بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

کچانی ئازادی لێیاندەدرێت کەچى فیفا پشتى ئێران دەگرێت؟

کچانی ئازادی لێیاندەدرێت کەچى فیفا پشتى ئێران دەگرێت؟
AvaToday caption
لە شانۆگەرییەکدا درگاکانی یاریگاى ئازادی تەنیا لە ڕۆژی فیناڵی قارەمانانی ئاسیا کرایەوە
posted onJune 11, 2019
noبۆچوون

 

یارییەکانی ئێران و سووریا چیرۆکی تاڵی دۆخی ژنانی ئێرانە. یەکەمجار، ۱٦ی خەرمانانی ۹٦، لە کاتی یاری تیمی هەڵبژاردەی ئێران و سووریا، هێزەکانی ناجا درگای وەرزشگەی ئازادییان بۆ کچانی سووریایی کردەوە بەڵام ژنانی ئێرانیان لەپشت درگاکان ڕاگرت و مافی دانیشتن لەسەر سەکۆکان و بینینی یاری هەڵبژاردەی ئێرانیان پێ  نەدرا.

 

هێزەکانی ناجا کاتێ ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی کچانی ئێران بۆ جیاوازی شێوەی هەڵسوکەوتیان لە ئاست ژنانی سووریا و ئێران و ڕاگرتنی ئەوان لە پشت درگاکان بوونەوە، گوتیان "ئاڵای سووریا بەدەست بگرن و بێنە نێو وەرزشگە." فێدراسیۆنی جیهانی تۆپی پێ، بەرپرسی هەموو ڕووداوەکانی تۆپی پێ جیهانە. لە دەستووری فیفا هاتووە "تۆپی پێ دەبێ بەبێ ڕەچاوکردنی ڕەگەز و ئایین و نەتەوەکان، بەشێوەی یەکسان و بەرانبەر بۆ هەموو خەڵکی دونیا بێت"، بەڵام هەر ئەم فێدراسیۆنە لە ئاست هەڵسوکەوتە نادادپەروەرانە و نایەکسانی لە ئێراندا بێدەنگە.

و1

تەنیا دژکردەوەی "جیانی ئینفانتینۆ"، سەرۆکی فێدراسیۆنی جیهانی تۆپی پێ لە ئاست ٤۰ ساڵ قەدەغەکردنی وەرزشگەکانی ئێران لە ژنان، چاوپێکەوتنێکی کورت لەگەڵ حەسەن ڕۆحانی، سەرکۆماری ئیسلامی ئێران لە فڕۆکەخانەی میهرئابادی تاران بوو. مانگی ڕەشەمێ ساڵی ۹٦، لەکاتی سەفەری سەرۆکی فیفا بۆ تاران، لەگەڵ حەسەن ڕۆحانی کۆبوویەوە و خوازیاری چوونی ژنان بۆ وەرزشگەکانی ئێران بوو. جیانی ئینفانتینۆ سێ مانگ پاش ئەوە لە کۆبوونەوەیێکی ڕۆژنامەنووسیدا سەبارەت بەو یاسایانە کە ژنانی ئێرانی لە ڕۆییشتن بۆ وەرزشگەکان قەدەغەدەکا، گوتی "ئێمە جارێ لە ڕێگای وتووێژەوە دەمانهەوێ کێشەکە چارەسەربکەین. دەتوانین لە ڕێکاری سڕکردنەوەش کەڵک وەرگرین، بەڵام من هەمیشە لەگەڵ وتووێژکردنم".

ئەنجامی ئەم وتووێژانە، کردنەوەی درگاکانی یاریگەى ئازادی لە شانۆگاریێکدا لە ڕۆژی فیناڵی خولی قارەمانانی ئاسیا بوو. مانگی گەڵاڕێزانی ۹۷، لەکاتی یاری تیمەکانی پێرسپۆلیس و کاشیما لە فیناڵی خولی قارەمانانی ئاسیا، وەزارەتی وەرزین و لاوان بە هەڵبژاردنی ٥۰۰ ژن لە نێوان هێزەکانی ناجا، بنەماڵەی یاریزانانی تۆپی پێ، یاریزانانی تۆپی پێی کچانی ئێران و هەروەها هەواڵنێران، دەرفەتێکی دابین کرد تا شانۆگەری هەبوونی ژنان لە وەرزشگەکاندا بەڕێوەببا.

