Ana içeriğe atla

ئەردۆگان کار لەسەر بەکارهێنانى ئۆجەڵان دەکات

ئەردۆگان کار لەسەر بەکارهێنانى ئۆجەڵان دەکات
AvaToday caption
posted onJanuary 16, 2022
noyorum

پرسی یەکلایی کردنەوەى هەردوو کەیسى عەبدوڵلا ئۆجەڵان، سەرۆکى پارتى کرێکارانى کوردستان و، سەلاحەددین دەمیرتاش، سەرۆکى پێشووی پارتى گەلانی دیموکرات، لەلایەن پارتی دادو گەشەپێدانى دەسەڵاتی تورکیاوە، بووەتە بابەتى گفتوگۆی هەڵبژاردنەکانى داهاتووی ئەو وڵاتە.

 

لەدوایین هەڵوێستى خۆیدا رەجەب تەیب ئەردۆگان، لەکۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ئەندامانى حزبەکەى ئەو پرسەى خستۆتەروو، وەک رێگەچارەیەک بۆ دەربازبوون لەو قەیرانەی پارتەکەى لەتورکیا تێی کەوتووەو، مەترسیی دۆڕاندنیان هەیە لەهەڵبژاردنى ساڵى ٢٠٢٣ ـدا.

هاوکات کەیسى سکاڵاى داخستنى پارتى گەلانى دیموکرات (هەدەپە)، کەئێستا لەدادگاى دەستوورییە، هەڵپەسێدراوەو، لێدوانەکەى ئەردۆگان دەربارەى هەردوو سەرکردە سیاسییەکەى کورد، دەنگۆی ئەوەى بڵاوکردۆتەوە کە " ئەگەری ئەوە هەیە گرێبەستێکى نوێ لەنێوان ئۆجەڵان و حکومەتى تورکی بێتە ئاراوە بۆ ئەوەى کاریگەرى لەسەر هەڵوێستى دەنگدەرانى هەدەپەو کوردەکان دروست بکات بۆ ئەوەى لەقازانجی پارتى دەسەڵات بشکێتەوە".

ئەو پێشهاتانەش یەک لەدواى یەکدا هاتن، بەتایبەت دواى ئاشکرا کردنى وێنەى سیمرا گوزێل، ئەندامى هەدەپە لەگەڵ ئەندامێکی پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە)، کە لە ئۆپەراسیۆنێکى سەربازی ساڵى ٢٠١٧ کوژراوەو، راپۆرتى لەسەردا بڵاوکراوەتەوە بۆ هەڵگرتنى پارێزبەندی ئەو پەرلەمانتارە.

لەو بارەیەوە دەوڵەت بەهجەلی، رێبەرى پارتى بزوتنەوەى نەتەوەپەرستى، رایگەیاندبوو " ئەوان رێگە بە هەدەپە نادەن لەپەرلەمانى تورکی بن".

لەلایەن خۆیەوە ئەردۆگان پارتى گەلى کۆمارى و پارتى ساڵح و پارتەکانى ئۆپۆزسیۆن تومەتبار کرد بەوەى "هاوپەیمانیەکى نهێنی"ـیان لەگەڵ هەدەپە هەیە، بۆیە بێدەنگییان بەرامبەر گوزێل هەڵبژاردووە.

بەڵام پەرلەمانتارەکەى هەدەپە ئاشکراى کرد " ئەو وێنەیە لەنێوان ٢٠١٤ و ٢٠١٥ کاتێک پرۆسەى چارەسەری بەرێوەدەچوون گیراوەو، ئەوکاتەش ئەندامى هەدەپە نەبووە، تاوەکو تومەتبار بکرێت".

لەو نێوەندەش دەمیرتاش، هاوسەرۆکى پێشووی هەدەپەش گووتى " سیاسییەکان بەرپرسن بەرامبەر گەل و پارتەکەیان و پەرلەمان و دادگایەکى بێلایەن".

تایبەت بەکەیسەکەى ئۆجەڵانیش، رێبەرەکەى پەکەکە بۆ هەڵبژاردنە شارەوانییەکەى ٢٠١٩ داواى لەهەدەپە کرد، بێلایەن بێت، بەڵام هیچ دەنگدانەوەیەکى لەنێو دەنگدەرانى کوردو، هەدەپە هیچ کاریگەرییەکى دروست نەکرد، بەڵام پەیامەکەى دەمیرتاش، داواى لەدەنگدەران کرد " بەچڕی بەشداریی هەڵبژاردنەکان بکەن و، دەنگیان یەکلایی کەرەوە بێت".

بۆیە لەڕاگەینراوەکەى ٢٣ حوزەیرانى ٢٠١٩، پێش دوو رۆژ لەئەنجامی هەڵبژاردنەکانى تورکیا، پاڵپشتى لەئەکرەم ئیمام ئۆغلۆ، پاڵیۆڕاوی پارتى گەلی کۆمارى کردو، توانى بەجیاوازیی  ٨٠٠ هەزار دەنگ دووبارە لەپاڵیۆراوەکەى ئەکەپەی دەسەڵاتدار بباتەوە.

دەنگی دەنگدەرانى کورد پێش هەڵبژاردنەکان گرنگییەکى ستراتیژیی هەیە، بەتایبەت لەکاتێک بڕیار بدرێت پێشوەخت بەرێوەبچێت، بۆیە لەخوولى دووهەمی هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى گرنگییەکى یەکلاکەرەوەى دەبێت.

