بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ئەمریکا دوای ٢٧ ساڵ سودانی لە لیستی تیرۆر دەرهێنا

ئەمریکا دوای ٢٧ ساڵ سودانی لە لیستی تیرۆر دەرهێنا
AvaToday caption
posted onDecember 15, 2020
noبۆچوون

وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە بە شێوەی فەرمی سودانی لە لیستی وڵاتانی پشتیوانی تیرۆر دەرکرد.

 

بە پێی ڕاگەیاندنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە خارتوم، مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، دوای تەواو بوونی دەورەی ٤٥ ڕۆژەی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە بە کۆنگرە، بڕیاری هێنانە دەری سودان لە لیستی وڵاتانی پاڵپشتی تیرۆری واژۆ کردووە.  وڵاتی سودان لە ساڵی ١٩٩٣ بەولاوە لە لیستی تیرۆری ئەمریکا دابوو.

لە دوای ڕووخانی حکومەتی سەرکۆماری پێشووعومەرئەلبەشیر، سودان لە هەوڵی ئەوە دابوو لە لیستی وڵاتانی پاڵپشتی لە تیرۆری ئەمریکا بێتە دەرەوە. ئەوە بابەتێک بوو کە ڕێگر بوو لە بازرگانی خارتوم دەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و هەروەها سەرمایەدانان لەو وڵاتە.

سەرکۆماری ئەمریکا، دۆنالد ترامپ رۆژی ٢٨ی ڕەزبەری ئەمساڵ گووتبووی، سودان لە لیستی وڵاتانی پاڵپشتی تیرۆر دێنێتە دەرەوە و دەوڵەتی سودان ٤ ڕۆژ دوای ئەمە، ڕەزامەندی دەربڕی پێوەندییەکانی دەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی سودان ڕەتیان کردووەتەوە، لە پێناو هاتنە دەرەوەی ناوی وڵاتەکەیان لە لیستی وڵاتانی پاڵپشتی تیرۆر، باج بە ئەمریکا بدەن.

سەرکۆماری ئەمریکا دوای ڕاگەیاندنی بڕیاری ئاسایی کردنەوەی پێوەندییەکانی سودان دەگەڵ ئیسرائیل، ڕۆژی ٥ی گەڵاڕێزان بە کۆنگرەی وڵاتەکەی ڕاگەیاندبوو کە تەمای هەیە سودان لە لیستی وڵاتانی پشتیوانی تیرۆر بێنێتە دەرەوە.

لە لایەکی دیکە سودان ڕەزامەندی دەربڕیوە ٣٣٥ ملیۆن دۆلار پوڵ بدات بە کەسوکاری قوربانیانی هێرش بۆ سەر باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا لە کێنیا و تانزانیا کە ساڵی ١٩٩٨ ئەنجام درابوو. بەهۆی هێرشی ئەلقاعیدە بۆ سەر باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا لە نایروبی و داروسەلام زیاتر لە ٢٠٠ کەس کووژران.

عومەر ئەلبەشیر، سەرکۆماری پێشووی سودان لە دەیەی ١٩٩٠ بۆ ماوەیەک ئیزنی مانەوە لەو وڵاتەی بە ڕێبەری ئەو سەردەمی ئەلقاعیدە ئوسامە بن لادن ئەندامانی دیکەی ئەو گرووپە تیرۆریستیە دابوو.

کۆنگرەی ئەمریکا دوای ئاگاداربوونەوە لە بڕیاری دەوڵەت بۆ سڕینەوەی ناوی یەکێک لە وڵاتانی پشتیوانی تیرۆر لە لیستی ئەو وڵاتانە، ٤٥ ڕۆژی کات لەبەر دەستە بۆ ئەوەی دژایەتی بکات. کۆنگرەی ئەمریکا دژایەتی هێنانە دەری سودان لە لیستی وڵاتانی پاڵپشتی تیرۆری نەکرد.