ماڵپەرێکی خۆجێیی لە دێرەزوور ڕایگەیاند، شانەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی و لاینگرانی بەشار ئەسەد لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریەی دیموکرات، جموجۆڵیان هەیە و چالاکن.
سەرچاوە خۆجێیەکان بڵاویان کردووەتەوە ڕۆژی سێشەممە لە شار و ئاواییەکانی سەر بە دێرەزوور کە لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریەی دیموکرات (هەسەدە)دایە، تراکت و نووسراو بڵاو کراوەتەوە کە تێیدا داوا لە خەڵکی ئەو ناوچانە کراوە دژی هێزەکانی سوریەی دیموکرات و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ڕاپەرن.
بە گووتەی هەواڵنێری کانالی دێرەزوور ٢٤، لە بەشی ڕۆژهەڵاتی ئەو شارە، شانە شاراوەکانی سەر بە ڕژیمی ئەسەد بەرپرسی بڵاوکردنەوەی ئەو تراکت و بڵاوکراوانە بوونە.
لە تراکتەکاندا نووسراوە "کاتی ئەوە هاتووە دژ هێرشکەرانی زێدەخواز یەک بگرین"، "لەو خاکە هیچ جێگەیەک بۆ ئەمریکای تاوانکار نابێتەوە"، "ئەوان بکوژی منداڵان و ژنان و کەسانی بەتەمەنن"، "وەرن دژی ئەوان و بۆ سوریەیەکی ئارام و سەقامگیر تێکۆشین" و "ژیانێکی ئارام بۆ منداڵەکانمان مافی بێ ئەملاو ئەولای ئیمەیە".
بڵاوبوونەوەی ئەو تراکت و بڵاوکراوانە دوای ئەو خۆپێشاندانە دێت کە خەڵکی ئەو ناوچەیە ئەنجامیان دا و داوایان دەکرد هێزەکانی ئەسەد و ملیشیا ئێرانییەکان، رۆژهەڵاتی فورات بە جێ بێڵن.