بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

سەوز و لیبراڵ و کۆنەپاریزەکان لە ئەوروپا سەرکەوتن

دەنگدانى ئەوروپا
AvaToday caption
posted onMay 27, 2019
noبۆچوون

 

بەشداری گەورەی خەڵک، دۆڕانی سۆسیاڵ دیموکراتەکان و سەرکەوتنی سەوزەکان لە خاڵە سەرنجڕاکێشەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانى یەکیەتی ئەوروپا بوون. بە گووتەی پسپۆڕێک لە پەرلەمانی ئەوروپا ٨٠ لەسەدی کورسییەکان بە دەست حزبەکانی لاینگری ئەوروپاوە دەبێت.

 

لە خولی ئەم جارەدا ٥١%ى ئەو کەسانەی توانای دەنگدانیان هەبوو، بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کرد کە ئەو ڕێژەیە ٨% زیاتر لە دواهەڵبژاردنی ئەم یەکیەتییە بوو کە هەر پێنج ساڵ جارێک ئەنجام دەدرێـ. بە باوەڕی یانیس ئێمانوئیلیدیس، پسپۆڕی زانستی سیاسی لە ناوەندی سیاسەتی ئەوروپا لە بڕۆکسێل، دژایەتی لەگەڵ ئاڵوگۆڕەکانی کەشوهەوا، مانگرتنی قوتابیان و بەرگری لە یەکیەتی ئەوروپا  و حیزبە پۆپۆلیستییەکان خەڵکیان هان دا لەو هەڵبژاردنەدا بەشداری بکەن.

 

بردنەوەی لیبراڵ و سەوزەکان

دەنگدانى ئەوروپا

براوەی سەرەکی هەڵبژاردنەکانی یەکیەتی ئەوروپا، لیبراڵیست و سەوزەکان بوون. لە ئەڵمانیا، سەوزەکان ٢٠%ى دەنگەکان بەپێش سۆسیاڵ دیموکراتەکان کەوتنەوە و دواى ئەوانیش و لە پلەى دووەم کۆنزەرڤاتیڤەکان دێن. سەرۆکی فراکسیۆنی سۆسیاڵ دیموکراتەکان لە پەرلەمانی ئەوروپا کە گەورەترین دۆڕاوی ئەم هەڵبژاردنە بوو، بە ماڵپەری دویچەولەی ئەڵمانیاى گوتووە، حزبەکەی ئاڵۆگۆڕەکانی کەشى سیاسى ئەوروپا و وڵاتەکەیان بە هەند وەرنەگرتووە.

ئانە گرێت کرامپ کارنباوئێر سەرۆکی حزبی دیموکرات مەسیحی ئاگالێنەبوون لە پرسی گۆڕانی کەشى سیاسى، بە گەورەترین هۆکاری دۆڕانی حزبەکەی زانیوە و سەرەڕای دابەزینى بەرچاوی دەنگەکانیان، ملى داوە بەوە کە حزبە کۆنەپارێزەکان بوونە بەهێزترین فڕاکسیۆنی ئەوروپا. مانفرێد وێبر، سەرۆکی لیستی حزبی خەڵکی ئەوروپا و ئەندامی حزبی سۆسیاڵ مەسیحی ئاڵمان شەوی ڕابردوو گووتی "ئێمە سەرکەوتنێکی گەورەمان بە دەست نەهێنا، بەڵام بەهێزترین فراکسیۆنین".

وێبر داوای لە هەموو حزبەکانی لاینگری یەکیەتی ئەوروپا کرد، زیاتر هاوکاری یەکتری بکەن، بە تایبەت ڕوو بە سەوزەکان گووتی "سەوزەکانیش براوەن، هەر بۆیە ئەوان پشتیوانی ئێمەن. ئێمە دەبێ دانیشین و بەرنامەیەکی نووسراو بۆ پێنج ساڵی داهاتوو دابڕێژین".

 

دیموکرات مەسیحییەکان بەهێزترین گرووپن

دەنگدانى ئەوروپا ٢

بە پێی دوایین ئامارەکان، حزبی خەڵکی ئەوروپا ١٨٠ کورسییان لە پەرلەمانی ئەوروپا بە دەست هێناوە کە ٤٢ کورسییان کەمتری لە خوولی پێشوو. سۆسیاڵ دیموکراتەکانیش بە کەمبوونەوەی دەنگەکانیان، ١٤٧ کورسیان بە دەست هێناوە.

لیبراڵەکان بە لەبەرچاوگرتنی دەنگەکانی حیزبی ماکرۆن لە فەڕانسە، ١٠٥ کورسییان بە دەست هێنا و ڕێژەی کورسی سەوزەکانیش لە ٥٢ کورسییەوە بۆ ٦٧ کورسی زیادی کرد. پۆپۆلیستە ڕاستەکان لە هەندێک وڵاتی وەک ئیتالیا و فەڕانسە زۆر بەهێز بوونە، بەڵام بە گشتی کەمتر لەوەی پێشبینی دەکرا دەنگیان بە دەست هێناوە. کۆی گشتی ئەو حزبانە توانیویانە ١٥٠ کورسی لە پەرلەمانی ئەوروپا بە دەست بێنن، بەڵام لە فراکسیۆنی جیاوازدا بڵاو بوونەوە.

پۆپۆلیستەکانی ئاڵمان، حزبی ئاڵتێرناتیڤ بۆ ئالمان بە هەمان شێوە کە چاوەڕوان دەکرا نەیانتوانی دەنگی خەڵک بە دەست بێنن، بەڵام لە ویلایەتى براندنبۆرگی ئاڵمان زۆرترین دەنگیان بە دەست هێنا، تەنانەت لە حزبی دیموکرات مەسیحی زۆرترە.