و٢

جیانی ئینفانتینۆ جارێکیتر سەردانی ئێرانی کرد. لەم کاتە ئەو لە لەگەڵ مەهدی تاج، سەرۆکی فێدراسیۆنی تۆپی پێ ئێران، لەبەرانبەر ئەو سەکۆیانە کە شوێنی ژنانی ئێرانی بوو، حازر بوو. هەر لەو کاتە هێزەکانی ناجا ئەو کچانەی کە هەڵنەبژێردرابوون و بۆ تەماشای یاری ڕۆیشتبوونە وەرزشگە، سەرکوت و ودەسبەسەرکرد. هێزەکانی ناجا تاقمێک لەو کچانەی سواری ئۆتۆمۆبێلی وەنی تایبەت کرد و لە بیاوانەکانی دەوروبەری تاران بەتەنیا بەجێیانی هێشت.

کچانی ئازادی، لە ڕەشەمێ ساڵی ۹۷ بە نووسینی ڕستەی "Help Persepolis female fans to enter Azadi stadium" لە لاپەڕەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی کۆنفێدراسیۆنی تۆپی پێ ئاسیا بە واتای "یارمەتی لایەنگرانی ژنی پێرسپۆلیس بدەن بۆ چوونە نێو یاریگەى ئازادی"، هەوڵی ئاگادارکردنەوەی بەڕێوەبەرانی ئەم کۆنفدراسیۆنەیان سەبارەت بە دۆخی ژنان دا کە درگای ساریگاکەیان لێدادەخرێت.

و3

بەڵام فێدراسیۆنی جیهانی تۆپی پێ بێدەنگە و بەس دەڕوانێت. "فاتمە ساموورا" کە پێشینەی چالاکی لە بواری مافی مرۆڤی لە کارنامەکەیدا هەیە و وەک چالاکێکی ژن لە ئەفریقا توانیویە پۆستی بەڕێوەبەری گشتی فێدراسیۆنی جیهانی تۆپی پێ بەدەست بێنێت، لە ئاست هەمووی ئەم هەواڵانە بێدەنگ ماوەتەوە. هۆکاری بێدەنگی بەرپرسانی فیفا دەتوانین لە پەیوەندی باشی مەهدی تاج، سەرۆکی فێدراسیۆنی جیهانی تۆپی پێ لەگەڵ بەڕێوەبەرانی فیفا بەدی بکەین.

ئەم بێدەنگییە و درێژەی هەڵسوکەوتی سەرکوتکەرانەی هێزەکانی ناجا، لە یاری دۆستانەی هەڵبژاردەکانی ئێران و سووریا دووپات بوویەوە. لە دوانیوەڕۆی پێنجشەمە ڤیدیۆیێک لە لاپەڕەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەبێتەوە کە سێ کچ لەکاتێکدا لە بەرانبەر درگای ڕۆژاوایی یاریگەى ئازادی پیشان دەدرێن کە بەچاوی گریان و لێدراون.

 چیرۆکی ئەوان کاتێ دەستیپێکرد کە یەک لەو کچانە دەبینێت لەپڕ بەشی ژنانەی بلیتفرۆشی ئەنتەرنێتی بۆ کڕینی بلیتی یاری ئێران و سووریا دەکرێتەوە. ئەو کچەش دەسبەجێ  بلیتێک دەکرێت، بەڵام چەن خولەک دواتر پارەکەی دێتەوە سەر هەژماری بانکییەکەی و بەشى "خاتوون"ـان لەسەر لاپەڕەی بلیتفرۆشی دەستڕێتەوە. ئەمەش  بەیسێک پێکدێنێت بۆ ئەوەی پێنج کچی ئێرانی بۆ چوونەنێو وەرزشگەی ئازادی پێکەوە بڕیاربدەن. ڕۆژێک کە وەرزشگە بۆ یاریێکی دۆستانەی نیشتمانی قەت قەڕەباڵغ نییە و ئەم چەند کچەش دەتوانن بەبێ دڵەڕاوکێ، لە گۆشەیێک لە سەکۆکان بینەری یارییەکە بن.

