Skip to main content

مافیاکانى بیگلەرى دەستیان بەسەر بازاڕى بانەدا گرتووە

مافیاکانى بیگلەرى دەستیان بەسەر بازاڕى بانەدا گرتووە
AvaToday caption
دوو بازرگانى سەر بە ئیتلاعات ڕسقى بازاڕیان و کۆڵبەرانى بانەیان بڕیوە
posted onSeptember 15, 2020
nocomment

بە پێى هەواڵى گەیشتوو لە کاسپاکاران و بازاڕیانى شارى بانەى ڕۆژهەڵاتەوە بە تۆڕى میدیایی ئاڤاتودەى، "بە هۆى بەسترانى دەروازە سنوورییەکان و نەمانى کار و کاسپى، خەریکە خاوەن دووکان و بازاڕەکان مایەپووچ دەبن و ئاستى داراییان هەتا دێت زیاتر دادەبەزێت".

 

(م.خ) کە هاووڵاتییەکى بانەیی و خاوەن پشکى نێو بازاڕەکەیە دەڵێت "ئێمە بازاڕییەکان و خەڵکى بانە پاش بەستنى سنوورەکان ڕۆژ و شەو نییە شاهیدى کوژران و بریندارکردنى خۆشەویستان و خزمانمان نەبین کە وەک کۆڵبەر لە نێو سنوورەکەدا خەریکى کۆڵبەرین، کەچى لەم نێوەندەدا مافیایەکى سەر بە هەنگى سنوورى و سوپاى پاسداران و ئیتلاعاتى شارەکە هەیە کە سوودمەندن لە قاچاخى سنوورى".

ئەم هاووڵاتییە باسى لەوە کرد کە "کەریم مەحموودى" خاوەن مارکەى ساختەکراوى "ناسا" بۆ کەلوپەلى ماڵ و "مەحموود مەحموودى" خاوەن مارکەى ساختەى "عەرشیا"یە کە کەلوپەلەکانیان لە چینەوە هاوردە دەکەن کەچى مارکەى ناسا لەسەرى نووسراوە دروستکرداوى ئەڵمان و لەسەر عەرشیاش نووسراوە دروستکراوى فەڕەنسا، هەردووکیان کەلوپەلەکانیان لە سنوورى سەیرانبەندەوە بە ئاسانى و بێ هیچ بەربەرستێک دەهێننە بانە و باجى گومرگى زۆر کەم و لە خوارەوەى (٣٠%) دەدەن و ڕێگەش نادەن خەڵکى سنوورەکە کار و کاسپى خۆى بکات.

بازاڕى بانە

هاووڵاتییەکى دیکەى نێو بازاڕى بانە دەڵێت کێشە نییە کێ کار دەکات با بیکات، کێشەکە ئەوەیە کە بازاڕى بانە کە بازاڕێکى گەورەى سنوورییە، تەنیا لە بن دەستى دوو کەسدا بێت و "ئەم پاشاگەردانییەش کاتێک دەستى پێ کرد کە موحسین بیگلەرى نوێنەرى کۆمارى ئیسلامى بوو لە پەرلەمان" و خەڵکى بانەش کە هانایان بۆ بێهزاد ڕەحیمى ئەندام پەرلەمانى نوێى بردووە، بە ئاشکرا بە بانەییەکانى گوتووە ئەم دوو کەسە بە هاوکارى بیگلەرى خەریکى بازرگانی و دەستبەسەرداگرتنى بزنسى خەڵکەکەن لە شارەکەدا و ئەو ناتوانێت هیچ بگات و ناتوانێت پێش بە مافیابازاڕییان بگرێت و تەنانەت کۆسپ بۆ کارەکانى بێهزاد ڕەحیمى دروست دەکەن.

هەرچەندە کەریم مەحموودى خاوەن مارکەى ساختەکراوى ناسا و مەحموود مەحموودى خاوەن مارکەى ساختەى عەرشیا، خزم نین، بەڵام بە هاوکارى بیگلەرى و ئیتلاعات و سوپا کەلوپەلەکان دەهێننەوە نێو بانە و لەو کارگەیەى کە لە شارەکى پیشەسازى بانە دایانناوە، مارکەى ئەڵمانى و فەڕەنسى لە کەلوپەلەکان دەدەن و مۆنتاژیان دەکەنەوە و دەیخەنە نێو بازاڕەوە.