بۆیە لەساڵى ٢٠١٩ هەدەپە هیچ پاڵیۆڕاوێکى بۆ شارە گەورەکان کاندید نەکرد، بەڵکو ئەو پرسەى بۆ پارتى گەلى کۆماری ئۆپۆزسیۆن جێهێشت، لەبەرامبەردا پاڵپشى لەو شارەوانیانە بکات، ئەوان کاندیدیان هەیە. بەو هۆیەوەش هاوپەیمانى (ئوممە)ـى دەسەڵاتدار گەورەترین دۆڕاندنى بەخۆیەوە بینی.

ئێستاش چاوەڕوان دەکرێت پەیامێکی نوێ لەنێو ئیمراڵییەوە بۆ هەدەپەو دەنگدەرانى کورد ڕەوانە بکرێت، بۆ ئەوەى پاڵپشتى لەئەکەپە بکرێن بۆ ئەوەى لەهەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى و سەرۆکایەتى زۆرینە بەدەست بهێنن، یاخود ئامادەسازی بۆ هەڵبژاردنەکانى حوزەیرانى ٢٠٢٣ بکرێن.

ئەو زانیارییانەى ئێستا باسی لێوە دەکرێن و، خراوەتە بەردەم ئەردۆگان کۆمەڵێک بژاردە لەخۆ دەگرێت، کە بەرپرسانى ئەنکەرا دەیانەوێ لەگەڵ دەمیرتاش و ئۆجەڵان بیخەنەروو.

هاوکات عومەر فاروق ئەمینا ئۆغلو، سەرۆکى پێشووى یەکێتى دادوەران و داواکارییە گشتیەکانى تورکیا، باسى لەوە کردووە " ئۆجەڵان دواى ٢٥ ساڵ لەزیندانى مافى ئەوەى هەیە لەنێوان ئازادکردنێکى مەرجدار، یاخود نیشتەجێبوونێکى زۆرەملێ بەدەست بهێنێت، یانیش بەتەواوی ئازاد بکرێت".

بەپێچەوانەى ئەو سێ بژاردەیە، ئەوا بڕیاری لەسێدارەدانى بۆ هەژمار دەکرێت، چونکە ئەو سزادانەى بەدەستیهێناوە، پێچەوانەى یاساکانى یەکێتى ئەورۆپا بۆ مافەکانى مرۆڤە.

چاوەڕوانیش دەکرێت، لە ٢٥ شوباتى ٢٠٢٤ ئۆجەڵان ٢٥ ساڵ زیندانى تەواو بکات، ڕەنگیشە لەدواى ئەو بەروارەوە داوایەک پێشکەش بەدادگاکانى ئەنکەرا بکرێن.

پێشبینى ئەوەش دەکرێت ئۆجەڵام لەرێگەى پارێزەرەکانیەوە دووبارە داوا لەدەنگدەرانى کورد بکاتەوە بەبێلایەنى بمێننەوەو، نەچنە سەر سەندوقەکانى دەنگدان، بەتایبەت لەخوولى دووهەمی هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى، کەئەمەش چانسى ئەردۆگان زیاتر دەکات، لەبەرامبەردا دوو یەکەم بژاردەى سەرەوە بەدەست بهێنێت.

چاودێران پێیان وایە " بانگەشەکەى ئۆجەڵان ڕەنگە دەمیرتاش و هەدەپە بکاتە ئامانج، ئەگەریش سەرکەوتوو بێت لەدابەشکردنى دەنگدەرى کورد، ئەوان دیسانەوە لەقازانجی هاوپەیمانیەکەى ئەردۆگان دەبێت". مەترسیی ئەوەش لەئارادایە ئەنکەرا ئامادە نەبێت ملکەچی رێکەوتنە نهێنیەکەى نەبێت لەگەڵ ئۆجەڵان.

بۆیە ئێستا ئەکەپە، بەهیچ شێوەیەک ئامادە نیە، هەڵبژاردنى پێشوەختە لەوڵاتەکەى بەرێوەبچێت، تا دواى شوباتى ٢٠٢٤ ، بۆ ئەوەى ئەو کات کاغەزی براوەى ئۆجەڵان بەکارنەهێنێت، چونکە باشترین دەستکەوتى سیاسیی بۆ دەمێنێتەوە، چ لەجێبەجێکردنى بڕیارە یاساییەکەى بەرامبەر رێبەرەکەى پەکەکە یاخود پشتگوێ خستنى ئەو داوایە.

بۆیە ترسەکان لەوەیە ئەنکەرا کار لەسەر دابەشکردنى دەنگدەری کورد لەنێوان ئۆجەڵان و هەدەپە بکات، بۆ ئەوەى بەهەمان شێوەى کاڤالاو دەمیرتاش رێبەرەکەى پەکەکە لەئیمراڵى بهێڵێتەوەو، گوێش لەو نەگرێتەوە.

لەماوەى رابردوو ئەنکەرا چەندین جاریش ئەو کەیسەى بۆ بەرژەوەندی سیاسی خۆی بەکارهێناوەو، دواتر لێی پاشگەزبووەتەوە.

چاوەڕوانیش دەکرێت لەماوەى داهاتوو گەرمترین بابەتى سیاسیی ناوخۆیی تورکیا بابەتى ئۆجەڵان و دەمیرتاش بێت.