بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

کەسایەتی ساڵ

 

بنەماڵەى دامەزرێنەرانى ڕژێمى ئێران لە دەسەڵات هەڵدەگەڕێنەوە

بنەماڵەى دامەزرێنەرانى ڕژێمى ئێران لە دەسەڵات هەڵدەگەرێنەوەبنەماڵەى دامەزرێنەرانى ڕژێمى ئێران لە دەسەڵات هەڵدەگەڕێنەوە
posted onJanuary 12, 2019
noبۆچوون

 

کۆماری ئیسلامی ئێران ڕووبەرووى تووڕەییەکى گشتى جەماوەری بووەتەوە، کە بە هۆى خراپی ڕەوشى بژێوى هاووڵاتیان و، ئاڵۆزبوونى پرسە ئابوورییەکان و داڕمانى بەهاى دراو و لاوازبوونى توانای کڕینى هاووڵاتیان، بووەتە بڵێسەى خۆپێشاندانە بەردەوامەکانى ئەو وڵاتە، کە ڕۆژانە لە سەراسەرى شارەکان خۆپێشاندان و ناڕەزایی بەدی دەکرێت.

 

لەپاڵ ئەوانەش پەیڕەوکردنى سیاسەتێکى شەڕانگێزی لە ناوچەکە زۆربەى وڵاتانى هەرێمایەتى و جیهانى توڕە کردووە، ئەمەش مەترسییەکى گەورەى لە نێو منداڵانى دامەزرێنەرانى ڕژێمى کۆمارى ئیسلامی دروست کردووە. لە کۆتاییەکانى ٢٠١٨ گۆڕەپانى سیاسیی تاران ڕووبەڕووى هەڕەشەیەکى جیاواز بووەوە و هۆشدارییەک کە لە لایەن توێژێک دەرچوون لە بۆچوونى کەسدا نەبووە، ئەو هۆشدارییانەش لەلایەن بنەماڵەى دووەمى دامەزرێنەرى ئەو شۆڕشە بوون. ئەوان باسیان لەوە کردووە "بەردەوامیی بەو سیاسەتە ڕژێمەکەیان بەرەو داڕمان دەبات".

سەرەڕاى ئەو هۆشدارییانەش تازە نەبوون تاڕ ادەیەک، بەڵام فراوانبوونی پانتاییەکانى هۆشداریدەران بووەتە جێی مەترسیی بۆ ڕژێمەکە و پاڵپشتیکردنى خەڵک. بەشێک لەوانەى هۆشداری داڕمانى ڕژێمیان دەکرد، بنەماڵەى سەرکردەکانى ڕیزی یەکەمى شۆڕشەکەى خومەینى بوون و، ئێستا لە مەیدانى ئۆپۆزسیۆن بوون و پەناهەندەیی دەژێن.

بەشێک لەو هۆشدارییانەش تایبەت بوون بە "خراپی بژێوى هاووڵاتیان و، سیاسەتە شەڕانگێزە دەرەکییەکانى تاران بووە لە ناوچەکەو جیهان". گرنگترین ئەو کەسایەتیانەش هۆشداریی داڕمانى ڕژێمەکەیان داوە بریتین:

 

نەوەى دامەزرێنەری ڕژێمى کۆماری ئیسلامی

نەوەى دامەزرێنەری ڕژێمى کۆماری ئیسلامی

ئەم ماوەیەى ڕابردوو حەسەن خومەینى نەوەى ڕوحەڵا خومەینى دامەزرێنەری ڕژێمى کۆمارى ئیسلامی هێرشى کردە سەر سیاسەتى وڵاتەکەى و، مەترسییەکانى خۆیشى لە پاشەکشێکردنى پاڵپشتییەکانى گەل بۆ ڕژێمەکەى خۆی ئاشکرا کردووە.

