بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

کۆمارى ئیسلامى هاوکارى بەشار ئەسەدە لە دێرەزوور

کۆمارى ئیسلامى هاوکارى بەشار ئەسەدە لە دێرەزوور
AvaToday caption
posted onSeptember 25, 2019
noبۆچوون

ماڵپەرێکی خۆجێیی لە دێرەزوور ڕایگەیاند، شانەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی و لاینگرانی بەشار ئەسەد لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریەی دیموکرات، جموجۆڵیان هەیە و چالاکن.

 

سەرچاوە خۆجێیەکان بڵاویان کردووەتەوە ڕۆژی سێشەممە لە شار و ئاواییەکانی سەر بە دێرەزوور کە لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریەی دیموکرات (هەسەدە)دایە، تراکت و نووسراو بڵاو کراوەتەوە کە تێیدا داوا لە خەڵکی ئەو ناوچانە کراوە دژی هێزەکانی سوریەی دیموکرات و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ڕاپەرن.

بە گووتەی هەواڵنێری کانالی دێرەزوور ٢٤، لە بەشی ڕۆژهەڵاتی ئەو شارە، شانە شاراوەکانی سەر بە ڕژیمی ئەسەد بەرپرسی بڵاوکردنەوەی ئەو تراکت و بڵاوکراوانە بوونە.

لە تراکتەکاندا نووسراوە "کاتی ئەوە هاتووە دژ هێرشکەرانی زێدەخواز یەک بگرین"،  "لەو خاکە هیچ جێگەیەک بۆ ئەمریکای تاوانکار نابێتەوە"، "ئەوان بکوژی منداڵان و ژنان و کەسانی بەتەمەنن"، "وەرن دژی ئەوان و بۆ سوریەیەکی ئارام و سەقامگیر تێکۆشین" و "ژیانێکی ئارام بۆ منداڵەکانمان مافی بێ ئەملاو ئەولای ئیمەیە".

بڵاوبوونەوەی ئەو تراکت و بڵاوکراوانە دوای ئەو خۆپێشاندانە دێت کە خەڵکی ئەو ناوچەیە ئەنجامیان دا و داوایان دەکرد هێزەکانی ئەسەد و ملیشیا ئێرانییەکان، رۆژهەڵاتی فورات بە جێ بێڵن.