 

پۆپۆلیستە ڕاستەکان دەنگێکی زۆرتریان بە دەست هێنا

دەنگدانى ئەوروپا ٣

یانلیس ئێمانوئیلیدیس پسپۆڕی زانستی سیاسی لە ناوەندی سیاسەتی ئەوروپا لە بڕۆکسێل، هۆشداری دایە حیزبەکانی لاینگری ئەوروپا کە ٨٠%ى کورسییەکانی پەرلەمانی ئەوروپایان بە دەست هێناوە. یانلیس باسى لەوە کرد "پۆپۆلیستە ڕاستەکان وەک گرووپێک بە گشتی بەو جۆرەی پێشبینی دەکرا، بەهێز نەبوون. ئێمە لە سەرەتا وامانزانی زۆرینە بە دست ناهێنن. ئەو گرووپە لەوە کە بیرمان دەکردەوە لاوازترن".

لە فەڕانسە حزبی ماریەن لۆپێن ـى سیاسەتڤانی ناسراوی بەرەی ڕاست، زۆرترین دەنگی بە دەست هێنا. ماکرۆن ئەوپەڕی هەوڵی خۆى دا هێزی سیاسی حیزبەکەی لە دەسەڵاتدا بباتە سەرێ و پێش بە پێشکەتنەوەی ماریەن لۆپێن و حزبەکەی بگرێت، بەڵام سەرکەوتنی بەدەست نەهێنا. چاوەدێران پێیان وایە لە ٢٨ وڵاتی ئەوروپا، تا ئێستا حزبە میانەڕەوەکان لاوازتربوون و لیبراڵ و سەوزەکان و حزبە ڕاستەکان بەهێزتر.

لە پەڕلەمانی داهاتووی ئەوروپا، کۆنەپارێز و سۆسیاڵ دیموکراتەکان وەک گەورەترین هاوپەیمانی نافەرمی ئیتر وەک پێشوو زۆرینە نابن و پێویستە لەگەڵ لیبراڵ و تەنانەت سەوزەکان فراکسیۆن پێک بێنن. پێکهێنانی زۆرینەیەکی چەپی میانەڕەو بە هاوپەیمانی چەپەکان، سۆسیاڵ دیموکرات، سەوز و لیبراڵەکان لە ڕووی لێکدانەوە دەکرێ جێبەجێ ببێت. زۆرینەی ڕاستە میانەڕۆکان سەرناگرێ ئەویش بە هۆی ئەوەی دیموکرات مەسیحییەکان لە هیچ بارودۆخێکدا ئامادە نین لەگەڵ ناسیۆناڵسیت و پۆپۆلیستەکان بچنە بەرەیەکەوە.

سەرۆک لیستی لیبراڵەکان بە دویچەولەی گووت "لە ئێستاوە هەلومەرجەکە زۆر ئاڵۆزتر دەبێ، ئەویش بە هۆی ئەوەی هیچ حزبێک بە بێ هاوکاری حزبەکانی دیکە زۆرینەی پێ نییە. لە ڕۆژانی داهاتوودا ئەوەی کە کێ لەگەڵ کێ قسە دەکات، بابەتێکی سرنجڕاکێش دەبێت".

 

بەریتانیا جیاوازترە

دەنگدانى ئەوروپا ٤

هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپا، لە بەریتانیا لە چاو هەموو وڵاتانی دیکە بە شێوەیەکى ئاسایی نەبوو. وڵاتێک کە تا پێنج مانگی دیکە یەکیەتی ئەوروپا جێ دێڵی، کەچى نەیتوانی تا پێش هەڵبژاردنەکانی ئەوروپا  ئەوە بە سەرئەنجام بگەیەنێت. ترێزا مەی سەرۆکوەزیری بەریتانیا هەر لەبەر ئەوە ڕۆژی هەینی دەستی لەکار کێشایەوە.

حزبی تازە دامەزراوی "برگزیت" بە سەرۆکایەتى نایجل فاراژ کە دژی ئەوروپایە، بەو شێوەی کە پێشبینی دەکرا بە ٣١.٥%ى دەنگەکان لە پێشەوەی حزبەکانی دیکەیە. کۆنەپارێزەکان کە دەوڵەتیان بە دەستەوەیە، بە سەختی شکەستیان خواردووە. لە یونان سەرۆکوەزیری ئەو وڵاتە ئالکسیس سیپراس، پۆپۆلیستی چەپ، مەیدانی بۆ حزبی کۆنەپارێز جێ هێشت و دۆڕاندی و هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەى کە هەڵبژرادنی پێشوەختە ڕابگەیێنێت.

لە نەمسار (ئوتریش) سەرەڕای ڕیسوایی ناسراو بە "ڕیسوایی ئیبیزا" کە بووە هۆی دەستلەکارکێشانەوەی جێگری سەرۆکوەزیری ئەو وڵاتە، حزبی خەڵک بە سەرۆکایەتى سەرۆکوەزیری ئەو وڵاتە سەرکەوتنێکی بەرچاوی بەدەست هێنا. ئەوە لە کاتێکدایە کۆرتس، سەرۆکوەزیری نەمسا بڕیار وایە ئەم دووشەممەیە ٦ى جۆزەردان لە پەرلەمانی نەتەوەیی وڵاتەکەى، دەنگی متمانەی بە دەست بێنێت.

حزبی پۆپۆلیست و ڕاستی "ئازادی" کە ئەم حەفتەیە ناچار بە بەجێهێشتنی دەوڵەتی هاوپەیمانی نەمسا دوای ڕیسوایی ئیبیزا بوو، هێندێک لە دەنگەکانی خۆی لە دەست دا.