Skip to main content

یەکیەتی ئەوروپا هەڕەشەی گەمارۆی نوێ لە تورکیە دەکات

یەکیەتی ئەوروپا هەڕەشەی گەمارۆی نوێ لە تورکیە دەکات**
AvaToday caption
posted onJuly 15, 2020
nocomment

وەزیرانی دەرەوەی ٢٧ وڵاتی ئەندامی یەکیەتی ئەوروپا کە دانیشتنی بروکسێل بڕیاریان دا وێرای دیتنەوەی ڕێگەچارە بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزیەکان لەگەڵ تورکیە لە مەدیتەرانە، بڕیاریدان گوشارەکانیان لەسەر تورکیە لە ڕێگەی کارتی گەمارۆکان بپارێزن.

 

وەزیرانی دەرەوەی یەکیەتی ئەوروپا بەو ئاکامە گەیشتن مانگێکی دیکە کات بدەن بە تورکیە بۆ ئەوەی دانوستان بکەن.

 

ناردنی چەک بۆ لیبی

دەستێوەردانی تورکیە لە شەڕی ناوخۆی لیبی و هەروەها دەرهێنانی لێدانی بیری نەوت و گاز بە شێوەی نایاسایی لە دەریای مەدیتەرانە چەقی باسەکانی وەزیرانی دەرەوەی یەکیەتی ئەوروپا لە ڕۆژی ٢٣ی پووشپەڕ بوو.

لە کۆتایی ئەو دانیشتنەدا هێندێک لە دیپلۆماتەکان بە میدیاکانیان گووت: ئامانجی سەرەکی یەکیەتی ئەوروپا دانوستان لەگەڵن تورکیەیە بەڵام ئەگەر تورکیە درێژە بەکارەکانی بدات بێگومان گەمارۆی تووند بۆ سەر ئابوری ئەو وڵاتە لەسەر مێز دەبێت.

جۆزپ  بورل نوێنەری پێوەندیە دەرەکیەکانی یەکیەتی ئەوروپا لە کۆتایی ئەو دانیشتنە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسی بەشداری کرد و گووتی: ڕێککەوتنمان کرد بۆ ئەوەی داوا لە تورکیە بکەین بە شێوەیەکی چالاک بەشدار بێ لە ڕێگە چارەی سیاسی  و پێبەند بێت بە بەڵێنەکانی لە چوارچێوەی ڕەوتی بێرلین بەتایبەت ڕێز بۆ گەمارۆ سەربازیەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان دابنێت.

لە ماوەی چەند حەوتووی ڕابردوو کێشەکانی نێوان تورکیە و فەرانسە لە مەدیتەرانە لەسەر کێشەی لیبی زیادی کردووە. فەرانسییەکان ئەردۆغان بەوە تۆمەتبار دەکەن بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتیەکان چەک هەناردەی لیبی دەکات.

سەرۆکی دەزگای سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتی ئەوروپا هەروەها لەمەڕ بڕیاری گۆڕینی مۆزەخانەی ئەیاسوفیە بۆ مزگەوت ناڕەزایەتی نیشاندا و گووتی ئەیاسوفیە نەک ناسنامەی تورکیە بەڵکو ناسنامەی مێژووی جیهانە.

 

بیرلێدانەکانی تورکیە بۆ نەوت و گاز لە مەدیتەرانە

یونان لە دانیشتنی ڕێبەرانی ئەوروپاییدا داوای دانانی گەمارۆی تووندی لە دژی تورکیە کردووە بەڵام زۆربەی وڵاتانی باوەڕیان بە درێژەی دانوستانەکان لەگەڵ تورکیە هەبووە. ئەو گەمارۆیانەی کە دەوڵەتی یونان بیریان لێدەکاتەوە بە گووتەی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە دەتوانن ئابوری تورکیە داڕمێنن. پێشبینی ئەوە دەکرێت  ئەگەر لەسەر گەمارۆ ساغ ببنەوە سیستەمی بانکی تورکیە گەمارۆی بخرێتە سەر.

ئەوە لە کاتێکدایە دەوڵەتی ئەردۆغان ڕایگەیاندووە بەو زووانە دەرهێنانی نەوت و گاز لە دەریای مەدیتەرانە و لە ئاوەکانی وڵاتی یونان دەستپێدەکات. سەبارەت بە گەمارۆکان پێدەچێت مانگی داهاتوو، جوزپ بورل لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی یونان و قوبرس کۆبێتەوە.

هاوکات فەرانسە و ئوتریش کە دوو ئەندامی بەهێزی یەکیەتی ئەوروپان و لە چەند مانگی ڕابردوودا کێشەی زۆریان لەگەڵ تورکیە هەبووە، جگە لەوەی پشتیوانی دانانی گەمارۆ لەسەر تورکیەن هاوکات داوا دەکەن دۆسیەی پێوەست بوونی تورکیە بە یەکیەتی ئەوروپا بۆ هەمیشە دابخرێت.

دیپلۆماتکارێکی فەرانسەیی کە لە دانیشتنەکەدا بەشدار بووە ڕایگەیاندووە وڵاتەکە جگە لە دانانی گەمارۆی ئابوری لە دژی تورکیە بیر لە هەموو جۆرە گوشارێکی دیکە دەکاتەوە.

گەورەترین کێشەی بەردەمی وڵاتانی ئەوروپایی ئەوەیە کە تورکیە ئەندامی ناتۆیە. دیپلۆماتکارەکەی فەرانسە کە نەیویستیووە ناوەکەی ئاشکرا بێت بە میدیاکانی گووتوە: تورکیە دووژمن نییە، ئەندامی ناتۆیە بەڵام پرسی ئەمنیەتی درووست دەکات.