بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

دژایەتییەکان ترامپیان هێنایەوە سەر خەت و هەڕەشەی لە تورکیە کرد

دژایەتییەکان ترامپیان هێنایەوە سەر خەت و هەڕەشەی لە تورکیە کرد
AvaToday caption
posted onOctober 8, 2019
noبۆچوون

بڕیاری چوونەدەرەوی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە سەرێ کانی و گرێ سپی کاردانەوە و ڕەخنەی زۆری بەدواوە بووە. ئەو ڕەخنانە تەنیا بە حیزبی دیموکراتى ئەمریکا کورت نابێتەوە، بۆیە ترامپ ناچار پاشەکشێى کرد و بۆچوونەکەی گۆڕی لەسەر ڕۆژئاواى کوردستان.

 

هەڕەشە لەمەڕ وێرانکردنی ئابووری تورکیە کاردانەوەی دۆناڵد ترامپە بەو شەپۆلی ڕەخنانەی دوای ڕاگەیاندنی چوونەدەرەوی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژئاوای کوردستان لە لایەن سیاسەتوانان و میدیاکانی ئەمریکا باسی لێکراوە. تەنانەت ژمارەیەک لە نوێنەرانی حیزبی کۆماریخوازی ئەمریکا دوای ڕاگەیاندنی ئەو سیاسەتە لە لایەن ترامپ دەستیان بە ڕەخنەگرتن کرد و گۆڕینی یەکجاری سیاسەتی ئەمریکایان لە سوریە بە کارەسات ناوبرد.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆیتەرز، یەکێک لە دەسەڵاتدارانی کۆشکی سپی دوای زیادبوونی ڕەخنەکان لە دژی ترامپ لەسەر کشاندنەوەى هێزەکانی ئەمریکا لە سوریە، ڕایگەیاند ئەو وڵاتە هیچ گەڵاڵەیەکی بۆ کشاندنەوەى هێزەکانی لە سوریە نییە و پرسەکە تەنیا پەیوەندیدارە بە گەڕاندنەوەى تەنیا ٥٠ سەرباز لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان باکور و ڕۆژئاوای کوردستان.

ئەوە لە کاتێکدایە ترامپ پێشتر لە تویتەرەکەیدا نووسى "هێزەکانی ئەمریکا لە سوریە دەکشێنەوە و کاتى ئەم کێشانەوەیەش لە شەڕێکی گاڵتەجارانە و عەشایرى نێوان تورکیە و کوردەکانە و ئێستا ئیتر کاتى گەڕاندنەوەى سەربازەکانی ئەمریکایە بۆ نیشتمان".

دوای ئەو ڕەخنانەى کە لە هەموو دونیا و بەتایبەت لە نێو خودى ئەمریکا لە دۆناڵد ترامپ گیران، سەرکۆمارى ئەمریکا ناچار بوو چەندین تویتى بڵاو کردنەوە و هەروەها بە ناردنی هێندێک لە بەرپرسانی دەوڵەتەکەی هەوڵی داوە سیاسەتی خۆی سەبارەت بە سوریە هێندێک نەرم بکاتەوە. دۆناڵد ترامپ دوو جار هەڕەشەی ئەوەی کرد لە ئەگەری هێرشی تورکیە بۆ سوریە ئابوورییەکەی وێران دەکات.

ترامپ و تویت

لە لایەکی دیکە بەرپرسانی دەوڵەتی ئەمریکا ڕایانگەیاندووە ئەو پرسە تەنیا پەیوەندیدار نییە بە ژمارەیەکی کەم سەربازی ئەمریکایی جێگیر لە خاکی سوریە و چوونەدەرەوەی ئەمریکا لە سوریە بە واتای هەڵکردنى گڵۆپی سەوز بۆ تورکیە بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەربازی دژی کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستان.

لیندسی گراهام یەکێک لە سیاسەتمەدارە خاوەن پێگەکەکانی کۆماریخوازەکان و یەکێک لە پشتیوانە سەرەکییەکانی دۆناڵد ترامپ یەکێک لەو کەسانەیە کە بە تووندی ڕەخنەی لە سیاسەتی چوونە دەری ئەمریکا لە سوریە گرتووە. لیندسی گراهام ئەو سیاسەتەی بە نابەرپرسانە ناوبردووە و گوتی جێبەجێکردنی وەها سیاسەتێک دەتوانێ بۆ سیاسەتی ئەمریکا کارەسات بێت. ئەو سیناتۆرەی کۆماریخواز لەو بڕوایەدایە ئەو سیاسەتە خزمەت بە کۆماری ئیسلامی  و بەشار ئەسەد دەکات و هەروەها بە قازانجی داعش دەشکێتەوە.

میتچ مەک کۆنل ڕێبەری نوێنەرانی کۆماریخواز لە سەنای ئەمریکا بەڕێوەبردنی ئەو سیاسەتەی بە خزمەت بە ئێران، ڕوسیە، بەشار ئەسەد و داعش زانیوە. هەر لەو پەیوەندییەشدا نیکی هێلی باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان چووە نێو بەرەی ڕەخنەگرانی دۆناڵد ترامپەوە. هێلی لە پۆستێکی تویتەریدا جەختی لە پێویستی پشتیوانی لە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا کردەوە و گووتی تەنیا لە وەها حاڵەتێکدایە دەتوانین چاوەڕوانیمان لە هاوپەیمانەکانمان هەبێ پشتیوانیمان لێبکەن. قسەکانی هێلی ڕووی لە کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستانە کە لە ژێر ڕێبەری ئەمریکا سەرقاڵی شەڕ دژی داعشن.

هێلی نووسیویەتی کوردەکان لە خەبات دژی داعش ڕۆڵێکی گەورەیان هەبوو و ئێستا هەڵەیەکی گەورەیە ئەمریکا ڕێگە بە تورکیە بدات کۆمەڵکوژیان بکات.