بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

سەلەفییەکانى بن دەستى کۆمارى ئیسلامى تۆمەتبارن لە هێرشکردە سەر باوە یادگار

سەلەفییەکانى بن دەستى کۆمارى ئیسلامى تۆمەتبارن لە هێرشکردە سەر باوە یادگار
AvaToday caption
posted onFebruary 24, 2021
noبۆچوون

مەرقەدی باوە یایار یا هەمان باوە یادگار کە تەمەنى بۆ سەدەی هەشتی هەتاوی دەگەڕێتەوە، کاتژمێری ٤ی سەر لە بەیانیی دوێنێ سێشەممە ٥ی ڕەشەممە لە لایەن چەند چەکدارێکەوە تەقەى لێ کرا.

 

ئێستا دوو ڕوانگە هەیە لەبارەى تەقەکەرەکانەوە، بە پێى قسەى شاهیدان و خەڵکى ئاوایی زەردەی سەر بە شاری داڵاهووی پارێزگای کرماشان کە مەرقەدەکەى لێیە، تەقەکەرەکان ئەندامانی داعش بوونە و بەو پێیەى داعش وەک گرووپێکى تیرۆریستى و ئیسلامى دژى هەر جۆرە مەرقەد و یادگارێکى کۆنى ئیماندارانە، ئەگەرى هەیە دەستى لە تەقەکردنەکەدا هەبووبێت و وەک بینیشمان هەموو ئاسەوارە کۆن و مێژووییە ئاینییەکانى سوریە و موسڵیان لەنێو برد و تەقاندیاننەوە.

 

ڕوانگەیەکى دیکەش بۆ کێشە و مشتومڕى نێوخۆیی چەکدارکانى کۆمارى ئیسلامی دەگەڕێتەوە کە گوایا لە نێو خۆیاندا بووەتە کێشەیان و بەمەش تەقە لەنێویاندا درووست بووە و بۆ ئەوەى سووکاتیەتى بە خەڵکەکە بکەن بەم شێوەیە مەرقەدی باوە یایار و حەوت دارە پیرەکەیان داوەتە بەر دەستڕێژى گوللە کە لە پێڕستی ئاسەواری نەتەوەیی ئێران تۆمار کراوە.

ئەم ڕووداوە بۆتە هۆی زیانێکی یەکجار زۆر بە مەرقەدەکە و پێویستى بەوە هەیە نۆژەن بکرێتەوە و لە لایەنکى تریشەوە ڕوانگەى ئایینى و خۆشویستى بابا یادگا لە لایەن خەڵکەکەوە سووکایەتى پێ کراوە و خەڵک لەم دۆخە تووڕەیە و لە بەرامبەریشدا چەکدارەکان تا ئێستا دیار نین و ڕایانکردووە و کۆمارى ئیسلامى لەم بارەوە هیچ لێدوانێکى نەداوە و بێدەنگەى لێ کردووە.

هەرچەندە خەڵکی ناوچە دەمێکە بە هۆی سەلەفییەکانی ناوچەی ڕێژاو تەنگیان پێ هەڵچێنراوە و لەم بارەشەوە سکاڵایان لاى ڕژێمى ئاخوندى تۆمار کردووە کەچى کەس بە هانایانەوە نەچووە و وەڵامیان نەدراوەتەوە، چونکە بوونى ئەم سەلەفیانە و ڕێگەپێدنیان خۆى لە پلان و پیلانى کۆمارى ئیسلامیدایە، وەک چۆن لە ناوچەکانى مەریوان و هەورامانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان ڕێگەیەکى واڵا کردووە بۆ سەلەفیە ئیسلامییەکان و گرووپە تیرۆریستییەکانى سەر بە داعش مەقەڕ و بنکەیان هەبێت و ڕاهێنان بکەن و خەڵکى ڕابکێشن بۆ نێو ڕیزەکانیان، وەهاش کارى بەو سەلەفیانەوە نییە کە بانگەشە بۆ داعش دەکەن و تەنانەت لە لایەن سوپای پاسدارانەوە پاڵپشتی ماددی و مەعنەوییان دەکرێت بۆ دژایەتیکردنی یارسانەکان و هەر ئەمەش واى لە یارسانەکان کردووە کە ڕۆژانە ڕووبەڕووى سووکایەتى ببنەوە.

هەر لەبەر ئەمەشە لەمێژە یارسانییەکان دەیانەوێت خۆیان بپارێزن و هەوڵیان داوە ڕیزەکانیان یەک بخەنەوە تا بەرگرى لە کەرامەت و شوێنە ئایینییەکانیان بکەن.

سوپای تیرۆریستى پاسداران بە هەموو شێوەیەک ئاسانکاری دەکات بۆ پەرەسەندن و زیاتربوونى ڕیزى سەلەفییە توندئاژۆکان لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان تا لەم ڕێگەیەوە بەرەى ئایینى کوردەکان تێک بدات و بە دروستکردنى جیاوازى ئایینى و توندئاژۆیی کرماشان بەرەو دۆخێکى ناهەموار بەرێت کە دواتر بتوانێت لەو ڕێگەیەوە دەست بەسەرکوتى زیاتر بکات، ئەمە لە حاڵێکدایە کە پارێزگای کرماشان بە درێژایی مێژوو، شوێنگەیەک بووە بۆ پێکەوەژیانى سونە و شیعە و یارسان و کەلیمییەکان.

شایەنى باسە باوه یایارى کوڕی سوڵتان سەهاک و لە پیرانی یارسان و یەکێکە لە حەوت پیر و مورشیدە پیرۆزەکەیە کە گڵکۆکەی لە گوندی زەردەی سەر بە شاری داڵاهووی پارێزگای کرماشان و نزیک قەڵای یەزدگرد و لە پێ شاخی تەختی سەرانەی داڵاهوو هەڵکەوتووە.

ئەم مکەرقەدە لەبەر حەوت دارە پیرەکەی بەناوبانگە کە دوو داری چەنار و دوو داری سەرو و سێ داری قەزوانن کە چنارەکان تەمەنیان ۹۰۰ ساڵ و داری سەروەکەش  ۲۲۰ ساڵ و تەمەنی داری قەزانەکانیش لە نێوان ١٥٠ بۆ ٢٠٠ساڵە. باوە یایار کۆڕی سولتان سەحاک و  «داده سارا» لە سەدەی هەشتی هەتاوی لە دایک بووە و لە گەنجیدا بۆ بانگەشەی ئایینی یارسان چووەتە هیندوستان و پاکستان و پاشان بووەتە یەکێک لە حەوت پیر و مورشیدە پیرۆزەکەى یارسان. باوە یایار هەرگیز ژنى نەهێناوە و منداڵی نەبووە و ئێستا تەریقەتەکەی بە باشى و چالاکییەوە درێژە پێ دەدرێت.