بە پێی زانیارییەکانى ماڵپەرى (جماران)، نەوەکەى خۆمەینى ئاماژەى بەوە کردووە "ئاڵۆزبوونى توڕەییە جەماوەرییەکان لە خراپی ڕەوشى ئابوورییان، یەکێکە لە هۆکارەکانى داڕمان". دووپاتی دەکاتەوە "ئاسوودەیی میللی ژێرخانى کۆمەڵگەیە".

خومەینى گووتیشى "ئێستا لەبنەماکانى هەڵسوکەوتى مرۆیی و هۆکارەکانى کەوتن و سەقامگیری بزانین، بۆ ئەوەى لەژیانى ئاسایی خۆماندا پەیڕەویان بکەین، پێچەوانەى ئەوەش هیچ گەرەنتییەک بۆ مانەوە نییە و ئەوانى دیکەش دەرۆن". هێمای بەوەش کردووە "پەیڕەونەکردنى ئەو بنەمایە ئەوا گۆڕەپان دەدرۆێنن".

خومەینى کە بەرپرسى ئەرشیفکردن و دامەزراوەکەى باپیریەتى لە تاران، جەخت لە "هەڵوەشانەوەى بەردەوامى کۆمەڵگەو بڵاوبوونەوەى قینەو دووڕوویی" کردووەتەوە. باسى لەوە کردووە "ناچار کردنى کۆمەڵگە لەسەر کەسایەتییەکى دووڕوویی و دوورکەوتنەوەیان لە ڕاستگۆیی یەکێکە لە نیشانە بێشانسیەیکانى حکومەتەکانە". پێی واشبووە "بنەما دروستەکان لە بەرامبەر دەستکەوتەکان پاشەکشێی کردووە و زەنگی هۆشداریی بۆ کۆمەڵگە لە ڕووبەڕوو بوونەوەى لە کێشەکانیش لێدراون".

لە کۆتاییەکانى ٢٠١٧ گەورەترین خۆپێشاندان لە زۆربەى شارەکانى ئێران دژى سیاسەتەکانى حکومەت و، خراپی ڕەوشى دارایی دەستى پێ کرد و تا  سەرەتاکانى ٢٠١٨ ـش بەردەوام بوون، بەڵام بە هۆى گورزی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان و بەسیج بڵاوەى پێ کرا.

دوای چەند مانگێک کۆمەڵێک خۆپێشاندان و ناڕەزایی و بایکۆتکردن دووبارە سەراسەرى کۆمارى ئیسلامی گرتەوەو، لە کانوونى یەکەم (سەرماوەز)ى ڕابردووش لەماوەى یەک مانگدا سەرووى ٥٢٩ خۆپێشاندانى جەماوەرى لەلایەن زۆربەى توێژەکانى کۆمەڵگە بەرێوەچوون.

 

بنەماڵەى ڕەفسەنجانیش گلەیی لە ڕژێمەکەى دەکات

بنەماڵەى ڕەفسەنجانیش گلەیی لە ڕژێمەکەى دەکات

پێش هەڕەشە و هۆشدارییەکانى نەوەکەى خومەینى، کچەکەى عەلى ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانی هۆشداریی داوەتە بەرپرسانى وڵاتەکەى بەوەى "ڕووبەرووى داڕمان دەبنەوە".

فائیزە هاشمی، لە لێدوانێکى بۆ ماڵپەرى (کلمە)ـى ڕیفۆرمخوازان ڕەخنەى لە دەستێوەردانى ڕژێمى وڵاتەکەى لە سووریا و یەمەن گرتووە و هۆشداریی ئەوەشى داوە کە "ئەو جۆرە سیاسەتانە ڕژێم لە ناو دەبات". هاشمى لە لێدوانێکى خۆیدا باسى لە کێشە ئابوورى و بژێوى و کۆمەڵگەى کردووە، کە ئێستا ڕووبەرووى ئێران بووەتەوە و دووپاتی دەکاتەوە "ئەوانە هۆکارى کشانەوەى ئەمەریکا نییە لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەى لەگەڵ تاران، بەڵکو بەهۆى سیاسەتەکانى تارانە لەسووریاو یەمەن و، پەیوەندییە پچراوەکانیەتى لەگەڵ وڵاتانى دیکە". هێمای بەوەش کردووە "خۆپێشاندانەکانى ساڵى ڕابردوو، نیشانەکەیە بۆ ناڕەزایی گەل لە ڕەوشى ئێستا".

