بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

نووسینى ژیاننامەکەم ئازارێکى زۆرى دام

پڕۆچیستا خاکپوور لەبارەى دواهەمین ڕۆمانى
پڕۆچیستا خاکپوور لەبارەى دواهەمین ڕۆمانى
posted onJune 3, 2018
noبۆچوون

 

پڕۆچیستا خاکپوور، نووسەرێکى ئێرانى ئەمریکییە کە لەم ماوەیەدا ژیاننامەى خۆى بە ناوەى "نەخۆش" چاپ و بڵاو کردەوە. لەم گفتوگۆیەدا لەگەڵ نووسەر لارا ڤۆن دێن بێرگ بەم شێوەیە لەبارەى ژیاننامەکەى و ئازارەکانى نووسینى دوا:

 

بە پێى ڕاپۆرتى بووک فڕۆم، ژیاننامەى پڕۆچیستا خاکپوور یا هەمان "نەخۆش ـ Sick"، سەفەرێکى پڕ لە ڕووداو، سەرنجڕاکێش و تاڵە کە تێکەڵ بە کۆمەڵێک ڕاز و نهێنى قووڵى زەینى و جەستەییە کە تیایدا خاکپوور باسى ڕەگ و ڕیشەى نەخۆشییەکەى کردووە، نەخۆشییەک کە سەرەتا و کۆتاییەکى دیاریکراوى نییە. ڕۆمانە سەرنجڕاکێشەکانى خاکپوور لایەنگرێکى زۆریان هەیە، "کوڕان و جەستە سووتێنراوەکانى دیکە" و "دواهەمین وەهم" و هەندێک وتار و ئێستایش بە "نەخۆش" نێوبانگێکى گەورەى بۆ خۆى دەستەبەر کردووە، هەر بۆیە بە یەکێک لە گرنگترین نووسەرەکانى ئەمڕۆ هەژمار دەکرێت.

 

ـ ئێمە هەردوو نووسەرین و بۆ من دەستپێکى ڕۆمانێک هەستێکى وەک ڕەفتارى ئەڵمانەکان و یا ڕووداوەیلى جیاوازى هەیە کە دەکرێت لەسەر هەندێکیان ناو دابنێین و هەندێکى دیکەیان لە دەرەوەى تواناى زمانەوانین. "نەخۆش" ـ من هەرگیز لە نێو جەستەى خۆمدا ئاسوودە نەبووم ـ زۆر دڵگیرە و کونجکۆڵم تا بزانم ئاخۆ چۆن ئەم خاڵى دەستپێکە تایبەتەت نووسى و پڕۆسەى دۆزینەوەى خاڵێک بۆ دەستپێکردنەکەت چۆن تێکهەڵکێشى ئەزموونەکەى خۆت وەک ڕۆماننووسێکى جیاواز کردووە؟

خاکپوور: بۆ من زۆر قورس بوو لەوە بگەم ئاخۆ دەبێت لە کوێوە دەست پێ بکەم. بیریشم لەوە دەکردەوە کە ئاخۆ نەخۆشییەکەم بۆ یەکەم جار کەى دەستى پێ کرد؟ دەمویست ژیاننامەیەکى کورت بنووسم کە هەروەک وتارێکى درێژ وابێت، بەڵام دەمزانى بۆ ئەوەى ڕاستگۆ بم، پێویستە لە سەرەتاوە دەست پێ بکەم. لەمەیش تۆقیبووم، چونکە لە نووسینى ئۆتۆبیوگرافی دەچوو کە من نەمدەویست دەستى بۆ بەرم. لە ڕۆماندا تۆ دەستت کراوەیە و دەتوانى بە گشتى دیمەنێکى هونەرى بخوڵقێنیت، بەڵام لە نووسینى ژیاننامەدا پرسى حەقیقەت ئازارێکى زۆرت دەدام و ئەو ئازارەش بەر من کەوت. لە ڕاستیدا سەردەمێکى زۆر قورس بوو بۆ من، نە تەنیا بابەتەکەى بەڵکو نووسینەکەیشى ئازاردەرانە بوو.

ـ کتێبەکەت واتە "نەخۆش"، لە نیۆیۆرک و سانتافە و لایپێزیگ ڕوو دەدات کە لێک دوورن. ئەم پێکهاتەیە چۆن فۆڕموولە بوو؟ بە پێکەوەبەستنى نەخۆشى و شوێن، ویستتان چى تاووتوێ بکەن؟

