بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ماڵی سەیدی هەورامی کراوەتە کادێن

ماڵی سەیدی هەورامی کراوەتە کادێن
AvaToday caption
posted onApril 16, 2019
noبۆچوون

 

ماڵى مەلا محەمەد سلێمانى ناسراو بە "سەیدى هەورامى" کە یەکێکە لە شاعیرە گەورەکانى کورد و هێندەى مەولەوى تاوەگۆزی نێو و نێوبانگى هەیە، لە گوندى سەروپیرى ناوچەى سەوڵاواى هەورامان ، کراوەتە کادان و کاى بۆ مەڕوو  ماڵات تێدا هەڵدەگیردرێت.

 

ئەمەش نیشاندەرى ئەوەیە کە بەڵێنی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بۆ ئاوەدانکردنەوەی بارەگای ئەم شاعیرە هەڵکەوتووەی کورد وەک هەموو بەڵینەکانی دیکەی بە درۆ دەرچوو.

ئەگەرچی لە کۆتاییەکانی مانگی خاکەلێوە ساڵێ ڕابڕدوو، دەنگۆى ئەوە بڵاو بووەوە کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی سەقاڵى نۆژەنکردنەوەى بارەگای مەلا محەمەد سلێمان ناسراو بە سەیدی هەورامین، بەڵام دانانى دوو ستوونى بەردى و سەقفێکى چکۆڵە کە لە وێنەکەدا دەبینرێت، ناتوانرێت بە نۆژەنکردنەوە ناوى بەرین.

بەدەر لەوەى کە ماڵەکەى سەیدى هەورامى کراوەتە کادان و کاى مەڕوماڵات و ڕەشە وڵاغەکانى تێدا هەڵدەگیردرێت، تەنانەت بەشێک لە ماڵەکەیشى ڕووخێنراوە و بەشێکى، دیوارێکى مزگەوتەکەى گوندى سەرووپیرى تێدا جێ کراوەتەوە.

ماوەیەکیش بەر لە ئێستا، پارێزگارى کوردستان چووە شارستانى سەوڵاوا و هەندێک شوێنى دیکەى هەورامان و لەگەڵیشیدا فەرماندارى لەگەڵ بووە، فەرماندارێک کە پیاوێکى فەرهەنگى نییە و تەنیا بەکالۆریۆسى زانستى تاقیگەیی هەیە و زۆر لە شیعر و ئەدەبیات و کەلتوورى هەورامان تێناگات، هەر بۆیە تەنانەت چەند خوولەکێک کاتى دانەناوە بۆ ئەوەى پارێزگار سەردانى ماڵە ڕووخاو و تێکچووەکەى سەیدى هەورامى بکات.

کۆمارى ئیسلامى هەرگیز گرنگى نەداوە بە فەرهەنگ و کلتوور و ئەدەبیات و مێژووى کوردستان و لە ڕێگەى پلانى بۆداڕێژراو کارى لەسەر لاوازکردن و تێکدانى ئەو کەلتوورە مەزنەى کورد کردووە و شاعیرانیش لەو نێوەندەدا زۆرترین خەساریان بەر کەوتووە و لە پاش مردنیشیان دەنگیان کپ و نەهێڵدراوە کارى گەورەیان لەسەر ئەنجام بدرێت.

سەیدى هەورامى لەدایکبووى ساڵى ١١٩٩ى هەتاوییە و لە گوندى خانەگاى سەر بە پاوە لەدایک بووە و لە شارەزوور خوێندوویەتى. پاش وەرگرتنى ئیجازەى مەلایەتى لە لای مەلا جەلا خورماڵی، دەگەڕێتەوە بۆ شارى هەورامانى تەخت و لەوێ زەماوەند دەکات و دەست بە وانەگوتنەوەى ئایینى دەکات. لە لاویەتى، مامۆستاى ئایینى شێخ عوسمانى تەوێڵەیی بووە و لەگەڵ ئەوەى کە کارى ئایینى کردووە شیعری ئایینى و تەنانەت ئاشقانەشى هۆنیوەتەوە.

سەیدى هەورامى

ئەم شاعیرە گەورەیەى کورد لە شیعرەکانیدا نازناوى "سەیدى" بۆ خۆى داناوە کە بە هەمان واتاى "گرفتاربوون لە داوى عەشق" و لەم بارەوەیش دووبەیتى تایبەتى هەیە لەسەر بێوەفاویی یارەکەى:

عه‌رزه‌ داشت به‌نده‌ی دڵ مه‌ند و رِه‌نجوور

صه‌یدی دامی عه‌شق به (صه‌یدی) مه‌شهوور

 جه‌ ژه‌هراوی عه‌شق شه‌ربه‌ت چه‌شیده‌

هـه‌رگێز شادی و زه‌وق به‌ چه‌م نه‌دیده‌

سەیدى سەرەڕاى مامۆستایەتى، بۆ دەستکەوتنى بژێوى خۆى باخداریشى کردووە. لە نزیک هەورامانى تەخت باخێکى هەبووە کە ئێستا پێی دەڵێت گوندى سەرووپیرى  و سەیدى لەوێ خانوویەکى بچووکى دروست کردووە کە ئێستاش لەسەرخۆى ماوەتەوە.

سەیدى لە پیرى شیعرى دڵدارانەى هۆنیوەتەوە، هەر لەبەر ئەوەشە کە مامۆستا ئایینییەکان و دەروێشەکانى هەورمان لاى شێخ عوسمانى تەوێڵەیی سکاڵاى دژ دەکەن کە "سەیدى هەمان ئەو مەلایەى لە لاویەتى مامۆستاى تۆ بووە، ئێستا خەلیفەى تۆیە، بەم پیرییە خەریکى هۆنینەوەى شیعرى دڵدارانەیە و ناوى کچان لە شیعرەکانیدا دەبات و ئابڕوى تۆ و ئێمەشى بردووە".

سەیدى هەورامى تا کۆتاییەکانى تەمەنیشى هەر لە گوندى سەرووپیرى مایەوە و لە تەمەنى ٦٦ ساڵى و لە ساڵى ١٢٦٥ى هیجرى قەمەرى کۆچى دوایی دەکات و لەوێ و لە تەنیشت خانووەکەى بەخاک دەسپێردرێ.