بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ئەمڕۆ 15 بوومەلەرزە لە قەسرشیرین روویداوە

قەسرشیرین
قەسرشیرین
posted onJanuary 27, 2025
noبۆچوون

 

ناوەندی تۆمارکردنی بوومەلەرزەی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، ئەمڕۆ لە ناوچەی قەسرشیرین ١٥ جار بوومەلەرزە روویداوە. تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لە ئەگەری زەرەر و زیانەکان بەهۆی بوومەلەرزەوە بڵاو نەبووەتەوە.

سەر لە بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، ٨ی رێبەندانی ١٤٠٣، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.1 پلەی ریختەر قەسرشیرینی هەژاند، بوومەلەرزەکە لە پارێزگاکانی سنە، ئیلام و ناوچەکانی دیکەی پارێزگای کرماشانیش هەستی پێکرا.

ناوەندی تۆمارکردنی بوومەلەرزەی پارێزگای کرماشان بڵاوی کردەوە، دوای ئەو بوومەلەرزەیە ١٥ بوومەلەرزەی دیکەش روویداوە و گەورەترینیان 3.1 پلەی ریختەر بووە و مایەی نیگەرانیی نین.

فەرهاد فرووزی، بەڕێوەبەری ناوەندی تۆماری بوومەلەرزەی پارێزگای کرماشان، دەڵێت: روودانی بوومەلەرزە لەو قەبارەیەدا لە ناوچەکەدا شتێکی ئاساییە و لە پاشلەرزەکانیشدا شتێکی نائاسایی هەست پێنەکراوە.

دوای یەکەم بوومەلەرزە خەڵک لە ترسی لێکەوتەکانی یان روودانی بوومەلەرزەی بەهێزتر لە ماڵ دەرکەوتن  و هاتنە سەر شەقام و نێو کۆڵانەکان.

خەڵکی ناوچەی رۆژئاوای پارێزگای کرماشان یادەوەری تاڵیان لە بوومەلەرزە هەیە. پاییزی ساڵی ٢٠١٧ بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.3  پلەی ریختەر روویدا و لەودا لانیکەم ٦٢٠ کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی ١٠ هەزار کەس بریندارە بوون. بوومەلەرزەکە زیانی بە ٧ شار و هەزار و ٩٣٠ گوند گەیاند.

مانگی سەرماوەزی ساڵی ٢٠١٨ بوومەلەرزەیەکی بەهێزی دیکە هەر لەو ناوچەیەدا روویدایەوە و لەودا ٧٧١ بریندار بوون و زیاتر لە ٤ هەزار خانوو زیانیان بەرکەوت.