خەڵکى ناوچە سنوورییەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان بە هۆى نەبوونى بازاڕى گەورەى کارەوە ناچارن کۆڵبەرى بکەن، کەچى کۆمارى ئیسلامى هیچ کە ماوەیەکە سنوورەکانى داخستووە و ئەمەیش بووە هۆى مانگرتنى خەڵکە ناوچە سنوورییەکان، کەچى کۆڵبەریش بە خەڵکەکە ڕەوا نابینێت و کوشتنى کۆڵبەرەکان و هێسترەکانیان بەردەوامە.
یەکێک لە کۆڵبەرە هەورامییەکان لەم بارەوە گوتى "کاتێک کە بارى کۆڵبەرێک لە پایگاکانى زاوەر و هانەگەرمەڵە و تەتە و هانەدوانە و شەمشى و .. دەگرن، بە چوارپێ و هێسترەکانیانەوە دەیانبەنەوە بۆ پایگەى ملەندوو کە بە پایگەى دایک بەنێوبانگە و کەوتووە بەینى هەردوو شارەدێى نۆدشە و زاوەر". وەک کۆڵبەرەکان بە ئاڤاتودەیان گوتووە، پاش گرتنى بار و هێسترى کۆڵبەران، پەروەندە و فایلى تایبەتی بۆ دروست دەکەن و ئەم فایلەش زیاتر لە ١٠ ڕۆژى دەوێت و لەم ماوەیەشدا وڵاخدارەکان ناچارن لەبەر مردارنەبوونەوەى هێسترەکانیان هەموو ڕۆژێک بچن ئاڵف و تفاقیان بۆ بەرن.
کۆڵبەرێکى مەریوانی کە دووەم جار بوو بار و هێسترەکەى گیرابوو، بە تۆڕى میدیایی ئاڤاتودەى گوت "بە گرتنى وەڵاخەکانمان ڕێژیم ئازارێکى زۆری کۆڵبەران دەدات، کۆڵبەرەکانى مەریوان و نەوسوود و سەوڵاوە و پاوە و شوێنە دوورەکان ناچارن هەموو ڕۆژێک دەیان کیلۆمەتر ببڕن تا بگەنە پایگەى ملەندوو بۆ ئەوەى تفاق بەرن بۆ هێسترەکانیان و ئەمەیش مەسرووفێکى گەورەى خستووەتە سەر وڵاخدارەکان".
لە پایگەى ملەندوو، فایلى وڵاخدارەکان دەنێردرێتە کرماشان بۆ دادگاى ئینقلاب بۆ بەشى کارى قاچاخ. لەم ماوەیەدا زیاتر لە ١٠ جاران هاتوچۆى کرماشانیان پێ دەکرێت و لە کۆتاییدا هەر وڵاخدارێک بۆ هێسترێکى گیراوى (بێ کەم و زیاد) ناچارە دوو ملیۆن و ٩٠٠ هەزار وەک کڕینەوەى هێسترەکانیان بدەنە دەوڵەت، وەک کۆڵبەرێک گوتى "کۆمارى ئیسلامى، ئەمە وەک پرسێکى شەرعی تەماشا دەکات و دەبێت بکڕدرێتەوە". شایەنى باسە، تا دوو مانگ بەر لە ئێستا و بۆ هەر هێسترێک دوو ملیۆن و ٧٠٠ هەزار وەردەگیرا و ئەم زیادکردنەیش پەیوەست کراوە بە دۆخى خراپى ئابووریی ئێرانەوە، وەک هاووڵاتییەکى ناوچە سنوورییەکانیش گوتى "ڕێژیم دەیهەوێت بارى قورس و شکستى ئابوورى خۆى بە پارەکۆکردنەوە لە خەڵک پڕ بکاتەوە و ئەمەیش بەشێکى بەر کۆڵبەران دەکەوێت".
سەرەڕاى ئەم کارە کە لە نێو کۆمارى ئیسلامى بە یاسایی کراوە، لەم نێوەندەیشدا و بە پێى قسەى ئەو کۆڵبەرانەى کە کەوتوونەتە ئەم دۆخەوە، پایگەى ملەندوو سەرجل و کۆپان و سەرکۆپان و توورەکە و سەرجەم کەلوپەلە دەستبەسەرگیراوەکانى کۆڵبەران بە نرخێکى هەرزان دەفرۆشێتەوە بە هەندێک دەستوپێوەند و سیخووڕى خۆیان (کە دادگاى ئینقیلابیش ڕێگەى یاساییان بەم فرۆشتنە داوە) و ئەم کەسە سیخوڕ و چەرچیانەى حکومەتى ئیسلامى ئێرانیش بە بەهایەکى دواتر بە بەهایەکى گرانتر دەیاندەنەوە بە خاوەن وەڵاخەکان.
شایەنى باسە ڕێکەوتى ١٢/٦/٢٠١٨ى زایینى و لە پشت ئاوایی زاوەر (ناوچەى ئەشکەوتى سوور) ٣١ هێستر بە بارەوە گیراون و خاوەنەکانیشیان ناچارن بەو دۆخەى سەرەوەدا تێپەرن تا هێسترەکانیان دەست کەوێتەوە.