بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ئیسرائیل: دژى ئێران هاوکاری کوردەکانی ڕۆژئاوا دەکەین

ئیسرائیل: دژى ئێران هاوکاری کوردەکانی ڕۆژئاوا دەکەین
AvaToday caption
posted onNovember 7, 2019
noبۆچوون

زیپی هۆتوولی جێگری وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل کە ڕۆژی چوارشەممە ١٥ گەڵاڕێزان لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە قسەی دەکرد بە ڕاگەیاندنی ئەوەی ئیسرائیل هاوکاری کوردەکانی سوریە دەکات گووتی: لە دانوسانەکانی پێشوو لەگەڵ ئەمریکا پشتیوانیمان لە هێزە کوردییەکان کردووە.

 

بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە دەگمەن حاڵەتەکانی ناکۆکی لەگەڵ دۆناڵد ترامپ سەرکۆماری ئەمریکا ١٠ى ئۆکتۆبەری ڕابردوو ڕۆژێک پێش لە دەستپێکردنی هێرشی سەربازی تورکیە بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، پێشنیاری هاوکاری "بەگووتەی خۆى خەڵکی بەغیرەتی کورد"ی کرد و ڕایگەیاند تورکیە و هاوپەیمانە سورییەکانی، هەوڵی پاکتاوی ڕەگەزی کوردەکان دەدەن.

جێگری وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لەو چوارچێوەدا ڕایگەیاند وڵاتەکەی داوای هاوکاری زۆری بە تایبەت لە ڕووی دیپلۆماسی و مرڤدۆستانە لێکراوە و گووتیشی "وێرای ئەوەی هاوخەمی خۆمان لەگەڵ کوردەکان دەردەبڕین، ئەوا لە هەر ڕێگەیک بتوانین هاوکاری کوردەکان دەکەین".

ئەو بەرپرسە ئیسرائیلییە باسی لە وردەکاری زیاتر سەبارەت بە چۆنیەتی هاوکاریکردن و جۆری هاوکارییەکانی وڵاتەکەی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان نەکرد و تەنیا جەختی لەوە کردەوە کە بەرپرسانی وڵاتەکەی لە دانوسان لەگەڵ ئەمریکییەکان باسى ڕاستی ڕووداوەکانیان سەبارەت بە کوردەکان کردووە و "بە شانازییەوە دەڵێین لە پەنا کوردەکانین".

زیپی هووتولی جێگری وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ئەوەی پشتڕاست کردەوە ئەگەر پێگەی کوردەکان لە باکوری سوریە لاواز بێت و کۆنترۆڵی ناوچەکەیان لە دەست بێتە دەر، ڕێگە بۆ بەهێزبوونی هێزە خراپەکانی ژێردەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی واڵا دەبێت و ئەوە سیناریۆیەکی مەترسیدار دەبێ بۆ ئیسرائیل.

تا ئێستا تورکیە بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان و ڕۆژانە خەڵکی سڤیلی شار و گوندەکانی سەر سنووری نێوان ڕۆژئاوا و باکوری کوردستان دەبنە قوربانی هێرشی تورکیە و هێزە جیهادییە ئیخوانییە تیرۆریستەکانی و زیاتر لە سێسەد هەزار کوردی ڕۆژئاوای کوردستان بە هۆی هێرشەکانی تورکیە ماڵ و حاڵیان بەجێ هێشتووە و ئاوارە بوون.