پێشبینى ئەوەشى کردووە "ئەو سیاسەتەى ئێستا پەیڕەو دەکرێت، ڕژێمەکەى بەرەو ڕووخان ببات"، سیاسەتى دەرەوەی وڵاتەکەى لە سووریا و یەمەن بە "شکستخواردوو" وەسف کردووە.

ڕەفسەنجانى داواى سازدانى "ڕاپرسییەکى میللی و ئازادو یاسایی دوور لە پاڵەپەستۆکان" کردووە بۆ ئەوەى شەرعیەتى ڕژێم بەدەست بهێنن، لە پاڵ ئەوەش گفتوگۆیێک بێت بۆ کەیسە ناکۆکەکان و سەرجەم پرسەکان کە ڕووبەرووى ئێران دەبێتەوە. پێی وایە سازدانى ڕاپرسییەکى میللی ئازاد شتێکى نوێ نییە، بەڵکو زۆربەى وڵاتانى ئەو کارە بۆ پێداچوونەوە بە سیاسەتەکانى ئەنجام دەدات، ڕژێمى وڵاتەکەشى هانداوە دوژمنایەتى لەگەڵ وڵاتانى کۆتایی بهێنێت.

دەشڵێت "ئێران لەچاو وڵاتانى جیهان، لە سیاسەتى دەرەوەدا هیچ ڕاستگۆیی تێدا نییە".

ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانى کە دوو ساڵ پێش ئێستا کۆچی دوایی کرد، یەکێک بووە لە کەسایەتییە نزیکەکانى خومەینى و، ڕۆڵێکى کاراشى هەبووە لە دامەزراندنى ڕژێمى ئێستا و بەڕێوەبردنى. بەجۆرێک لە دواى سەرکەوتنى شۆڕشەکەیان بۆ ماوەى هەشت ساڵ سەرۆکى پەرلەمان بووە و دواتر لە شەڕى هەشت ساڵەى ئێران ـ عێراق، فەرماندەى گشتى هێزە سەربازەکانى ئێرانی بووە کە بە فەرمانی خودی خومەینى ئەو پۆستەى وەرگرت.

لە دواى مردنى ڕابەرى پێشووى کۆمارى ئیسلامی، بۆ دوو خوول دەبێتە سەرکۆمار و پاشان بە بڕیارێکى عەلى خامنەیی ڕابەرى ئێستاى ئێران دەبێتە سەرۆکی کۆمەڵەى دیاریکردنى بەرژەوەندییەکانى ڕژێم و لەو پۆستە تا کۆچکردنى دەمێنێتەوە.

فائیزە هاشمی، یەکێکە لە کەسایەتییە ناسراوەکانى بوارى سیاسەت و چالاکوانیدا، لە دواى هەڵبژاردنەکانى ٢٠٠٩ دەبێتە پەرلەمانتار، بەڵام بەهۆى هەڵوێست و چالاکییەکانى بۆ ماوەى شەش مانگ زیندانى دەکرێت.

 

بنەماڵەى سەرکردەکان؛ ڕەخنەکانیان بەردەوامیی هەیە

ەلى موتەهەری ئێستا جێگری سەرۆکى پەرلەمانى ئێرانە

لە ساڵانى ڕابردوو بەشێکى زۆری ڕۆڵەکانى سەرکردەکانى ڕژێمی ئێران ڕەخنەیان لە سیاسەتى وڵاتەکەیان گرت، لەنێو هەموویاندا دیاریترین کەس کەساڵى ٢٠٠٩ ڕەخنەى لە سەرکردە باڵاکانى هزرمەندانى ڕژێمى ئێران گرت، عەلى موتەهەری کوڕى مورتەزا موتەهەری بوو.

