوەی نەوتی ئێران بۆ سووریا نادا.

بەسەرنجدان بەوەی کە گریس-۱ بارێکی قورسی پێوەبوو و قووڵاییەکەی زیاتر لە ۲۰متر بوو، بەبێ بەتاڵکردنەوەی کاتی، نەیدەتوانی کەناڵی سۆئێز تێپەڕێنێت و بۆیە ڕێگایێکی درێژتری لەبەرگرتووە و لە جەبەل تارق دەستی بەسەرگیراوە. هۆکارێکیتری هەڵبژاردنی ئەم ڕێگا دور و درێژە، گواستنەوەی چەک و مووشەک لە گەڵ نەوتەکە بووە کە دەیتوانی کاتی بەتاڵکردنی نەوت لە کەناڵی سۆئێز ڕسوابوونەوەی لێکەوێتەوە.