بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ترامپ: ژەنەڕاڵ مەزڵووم پیاوێکى نازەنینە

ترامپ: ژەنەڕاڵ مەزڵووم پیاوێکى نازەنینە
AvaToday caption
posted onOctober 23, 2019
noبۆچوون

دۆناڵد ترامپ سەرکۆمارى ئەمریکا کە هەر ئێستا لە واشنتۆن و هاوڕا لەگەڵ مەک پێنس جێگیرى سەرکۆمار و مایک پۆمپئۆ پەمپئۆ وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا و ئۆبرایێن ڕاوێژکارى سەربازى ئەمریکا، وتارێکى پێشکەش کرد.

 

وتارەکەى دۆناڵد ترامپ، دواى ئەو هەموو ڕەخنە زۆرانەى سیناتۆرەکان و خەڵکى ئەمریکا و دونیا دێت کە ڕەخنەیان لێ گرت بەوەى کە پشتى هاوپەیمانە کوردەکانى بەردا و تورکیە توانى هێرش بکاتە سەر ڕۆژئاوا و بەمەش دەیان کەسى مەدەنى گیانیان لەدەست دا و بە هەزاران کەس ئاوارە بوون.

دۆناڵد ترامپ سوپاسێکى تایبەتى ژەنەڕاڵ مەزڵووم کۆبانێ ـى کرد و گوتى "من قسەم لەگەڵ ژەنەڕاڵ مەزڵوم کرد و ئەو پیاوێکى نازەنینە. ئەویش زۆر سوپاى ئێمە کرد کە ئەو کارەمان کردووە. مەزڵوم بەڵێنى دامێ کە داعش کۆنتڕۆڵ بکرێت و زیندانییەکان لە کۆنتڕۆڵى تەواودان. ڕاستە کەمێکى بچووک ڕایان کرد، بەڵام زۆریان گیرانەوە و مەزڵووم بڕیار وایە بە زووترین کات بەیاننامەى خۆى بڵاو بکاتەوە".

ترامپ مەزڵووم

ترامپ سەبارەت بە تورکیە گوتى "ئەگەر تورکیە لەسەر بەڵێنەکانى نەمێنێتەوە، بەتایبەت پاراستنى کەمینە ئایینى و نەتەوەییەکان، ئەوا درێژە بە گەمارۆکانمان دەدەین. ئێمە هێزێکى گەورەى ئابوورین و لە کەس ناچین. هێزى ئابوورى ئێمە لە هەمووان زیاترە و ڕەقیبەکانمان دۆخیان باش نییە، بۆیە تورکیە دەبێت پابەندى دژەداعشى بێت و پشتى کوردەکان بگرێت"، سەرکۆمارى ئەمریکا داواشى لە ئەوروپییەکان کرد کە "بێن کەسەکانى خۆیان لە نێو داعش ببەنەوە کە لە سوریە زیندانین و لەوێ لە وڵاتەکانى خۆیان زیندانییان بکەن. دەبوو بێن و وەریانبگرنەوە و ئێستا کاتێکى باشە کارى خۆیان بکەن".

دۆناڵد ترامپ سوپاسى فیداکارییەکانى هێزەکانى سوریاى دیموکراتیک (هەسەدە)ى کرد کە ڕێگەیان نەدا داعش سەرکەوێت و داواشى لە هەموو جیهان کرد کە "ئێستا دەبێت هەموو لەسەر ئەوە بن کە داعش سەر هەڵنەداتەوە".

ترامپ لە کۆتایی وتارەکەى لەمەڕ سوریە گوتى "کاتێک سەربازەکانمان شەڕ دەکەن، کە ئاسایشى نەتەوەییمان بکەوێتە مەترسییەوە هەرکاتێک نەخشە و پلانێکى سەرکەوتنمان هەبوو، ئەودەم دەتوانین بچینە نێو شەڕەوە. کەس ناتوانێت بەسەرمان سەرکەوێت و لێمان بباتەوە" و گوتیشى کە ئەردۆغان لە دیدى خۆیەوە کارێکى دروست دەکات، "هەر بۆیە ڕەنگە بەو زووانە بیبینم".. "سوپاس بۆ ژەنەڕاڵ مەزڵووم کە پیاوێکى بەهێز و ئاوەزدارە. ئێمە گیانى هەزاران کوردمان ڕزگار کردووە. ئەرکى ئەرتەشى ئێمە ئەوە نییە پۆلیسى دونیا بێت و دەبێت وڵاتانى دیکە پشکى خۆیان بە ئەستۆ بگرن کە پێشتر نەیانکرد".