عەلى موتەهەری ئێستا جێگری سەرۆکى پەرلەمانى ئێرانە، پێشتر یەکێک بوو لە کەسایەتییە تووندڕەوەکانى ڕژێم، بەڵام دواى سەرکووتکردنى خۆپێشاندەرانى دژى ئەنجامى هەڵبژاردنەکانى ٢٠٠٩، ڕەخنەیەکى تووندی لە تاران گرت. موتەهەری چەندین جار هۆشداریی داوە بەوەى "درێژەدان بەو سیاسەتانە ڕژێم بەرەو هەڵدێر دەبات"، سەرەڕاى ڕەخنەکانیشى ئێستاش لەنێو بازنەى کەسایەتییەکانى ڕژێمە.

لە حوزەیران (جۆزەردان)ى ٢٠١٨ موتەهری هێماى بۆ بەرزبوونەوەى قەیرانە ئابوورییەکانى وڵاتەکەى کرد، کە مانگێک دواى کشانەوەى واشنتۆن بوو لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییە مێژوویەکەى ٢٠١٥ بوون و گووتى "ئەوانەى لە ڕێگەى تەقاندنی مووشەک، ڕێگریان لە جێبەجێکردنى ناوەرۆکەکانى ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکان دەگرت، لە ڕەوشى ئێستاش وڵات بەرپرسیارن". جەختى لەوەش کردەوە "تاقیکردنەوە مووشەکییەکانى سوپاى پاسداران و بە فەرمانى خامنەیی، خاڵێکى ڕوونى پێچەوانەى بەندەکانى ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکە بووە".

چەندین جاریش هۆشداریی داوەتە سوپاى پاسداران لە دەستێوەردانی کاروبارى سیاسى وڵات، دوایین نامەشی کە ئاراستەى فەرماندەى ئەو هێزە کرد نزیکەى سێ مانگ پێش ئێستا بوو و تێدا داواى ڕاگرتنى دەستێوەردانی کاروبارى سیاسی کرد و هاوکات پێی ڕاگەیاند کە چیتر لێدوان لە بارەى پەیوەندییەکانى ئێران ـ ئەمەریکا نەدا.

مورتەزا موتەهری، یەکێک بووە لەهزرمەندانى و تێوردانەرى ڕژێمى کۆمارى ئیسلامی و، یەکێکیش بووە لە داڕێژەرانى دەستوورى ئەو وڵاتە لە دواى سەرکەوتنى شۆرش، بەڵام دواى چەند مانگێک تیرۆر دەکرێت.

مەهدی خەزعەلى، یەکێکی دیکەیە لەوانەى ڕەخنەیان لە ڕژێمى وڵاتەکەیان گردووە، سەرەڕاى دەستگیرکردنى چەندین جار لە نووسین و پەیامەکانیدا بەردەوامی داوە بە هێرشەکانى بۆ سەر ڕژێم، بەتایبەت لەنێو گرتووخانەکان و تیرۆرکردنى کەسایەتییەکان.

نەهددى کوڕى مورتەزا موتەهری

خەزعەلى لەماوەى ڕابردوو هێرشەکانى بۆ سەر حەسەن ڕوحانى سەرکۆمارى ئێران تووندتر کرد و، داواى لێ کرد "دەست لە کار بکێشێتەوە"، پێی وابوو "یەکێکە لە ماسکەکانى ئاسایشى ڕژێم". پێش ئەوانەش ئەحمەد ڕەزائی کوڕى موحسین ڕەزائی سکرتێرى ئەنجومەنى دیارییکردنى بەرژەوەندییەکانى ڕژێم و فەرماندەى پێشووى سوپاى پاسداران ڕەخنەى لە ڕژێمى کۆمارى ئیسلامی گرتووە.

هاجەر ئەحمەد ڕەزائی کە ٢٠ ساڵ پێش ئێستا ڕووى لەو یلایەتە یەکگرتووەکان کردووە، گەڕایەوە ئێران و، لە ڕووداوێکى تەمومژاوی گیانى لەدەست دا.