بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

زێرەکانى ڤەنزوێلا بۆ تورکیا و ئێران تاڵان دەکرێن

زێرەکانى ڤەنزوێلا بۆ تورکیا و ئێران تاڵان دەکرێن
posted onFebruary 2, 2019
noبۆچوون

 

لە پەراوێزى پەرەسەندنى قەیران و ئاڵۆزییەکانى ڤەنزوێلا، فشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر تورکیا پەرە دەستێنێت، بەوەى هاوردەکردنى بەردەوامی زێر لەکاراکاس کەم بکاتەوە.

 

ئەنکەرا، یەکێکە لەو وڵاتە چالاکانەى  جیهانە بازرگانى زێر دەکات، بەڵام بەمدواییەدا لەنێو وڵاتانى ڕۆژاوا گومانیان بەرامبەر ئەو وڵاتە تەشەنەى کردووە. دەستەى ئێزگەى بەریتانی BBC بڵاوی کردووەتەوە "ویلایەتە یەکگرتووەکان، گومانى ئەوەى بۆ دروستبووە، ئەو زێرانەى لە ڤەنزوێلاوە دەگواسترێتەوە بۆ تورکیا، دواتر ڕەوانەى ئێران بکرێن". هێماشی بەوە کردووە "ئەو پرۆسەیە سەرپێچیکردنێکى ڕوونى سزاکانى واشنتۆنە بەرامبەر تاران".

لەساڵى ڕابردوو بەبەهاى ٩٠٠ ملیۆن دۆلار، زێرى لەکاراکاس هاوردە کردووە، کە بیانووى ئەوە بووە "ئەو زێرانە لەقاڵب بدرێن دووبارە ڕەوانەى ڤەنزوێلا بکرێنەوە"، بەڵام هیچ بەڵگەیەک نییە کە دووبارە ئەو زێرانە گەڕابێتەوە کاراکاس. ڤەنزوێلا بەهۆى ڕاگەیاندنى  خوان گایدۆ، سەرۆکى پەرلەمان وەک دەستبەکاربوونى وەک سەرۆکى کاتى وڵاتەکەى، ڕووبەرووى دابەشبوونێکى سیاسی و ئاڵۆزییەکى نێودەوڵەتی بووە، بە جۆرێک جیهانیشى لەگەڵ پشتگیریکردن و ڕەتکردنەوەى ئەو پڕۆسەیە دابەش کردووە. یەکێتی ئەوروپا ماوەى هەشت ڕۆژى خستە بەردەم نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکى وڵات بۆ ئەوەى هەڵبژاردنى پێشوەختەى سەرۆکایەتى ڕابگەیەنێت، بەڵام سەرۆکى ڤەنزوێلا داواکەى ڕەت کردەوە.

بەو هۆیەوەش دۆناڵد ترامپ، سەرۆکى ئەمەریکا بڕیارێکى جێبەجێکارى واژۆ کردووە، بەوەى "ڕێگرى لە هاووڵاتیانى ئەمەریکی بگرێت لە مامەڵەکردنى زێرى ڤەنزوێلا"، ئەگەرى ئەوەش هەیە لایەنە بیانییەکان بگرێتەوە وەک تورکیا. دەستە بەریتانیەکە ئەوەشى بڵاوی کردووەتەوە "ئەنکەرا هۆشداریی پێدراوە لەوەى بازرگانیکردن بەزێرى ڤەنزوێلا کاردانەوەى نەرێنى دەبێت".

لە سەروبەندی سزاکانى سەر ئێران لەساڵانى ٢٠١٠ – ٢٠١٣ ، ئەنکەرا لە ڕێگەى هاڵک بانکەوە، بەردەوام بوو لەمامەڵەکردنى نایاسایی لەگەڵ تاران، بەجۆرێک سەدان تۆن زێرى بۆ کۆمارى ئیسلامی گواستبووەوە. پەیوەندییە بازرگانیەکانى ئەنکەرا و کاراکاس لەدوای ٢٠١٦ پەرەى سەند، بەجۆرێک مادورۆ چوار جار سەردانى تورکیاى کردووەو، لەبەرامبەریشدا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، لەساڵى ٢٠١٨ سەردانى کاراکاسى کرد، کەیەکەم سەرۆکى ئەو وڵاتە بووە سەردانى ڤەنزوێلا بکات.

ڤەنزوێلا

تۆمارى چاودێرى گەشتە ئاسمانییەکان دەریانخستووە " فڕۆکە تایبەتییە تورکی و ڕووسییەکان، لە چەند ڕۆژى ڕابردوو سەردانی کاراکاسیان کردووە"، بەڵام تورکیا سوورە لەوەى مامەڵەکردنى زێر لەگەڵ ڤەنزوێلا یاساییەو هیچ سەرپێچیکردنێکى تێدا نییە. دامەزراوە چاودێرییەکان ئاشکرایان کردووە "یەکێک لەو فڕۆکانە تایبەتە بەکۆمپانیاى جینیری تورکی، تایبەتە بەدەرهێنانى زێرو پەیوەندییەکى بەهێزى لەگەڵ ئەردۆغان هەیە".

لەلایەن خۆیەوە خۆسیە گوێرا، پەرلەمانتاری ئۆپۆزسیۆنى کاراکاس باسى لەوە کردووە "فرۆکە ڕووسیەکە لەفرۆکەخانەى کاراکاس نیشتووەتەوەو، بەلایەنى کەمەوە ٢٠ تۆن زێرى بەرەو دەرەوەى وڵات بردووە". بەرەى ئۆپۆزسیۆن دەسەڵاتەکەى مادورۆ، بەوەى تۆمەتبار دەکەن "بەشێوەیەکى نایاسایی کارى دەرهێنانى زێر دەکەن و، کاریگەرییان لەسەر ژینگە دروست کردووە". جەخت لەوەش دەکەنەوە " پرۆسەکە لەلایەن مافیایەکى ڕێکخراو بەرێوە دەچێت کە چالاکییەکانى دەرهێنانى کانزاکەیان کۆنترۆڵ کردووەو، هەندێکجاریش تووندوتیژی بەکار دەهێنن".

گوێرا دووپاتی دەکاتەوە "بردنی ئەو ٢٠ تۆن زێرە، بۆ شوێنێکى نادیارى دەرەوەى وڵات توڕەیی و گومانى زیاترى دروست کردووە". هاوکات ئاژانسى ئابوورى بلوومبێرگی ئەمەریکا لەسەر زارى گوێرا بڵاوی کردووەتەوە " ئەو پەرلەمانتارە هەواڵێکى شۆکی لەتویتر بڵاوکردۆتەوە بەوەى فرۆکەیەکى بوێنگ ٧٧٧ لەفرۆکەخانە نیشتووەتەوە و، ٢٠ تۆن زێریان لەخەزێنەکانى بانکى ناوەندی بارکردووە".