بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

هونەرمەند و وەرزشکار و نووسەرانى بەرەى خەڵک ڕێگە نادەن کۆمارى ئیسلامى بە مەرامەکانى بگات

هونەرمەند و وەرزشکار و نووسەرانى بەرەى خەڵک ڕێگە نادەن کۆمارى ئیسلامى بە مەرامەکانى بگات
AvaToday caption
posted onJanuary 14, 2021
noبۆچوون

ڕاکەرە ماراتۆنییەکەى پیرانشار، لە شارەکەى خۆیەوە تا گڵکۆى مامۆستا ماملێ بە ڕاکردن ڕۆیشت وەک نیشانەیەک لە نیشتمانپەروەرى و دڵسۆزینیشاندانى خەڵکى پیرانشار بۆ ئەم هونەرمەندە گەورەیە کە جاشەکانى کۆمارى ئیسلامى گڵکۆکەیان تێک دا!

 

هێمن شێخە ڕاکەرى ماراتۆن و خەڵکى پیرانشار لە شارەکەى خۆیەوە پیرانشار تا مەهاباد بە "عەشقى ماملێ" ڕاى کرد و خۆشى لەم بارەوە گوتى: "کاتێک دڵ لەگۆڕێ بێت و عاشق بۆ سەرچاوەیەکى تایبەت، مرۆڤ داگیر بکات، مەبەست و ئامانجەکان هەمیشە نێزیک دەبنەوە".

شێخە باسی لەم هەنگاوەشى کرد و گوتى: "ئەم کارەى من لە ڕاستاى مەحکومکردن و دژایەتیکردنى بێ ڕێزییە بە گڵکۆى هونەرمەند و مامۆستاى مۆسیقاى فۆلکلۆرى کوردى محەمەدى ماملێ کە بەداخەوە لە لایەن چەند کەسێکەوە تێک درا".

سەبارەت بە بڕینى ئەو دوورییە و بڕینى دەیان کیلۆمەترییە، شێخە گوتى: "مەگەر دەکرێت بەرامبەر دژایەتى و بێڕێزی بە مامۆستاى مۆسیقى گەلى کورد و کەسایەتى دووبارەنەبووەوەى مامۆستا محەمەد ماملێ و بەتایبت ئاواز و گۆرانى نەمردى لایە لایەى مامۆستا، بێدەنگ بین و ئەو بێ ڕێزییە مەحکوم نەکەین، بۆیە من بڕینى ئەو هەموو مەودایەم بە ئەرک و بەرپرسیاریەتى خۆم زانیوە تا ئەم کارە گڵاوە مەحکوم بکەم و بە هەموویان بڵێم کە محەمەدى ماملێ تەنیا هى چین و توێژ و ڕەوتێکى تایبەت نەبووە و نییە، بەڵکو بە بڕواى من لەسەر هەموو کەسێکە کە ئەم جووڵە ناشایستەیە مەحکوم بکات و ئەم کارەى منیش سەلمێنەرى ئەوەیە کە هونەر و وەرزش و فەرهەنگ و مۆسیقا هەرگیز لەیەکترى جیا نین و بە شێوەى زنجیرئاسا پێکەوە بەستراونەتەوە".

شایەنى باسە شێخە نزیکەى ٤٠ میداڵى لە بوارى ماراتۆندا هەیە و یەکێکە لە کەسە نیشتمانپەروەرەکانى پیرانشار، کەچى کەمترین پشتیوانى لێ کراوە لە لایەن ڕژێمى کۆمارى ئیسلامییەوە و دواى تێکدانى گڵکۆى ماملێ، شێخە بە ڕاکردن گەیشتە مەهاباد و لە لایەن بنەماڵەکەى مامۆستا ماملێ پێشەوازییەکى گەرمی لێ کرا و وەک خۆى دەڵێت "پێشوازى ئەم بنەماڵە گەورەیە بۆ من بێ وێنە بوو هەرچەندە کە چاوەڕوانی وەها پێشوازییەکم لەوان نەبوو، چونکە من ئەم هەنگاوەم وەک ئەرک و بەرپرسیاریەتى خۆم ئەنجام داوە کە بە خۆشییەوە توانیم بە سەرکەوتووییەوە ئەنجامى بدەم".