
هۆکارەکانی ململانێ و دەستبەسەر كردنی لاهوور شێخ جەنگی
لاهوور تاڵەبانی، ناسراو بە لاهوور شێخ جەنگی، برازای جەلال تاڵەبانی دامەزرێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و یەکێک لە سیما دیار و پڕنفووزەكان لە گۆڕەپانی سیاسیی هەرێمی کوردستانە كە ناکۆکییە بنەماڵەیی و سیاسییەکانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی کوڕی جەلال تاڵەبانی و سەرۆکی ئێستای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕیشەی سەرەکیی گرژییەکانی ئەم دواییەن.
دوای کۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی، کێبڕکێیەکی توند لە نێوان لقە جیاوازەکانی بنەماڵەی تاڵەبانیدا لەسەر سەرکردایەتیی یەکێتی دەستیپێکرد. لاهوور و بافڵ لە ساڵی ٢٠١٩ تا ٢٠٢١ بە هاوبەشی سەرۆکایەتیی پارتەکەیان کرد، بەڵام بافڵ بە دەرکردنی لاهوور توانی کۆنترۆڵی پارتەکە بکات. لاهوور ئەم کارەی بە "کودەتا" لە دژی خۆی زانی.
دوای دوورخستنەوەی لە سەرکردایەتیی یەکێتی، لاهوور پارتێکی نوێی بە ناوی بەرەی گەل دامەزراند. ئەم کارە دووبەرەکیی سیاسیی لە سلێمانی قووڵتر کردەوە و کردی بە ڕکابەرێکی ڕاستەوخۆی بافڵ تاڵەبانی.
تۆمەتی ئەمنیەتی و دادوەری
دادگای سلێمانی لەم دواییانەدا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ لاهوور دەرکرد. هەرچەندە وردەکاریی فەرمیی فەرمانی دەستگیرکردنەکە ڕوون نییە، بەڵام دەگوترێت بەشێکی بەهۆی سکاڵای دادوەرییەوە بووە و بەشێکیشی بۆ ململانێی سیاسی و ئەمنیی ناوخۆیی بە دەستێوەردانی بافڵ تاڵەبانی دەگەڕێتەوە.
لاهوور ساڵانێکی زۆر وەک بەڕێوەبەری گرووپی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر (CTG) و دەزگای هەواڵگریی زانیارى کاری کردووە.
سەرلەبەیانیی ڕۆژی هەینی ٢٢ی ئووتی ٢٠٢٥، هێزە ئەمنییەکانی سەر بە بافڵ تاڵەبانی هەڵیانکوتایە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی لاهوور و پاشان هۆتێل لالەزار لە شاری سلێمانی. دوای چەند کاتژمێرێک لە شەڕی چەکداری، لاهوور شێخ جەنگی لەگەڵ براکانی پۆڵاد و ئاراس دەستبەسەر كران.
بە کورتی دەستبەسەر كردنی لاهوور شێخ جەنگی، زیاتر لەوەی کردەوەیەکی دادوەری بێت؛ ڕەگ و ڕیشەی لە ململانێی بنەماڵەیی و کێبڕکێیەکی توند بۆ دەسەڵات لەناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا داکوتاوە؛ ململانێیەک کە ئێستا هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیریی سلێمانی و هەموو هەرێمی کوردستان دەکات.
هەڵسوکەوتی بافڵ تاڵەبانی نەك تەنها هەر لە چوارچێوەی ڕکابەریی خێزانییدا نییە، بەڵکوو لێکەوتە و پەیامی بۆ داهاتووی هەرێم هەیە. پەرەسەندنی ململانێ ناوخۆییەکان دەتوانێ زەمینە بۆ دەستێوەردانی زیاتری ئەکتەرە بیانییەکان لەوانە; کۆماری ئیسلامی و تورکیا خۆش بکات و پێگەی هەرێم لە بەرامبەر بەغدا لاواز بکات. ئەم دۆخە بە ڕوونی ئەوە دەردەخات کە بافڵ بە جێگای ڕۆڵی وەك سەركردەیەك، خەریكە ڕۆڵێکی مەترسیدار و خۆسەنتەر دەگێڕێت.