بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

شارەوانی مەهاباد و پڕۆژەی دووکانسازی نایاسایی

شارەوانی مەهاباد و پڕۆژەی دووکانسازی نایاسایی
دووبارە پاڵەپەستۆ خراوەتەوە سەر دووکاندارەکانى دەوروبەرى تاناکۆڕاى مەهاباد
شارەوانی شارى مەهاباد بۆ تێهێنانەوەی قەرزەکانی و دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی، بێڕەحمانە پەلاماری ژێرخانەکانی ئەو شارە دەدات.
posted onAugust 1, 2018
noبۆچوون

 

لە نوێترین هەوڵەکانیدا، شارەوانی مەهاباد دەستی کردووە بە هێڵ و تەختیتى شۆستەی بەر دەرگای ترمیناڵی مەهاباد و جیا لە هەوڵەکان بۆ لە نێوبردنی پاڕکینگی تاناکۆڕای مەهاباد کە ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی بەرفراوانی مەهابادییەکان بووەوە، ئێستا سیلەی لەو شۆستەیە گرتووە.

 

لەو بارەوە سەلاحەدین خەدیو چالاکوانی مەدەنی و پسپۆڕى کاروباری شار لە لاپەڕەی تلێگرامی خۆیدا لە مەڕ ئەو هەوڵانەی شارەوانی نوسیویەتى کە ئەو کارە هەڵسوکەوتێکی تووندوتیژانە بەرامبەر دامەزراوە و بنیادەکانی مەهاباده. خەدیو پێی وایە ئەو کارەی شارەوانی مەهاباد جیا لەوەی هەوڵێکە بۆ تێهێنانەوەی قەرزەکانی شارەوانى، درەنجامی نەبوونی کارناسی و پسپۆڕیشە لە کاروباری شار. ئەو کاڕناسە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێ "جیا لە هەموو ئەو بۆچوونانە ئەو گەڵالەیە هیچ سەرکەوتنێک بە دەست ناهێنێ، ئەویش بە هۆی ئەوەی دووکانەکانی بەرامبەر ئەو شوێنە سەرەڕای ٢٠ ساڵ چالاکی بازرگانى، ئێستا لانەواز کەوتوونە".

 

شایانی باسە رۆژی هەشتی گەلاوێژ، کاربەدەستانی شارەوانی جارێکی دیکە چووبوونە سەر تاناکۆڕای مەهاباد و بە هەڵاوەسینی نوسراوەیەک خەڵکی بازاڕیان لەوە ئاگادار کردبووەوە کە "شارەوانی سوورە لە سەر جێبەجێکردنی پڕۆژەی دروستکردنی پاساژێکی دیکە لە شوێنی پاڕکینگی تاناکۆڕا"، بەڵام خەڵکی تاناکۆڕا هەر زوو ئەو نووسراوەیان کێشابووە خوارەوە و سووتاندبوویان.

 

لە ماوەی رابڕدوودا بازاڕیانی تاناکۆڕای مەهاباد بە نیشانەی ناڕەزایەتی بەو هەوڵانەی شارەوانی مەهاباد ڕێپێوانێکیان بەرەو دەرگای فەرمانداری مەهەباد ئەنجام دا، دوای ئەوەی بەرپرسانی ئیتلاعاتی مەهاباد بەڵێنی ئەوەیان بە خەڵک دا کە ناهێڵن شارەوانی ئەو کارە بکات و بۆیە خەڵک کۆتایی بە مانگرتنەکەیان هێنابوو. کەچى ئێستا گەڕێکی دیکەی گووشارەکانى سەر تاناکۆرا و هەوڵدان بۆ دروستکردنى دووکان لە زەوییە بەتاڵەکانى دەوروبەری تاناکۆڕا، دەستی پێ کردووەتەوە.