بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

چەند بنەماڵەی کوردستانی: پ کا کا منداڵەکانمانی ڕفاندووه

چەند بنەماڵەی کوردستانی: پ کا کا منداڵەکانمانی ڕفاندووه
ڕەسمێک لەو سێ منداڵه که له لایەن پ کا کا ڕفێندراون
داواکارین گوشار بخرێتە سەر پەژاک و پەکەکە کە واز لە منداڵ ڕفاندن بێنن
posted onAugust 27, 2024
noبۆچوون

سێ بنەماڵەی کوردی ڕۆژهەڵات به بڵاوکردنی پەیامێک ڕوو به ڕێکخراوه مەدەنی و سیاسییەکان و ناوەندەکانی مافی مڕۆڤ و منداڵپارێز، باس لەوە دەکەن که حێزبی کرێکارانی کوردستانی تورکیه سێ منداڵیانی که هێشتا به تەمەنی ١٥ ساڵانیش نەگەیشتوونه ڕفاندووه.

ئەمه لەحاڵێکدایه که بەرپرسانی پ کا کا ڕایانگەیاندووه کە ئەو مێرمنداڵگەله به خواستی خۆیان ماڵیان بەجێهێشتووە و پەیوەست بە ڕیزەکانی گریلا بوونه.

 

دەقی پەیام:

 

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان

حیزب وڕێکخراوەکانی مەدەنی و سیاسی

ناوەندەکانی مافی مڕۆڤ و ڕێکخراوەکانی منداڵپارێز

ئێمە بنەماڵەکانی "هۆگر خون جام" لە دایکبووی ٣/٩/١٣٨٨ بەرانبەر بە ٢٤/١١/٢٠٠٩ی زایینی، "ئەرشیا دەروێشی" لە دایکبووی ١٥/٢/١٣٨٩بەرانبەر بە ٠٥/٠٥/٢٠١٠ی زایینی و "میدیا ئاقابرایی" لە دایکبووی ١٥/٢/١٣٨٨بەرانبەر بە ٠٥/٠٥/٢٠٠٩زایینی، بە هەموو لایەک ڕادەگەیەنین کە ناوبراوان لە ڕێکەوتی ٢٦/٤/١٤٠٣ بەرانبەر بە ١٦/٠٧/٢٠٢٤ لە شاری مەریوان، لە ماڵ چوونەدەرەو و وون بوون.

بۆ دۆزینەوەی جگەرگۆشەکانمان هەوڵی زۆرمان دا و زۆر ناوەند و نەخۆشخانە و زیندانەکان گەڕاین کە هیچ سۆراغێکیان نەبوو. بەچەندین ڕێگاوە لای پارتی کرێکارانی کوردستان سۆراغمان کردن کە ئەوانیش حاشایان دەکرد لای ئەوان بن.

پاش تێپەڕینی ماوەیەک و دڵگرانی زۆری ئێمە لە چارەنووسی ئەو مێڕمنداڵانە، بەو پەڕی سەرسووڕمانەوە پارتی کرێکارانی کوردستان بەڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ڤیدئۆی ئەو مێڕمنداڵانەی بۆ ناردینەوە کە لای ئەوانن و بوون بە گریلا.

وەک لە ڕێکەوتی لە دایکبوونی ئەو منداڵانەدا دیارە، تەمەنی هیچکام لەوانە نەگەیشتۆتە پانزدە ساڵ و هێشتا منداڵن و پێویستە لە ژێر سەرپەرستی بنەماڵەدا بمێننەوە و بەپێی هەموو یاسا و پێوەرێکی ئەخلاقی و یاسایی لەو تەمەنەدا ناتوانن بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن.

پارتی کرێکارانی کوردستان لەکاتێکدا بە ڕێگای باڵی ڕۆژهەڵاتی ئەو پارتە، واتە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان"پەژاک"، کە بەبێ هیچ بەربەستێک و بەئازاد لە گوند و ناوچەکانی سەرسنووری دیوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەسووڕێنەوە، ئەو منداڵانەی ئێمەی بە ناوی خەبات و بەسەربەستی ژیانکردن لە خشتەبردووە و بە واتایەکی دیکە ڕفاندووە کە گەلی کورد بەگشتی و بەتایبەتیش منداڵانی ئەم گەلە بەشمەینەت و بەشخوراو، لە خرابترین دۆخ دا دەژین.

ئێمە بنەماڵەکانی هۆگر، ئەرشیا و میدیا داوای هاوکاری بۆ گەڕانەوەی منداڵەکانمان لە هەموو لایەک دەکەین، داواکارین گوشار بخرێتە سەر پەژاک و پەکەکە کە واز لە منداڵ ڕفاندن بێنن و هەوڵ بدەن خەبات و تێکۆشانیان بۆ خزمەت بە منداڵانی ئەمڕۆ و دواڕۆژی ئەم نەتەوە بەشمەینەتە بێت، نەک منداڵان بکەن بە دەستەچیلەی پرۆپاگاندا و مانەوەی خۆیان.

وێڕای پێداگریمان لە گەڕانەوەی منداڵەکانمان، جارێکیتر بە هەموو لایەک و بەتایبەت بە پەکەکە و پەژاک ڕادەگەیەنین کە وێڕای مەحکووم کردنی دیاردەی قێزەوەنی منداڵ ڕفاندن، هاوکات شکایەتی خۆمان بۆ لای ڕێکخراوە جیهانییەکان و بەتایبەتیش ڕێخکراوەکانی تایبەت بە پاراستنی مافی منداڵان دەبەین و چاوپۆشی لە چارەنووسی منداڵەکانمان ناکەین.