و4

بەڵام چەن خولەک پاش چوونەبەر دەرگای ڕۆژاوایی یارگەی ئازادی، ڕووبەڕووی هێزەکانی ناجا دەبنەوە کە بە پێچەوانەی جاران، بەخێرایی و بەبێ هیچ هۆشدارێک ڕووبەڕوویان دەبنەوە. یەک لەو هێزە فەرمییانەی ناجا، بە جنێودان بانگ لەو کچانە دەکا و پێیان دەڵێ دەسبەجێ لەو شوێنە دوور کەونەوە. یەکێک لەو کچانە هەوڵئەدا بە مۆبایلەکەی فیلم لە جنێودانەکانیان بگرێت. هێزەکانی ناجا هێرش دەکەنە سەریان و بەسەر زەویدا ڕایاندەکێشن، یەکێک لە هێزە ئەمنییەکان پێ دەنێتە سەر سینگی ئەو کچە و مۆبایلەکەی لێوەردەگرێت. کچانیتر هەوڵی ڕزگارکردنی هاوڕێیەکەیان ئەدەن.

لە ئەنجامی ئەم تێکهەڵچوونە، دوو کچ دەسبەسەر کران و سێ کەسیان بریندار بوون. یەکێک لەم کچانە لە ڤیدیۆیێک کە بڵاو کراوەتەوە، گوتوویەتی: ئێمە هیچ کارێکمان نەدەکرد، تەنیا لەسەر سەوزایی بەر درگای یارگاکە ڕاوستا بووین. نە دروشمێکمان دەدا و نە ئاڵایێکیشمان پێ بوو. هاتن، هێرشیان کرد، جنێویان دا ، لێیمانیان دا و دەسبەسەریان کرد.

و5

ژنانی ئێرانی مافی ڕۆیشتن بۆ وەرزشگەکانی ئێرانیان نییە؛ لێیاندەدرێت، دەسبەسەردەکرێن و فێدراسیۆنی جیهانی تۆپی پێش بەردەوام گەورەترین پشتیوانی ئەم جیاوازی و پێشلکردنی مافەیە. ئەحمەدى عەلەمولهودا، ئاخۆندی هەینی و نوێنەری وەلی فەقیە لە خۆراسانی ڕەزەوی، جۆزەردانی ساڵی ۹٦ کاتێ ئاگادار بوویەوە کە تاقمێک لە کچان ڕۆیشتوونە بۆ یارگە تا بینەری یارییەکی تۆپى دەست بن، گوتبووی "ئەمە نموونەی بەرچاوی خراپکارییە"

 لە نێوان قسەکانیشدا گوتی "ژن ڕێزی هەیە و دەبێ ڕێزی ژن لە ناپاکییەکانی وەرزشگە بپارێزرێت".

بەرهەمی پێشگرتن بە سەرهەڵدانی خراپکاری و پاراستنی ڕێزی ژنان لە وەرزشگەکانی ئێران، دوانیوەڕۆی پێنجشەمە لە بەرانبەر درگای ڕۆژاوایی وەرزشگەی ئازادی پیشان درا. شوێنێک وا پێنج کچ ویستیان بچنە نێو یاریگەى ئازادی و لەسەر سەکۆکانی دانیشن و  یاری ئێران و سووریا ببینن. بەڵام لێیانیان دا نەک لە نێو یارگە بێ ڕێزییان پێ بکرێت.

و٦