بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

وێژەخەڵاتى ئەڵمانیا بۆ کونجکۆڵێکى ژیانى مۆدێڕن

وێژەخەڵاتى ئەڵمانیا بۆ کونجکۆڵێکى ژیانى مۆدێڕن
AvaToday caption
posted onJuly 14, 2019
noبۆچوون

وێژەخەڵاتى بۆشنێر، کە یەکێکە لە گرنگترین خەڵاتە ئەدەبییەکانى ئەڵمانیا، ئەمساڵ دەبەخشرێتە لۆکاس برۆفۆس. ئەم درامنووسە سویسراییە، چەندین جار بە هۆى نووسینى بەرهەمگەلى پابەند، ستایش کراوە.

ئەکادیمیاى زمان و ئەدەبیاتى ئەڵمانیا ڕایگەیاند کە ئەمساڵ وێژەخەڵاتى گئۆرگ بۆشنێر، دەبەخشرێتە لۆکاس برۆفۆسى نووسەر و شانۆنامەنووسى سویسرایی. ئەکادیمیاکە لە بەیاننامەکەیاندا کە لەم بارەوە بڵاویان کردووتەوە، هاتووە لۆکاس برۆفۆس گرنگترین پرسى کۆمەڵایەتى و سیاسى ئەم ڕۆژگارە بە شێوەیەکى ڕاستگۆیانە و گەرموگوڕانە و بە زمانێکى سادە و ساکار لە بەرهەمەکانى خۆیدا باس کردووە.

لۆکاس برۆفۆس لە ساڵى ١٩٧١ى زایینى و لە شارى تونى سویسرا لەدایک بووە. لە ساڵى ١٩٩٨ـەوە دەستى داوەتە بڵاوکردنەوەى شانۆنامەکانى خۆى  و بە خێرایی بووە یەکێک لە دیارترین شانۆنامەنووسەکان بە زمانى ئەڵمانى. "دژەنۆرمییە سێکسییەکانى دایک و باوکمان" کە لە سالى ٢٠٠٣ى زایینى بڵاوى کردەوە یەکێکە لە شانۆنامە سەرکەوتووەکانى ئەو کە وەرگێڕدراوەتە سەر چەندین زمانى دونیا. دواهەمین بەرهەمیشى "ڕۆحى فیل"ـە کە لە سپتەمبەرى ٢٠١٨ى زایینى و لە مانعایم برایە سەر سەکۆى شانۆ و سەرنجێکى گەورەى بۆ خۆى ڕاکێشا.

لە برۆفۆس، ڕۆمانێگەلێکى وەک "پیاوانى مردوو" لە ساڵى ٢٠٠٢ و "١٠٠ ڕۆژ" لە ساڵى ٢٠٠٨ى زایینى بڵاو بووەتەوە. ئەو لە دواهەمین ڕۆمانى خۆیدا باسى کارەساتى مەرگاوى ڕواندا دەکات. ئەو لە چیرۆکگەلێکى بێهەژمارى، ڕەخنەییانە دەکەوێتە شەن و کەوتى پرسە کۆمەڵایەتى و سیاسییەکانى ئەم سەردەمەى ئێمە.

خەڵاتى گئۆرگ بوشنێر، بڕەکەى ٥٠ هەزار یۆرۆیە و بە گرنگترین وێژەخەڵاتى ئەڵمانیا ناسراوە. بۆشنێر، درامنووسێکى ئینقیلابی ئەڵمانیا بوو کە شانۆنامەى "ویستک"ـى نێوبانگێکى گەورە هەبوو، بەڵام خۆى ژیانێکى کورتى هەبوو. لە ساڵى ١٨١٣ لە نزیکى دارمشتات لەدایک بوو و لە ساڵى ١٨٧٣ لە زوریخ کۆچى دوایی کرد.

دەستەى تاوتوێکەران و داوەرانى خەڵاتەکە لە شڕۆڤەى دەنگەکانى خۆیان نووسییان:

"برۆفۆس بە ستایلێکى قورس و قایم و ڕەنگاڵەیی و دەوڵەمەند، فۆڕمە گرێدراوەکان بە دۆخى ژیانى مۆدێڕن و بە شێوەیەکەى نوێگەرایانە و داهێنەرانە، لە ڕۆمان و شانۆنامەکانى شەن و کەو دەکات. ئەو لە کونجکۆڵییەکانیدا دونیاى ئەمڕۆ دەداتە بەر ڕەخنەى بوێرانە و تاوتوێى دەکات و تێڕوانینێکى لێوڕێژ لە موشتاقى و سەرسووڕمانى هەیە".

ئەم خەڵاتە لە ساڵى ١٩٥١ى زایینییەوە دەبەخشرێتە نووسەرانێک کە خزمەتێکى گەورەیان بە زمانى ئەڵمانى کردووە و ڕۆڵێکى دیاریان لە بڵاوکردنەوەى فەرهەنگى ئەڵمانى هەبووە. بەر لەم نووسەرەش، ئەم وێژەخەڵاتە بەخشرایە نووسەرانێکى وەک ئەریش کستنێر (١٩٥٧) و ماکس فریش (١٩٥٨) و گۆنتەرگراس (١٩٦٥) و سارا کیرش (١٩٩٦) و فۆلکێر براوان (٢٠٠٠). پارەکەش، ئەم خەڵاتە بەخشرایە ترێزا مورا.