خاکپوور: پێکهاتەى زۆر بۆ نووسینى کتێبێکى چکۆڵە هەن. ڕەنگە ئەمە هەڵە بووبێت، بەڵام ئاشووبی نەخۆشى و ئەم ڕاستییە کە ئەم چیرۆکە هیچ دەستپێک و نێوەند و کۆتاییەکى ڕوونى نییە، ناچارى کردم بە دواى گرێ و گۆڵى سیستماتیکدا بگەڕێم. ئەمە ڕێک هەمان ئەو شتەیە کە لە ژیانى ڕاستەقینەمدا هەبوو. حەزم لە ڕێکخستن و وردەکارى و چارەسەرکردنى کێشەکانە، بەڵام بە نەخۆشى ناتوانى ئەم کارانە بکەیت. تێگەیشتم کە جادە و شوێنگەلى سرووشتى بۆ سەردانکردن چارەسەرە، چونکە من هەروا بوومە ـ کەسێک کە چارەسەرێکى دەرەکى بۆ کێشەى دەروونى دەدۆزێتەوە. هەروەها وەک پەنابەرێک، هەموودەم هەستم بە بێ شوێنی کردووە. وا پێدەچێت وەک نووسەرێک دەبێت دەروونکۆڵى زۆر بکەیت.

ـ کتێبی "نەخۆش"، کتێبێکى باریکەڵە بەڵام بەرفراوانە کە وردەکارییەکانى ئەزموونى نەخۆشى واگیر و پێشکەوتووى لایم* و دوورکەوتنەوە، ئاڵوودەبوون بە مادەى هۆشبەر، تڕۆما، عەشق، شکست، توندوتیژى و هونەر، هەمووی شڕۆڤە دەکات. ئاخۆ دەتزانى ژیاننامە پێویستى بەم هەموو ڕەهەندە ئاڵۆزە هەیە؟ ئایا پڕۆسەى نووسین، پەیوەستبوون و پرسیارى چاوەڕواننەکراوى لەگەڵ خۆی هەڵدەگرێت؟

خاکپوور: پڕۆسەى نووسینى ژیاننامە بەڕاستى زۆر ترسناکە و من شتى زۆرم لەبارەى خۆمەوە بیست کە تەنانەت نەمدەویست بیزانم. نووسینى ئۆتۆبیوگرافیک، هەم شەفابەخش و هەم شۆکهێنەر بوو، بەڵام بە پێچەوانەى ڕۆمانەکەوە، دەرمان و ئاسەوارەکانى تا ماوەیەکى زۆر دواى نووسینەکەى هەر مایەوە. ئەگەر باوەڕم بەوە نەبوایە ئەم نووسینە سوودى بۆ کەسانى دیکە هەیە، ئەوا قەت نەمدەتوانى ئەنجامى بدەم.

ـ لە قسەکانتان لەبارەى کتێبەکە، باسى کتێبی "تاریکى بینراو"ـى ویلیام ستایرۆن ـ William Styron وەک پاڵنەرێک بۆ کتێبی "نەخۆش"ـیت کرد. بۆچى ئەو ژیاننامەیە بێجگە لەوەى کە بێ وێنەیە، بووە پاڵنەرێکى وەها گرنگ بۆ تۆ؟

خاکپوور: ئەو کتێبەم زۆر خۆش دەوێت. قەت هیچ هۆکارێکم نەبوو بۆ ئەوەى گرنگى بە ڕابردووى ستایرۆن بدەم، بەڵام بۆ من کتێبەکە لە زۆر ڕووەوە بێ وێنە بوو. باریکبوونەکەیم خۆش ویست و ئەوەى کە هیچ شەرمێونى تێدا نییە و زۆر ڕاستگۆیانەیە. بۆ نمونە ستایرۆن باسى ئەو دەرمانانەى کردووە کە بووە هۆى ئازارپێگەیاندن بە خۆى. منیش هەستم کرد تووشى هەمان کێشە بوومەتەوە. زۆر سادە وەبەرچاو دەکەوت کە باسى دەرمانەکان بکەیت بە کاریگەرییەکانیەوە، بەڵام بیرم لەوە کردەوە کە ستایرۆن بتوانێت ئیتر بۆ من نەتوانم. ڕێگەم بە خۆم دا دەست پێ بکەم. خۆشم کەیفم بەوە دێت کە لەبارەى نووسەرێکە بنووسم کە لە پسپۆڕییەکەى شکست دەخوات. هەڵبەت من بە هیچ شێوەیەک بە قەدرا ئەو لێهاتوو نیم، بەڵام هەستم کرد نامەوێت لە گێڕانەوەى نووسەرێک کە ئەگەر بەشێکیشى بۆ خەڵکى ماندووکەر بێت، شەرمەزار بم و شەرم بکەم لە گێڕانەوەى. ئەمە کەسێکە کە لە چوار ساڵییەوە لەگەڵیدامە و تێمدا بووە، ئیتر بۆ لەبارەیەوە ڕاستگۆ نەبم؟ لە ڕاستیدا ستایرۆن جگە لە جواننووسى، لە ڕێگەپێدانیش ئیلهامی پێ بەخشیم.

 

پەراوێز:
* نەخۆشى لایم بە زمانى ئینگلیزى دەکاتە (Lyme disease) کە جۆرێک لە ئیلتیهابی سپێرۆکتیکى چەند سیستەمییە.