Ana içeriğe atla

عەبدوڵا ئۆجەلان داوای کرد پەکەکە چەک دابنێت و خۆی هەڵوەشێنێتەوە

شاندی ئیمرالی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان
شاندی ئیمرالی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان
posted onFebruary 27, 2025
noyorum

عەبدوڵا ئۆجەلان داوای لە پارتی کرێکارانی کوردستان کرد چەک دابنێت و خۆی هەڵوەشێنێتەوە و لە کۆنگرەیەکدا بڕیار لەسەر ئەم بابەتە بدات.

عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پە.کە.کە، رۆژی 27.02.2025 پەیامە مێژووییەکی خۆی بڵاو کردەوە و لەودا گوتی: " بانگەوازی چەکدانان دەکەم و بەرپرسیارێتی مێژوویی ئەم بانگەوازە هەڵدەگرم".

پەیامی عەبدوڵا ئۆجەلان لەلایەن شاندی دانوستانکاری ئیمرالییەوە خوێندرایەوە.

 

دەقی پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە:

بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتی

پەکەکە لە سەدەی ٢٠دا، لە توندترین سەدەی مێژوودا دامەزرا. ئەو زەمینەی کە پەکەکەی تێدا دروستکرا زەمینەی دوو شەڕی جیهانی، سۆسیالیزمی واقیعی و سەردەمی شەڕی سارد لە جیهاندا بوو. لەم زەمینەدا نکۆڵیکردن لە ڕاستی کوردەکان، قەدەغەکردنی ئازادییەکان، بەتایبەتی قەدەغەکردنی ئازادی بیروڕا لە ئارادا بوو.

لە بواری تیۆری، بەرنامە، ستراتیژی و تاکتیکدا کاریگەری ڕاستی سیستەمی سۆسیالیزمی واقیعی سەدەکە لەسەر ئەم دامەزراندنە دروستبووە. لە ساڵانی ١٩٩٠دا، بەهۆی ڕووخانی ناوخۆیی سۆسیالیزمی واقیعی، شکستی نکۆڵیکردن لە ناسنامە لە وڵات و گەشەسەندنی ئازادی بیروڕا، بووە هۆی ئەوەی کە پەکەکە واتای خۆی تێپەڕێنێت و خۆی زیاتر دووبارە بکاتەوە. بەم هۆیەوە ئەویش وەکو ئەوانی تر گەیشتووەتە کۆتایی ژیانی خۆی و پێویستی بە هەڵوەشاندنەوەی هەیە.

پەیوەندییەکانی کورد و تورک؛ لە مێژووی زیاتر لە هەزار ساڵدا تورکەکان و کوردەکان بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە بوونی خۆیان و لە دژی هێزە هەژموونییەکان لەسەر پێی خۆیان بمێننەوە، هەمیشە پێویستیان بەوە بینیوە کە بە دڵسۆزی لە ناو هاوپەیمانێتییەکدا بمێننەوە.

دوو سەد ساڵی کۆتایی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری، شکاندنی ئەم هاوپەیمانێتییەی کردووەتە ئامانجی خۆی. ئەو هێزانەی کە کاریگەرییان لەسەر بووە، لەگەڵ بنەماکانی چینایەتی خۆیان، خزمەتی ئەمەیان بە بنەما گرتووە. ئەم پرۆسەیە بە شیکردنەوە یەکدەستەکانی کۆمار خێراتر بووە. ئەرکی سەرەکی ئەوەیە کە پەیوەندی مێژوویی کە ئەمڕۆ شکاوە، بە ڕۆحی برایەتی و یەکێتی، هەرچەندە باوەڕەکانیش پشتگوێ نەخەین، لە نوێوە ڕێکخستنەوە بکەین.

پێویستی کۆمەڵگای دیموکراتی حاشاهەڵنەگرە. پەکەکە، لە مێژووی کۆماردا درێژترین و بەرفراوانترین بزووتنەوەی ڕاپەڕین و توندوتیژییە. لەبەر ئەوەی کە ڕێگای سیاسەتی دیموکراتی داخرابوو، پەکەکە بەهێز بوو و پشتگیری وەرگرت.

دەوڵەت-نەتەوە جیاوازەکان، فیدراسیۆن، خۆسەری ئیداری و چارەسەرییە کولتوورییەکان کە ئەنجامی پێویستی نەتەوەپەرستی توندن، ناتوانن بۆ سۆسیۆلۆژیای کۆمەڵگای مێژوویی ببنە وەڵام.

ڕێزگرتنی ناسنامەکان، ئازادی بیروڕا، ڕێکخستنبوونی دیموکراتیک، دروستکردنی کۆمەڵایەتی-ئابووری و سیاسی هەموو پێکهاتەکان، تەنها بە بوونی کۆمەڵگا و بواری سیاسی دیموکراتی مومکینە.

سەدەی دووەمی کۆمار تەنها کاتێک بە دیموکراسی تاجدار بکرێت دەتوانێت ببێتە خاوەنی یەکێتی و بەردەوامییەکی مانەوە. جگە لە دیموکراسی هیچ ڕێگایەکی گەڕان بەدوای سیستەمەکان و پێکهێنانیان نییە و مومکین نییە. ڕێککەوتنی دیموکراتی ڕێبازی بنەڕەتییە.

دەبێت زمانی سەردەمی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیش بەپێی ئەم ڕاستییە پێشبخرێت.

ئەو بانگەوازەی کە بەڕێز دەوڵەت باخچەلی کردی، ئەو ئیرادەیەی کە بەڕێز سەرۆک کۆمار نیشانی دا و نزیکبوونەوە ئەرێنییەکانی پارتەکانی تر ئەم پرۆسەیەی دروستکرد و منیش لەم پرۆسەیەدا بانگەوازی چەکدانان دەکەم و بەرپرسیارێتی مێژوویی ئەم بانگەوازە هەڵدەگرم.

چۆن کە هەر کۆمەڵگا و پارتێکی هاوچەرخ کە بوونی بە زۆری کۆتایی پێ نەهاتووە، ئێوەش بە دڵسۆزی کۆنگرەی خۆتان کۆبکەنەوە و بڕیار بدەن؛ دەبێت هەموو گرووپەکان چەکەکانیان دابنێن و پەکەکە خۆی هەڵوەشێنێتەوە. من سڵاوی خۆم بۆ هەموو کەسانێک دەنێرم کە باوەڕیان بە ژیانی هاوبەش هەیە و گوێ لە بانگەوازی من دەگرن.

 

 ٢٥ شوبات ٢٠٢٥ 

عەبدوڵڵا ئۆجەلان