بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

دۆناڵد ترەمپ: سەرکردەکانی ئێران دەیانەوێت بگەنە ڕێککەوتن

دۆناڵد ترەمپ: سەرکردەکانی ئێران دەیانەوێت بگەنە ڕێککەوتن
posted onJanuary 31, 2026
noبۆچوون

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، سەرکردەکانی ئێران خواستیان هەیە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن و ئاماژەی بەوەش کرد، وڵاتەکەی ژمارەیەکی زۆر کەشتیی جەنگی ڕەوانەی ناوچەکە دەکات.

ترەمپ لە نوێترین لێدوانیدا سەبارەت بە ئێران گوتی: "ئێستا ژمارەیەکی زۆر کەشتی بەرەو ئێران دەنێرین. هیوادارم بگەینە ڕێککەوتن. ئەوان خوازیارن بگەنە ڕێککەوتن."
سەرۆکی ئەمەریکا گوتیشی؛ ڕێگری لە لەسێدارەدانی ٨٣٧ کەس کردووە لە ئێران و "پێم گوتن ئەگەر ئەم کارە بکەن، باجەکەی بە شێوەیەک دەدەن کە پێشتر کەس نەیدابێت، دواتر پاشەکشەیان کرد."

سەبارەت بە ئەگەری هێرشی سەربازی، ترەمپ ئامادە نەبوو بچێتە نێو وردەکارییەکان و تەنیا گوتی: "نامەوێت لەسەر پرسە سەربازییەکان قسە بکەم، تەنیا ئەوەندە دەڵێم کە هێزێکی دەریایی زۆر بەهێزمان لەوێ هەیە."

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا مۆڵەتی بۆ تاران دیاری کردووە بۆ ڕێککەوتن، ترەمپ گوتی: "تەنیا خۆیان بەتەواوی دەزانن." هاوکات کۆشکی سپی لە وەڵامی پرسیاری میدیاکاندا ڕایگەیاند، جگە لە قسەکانی سەرۆک، لە ئێستادا زانیارییەکی زیاتریان نییە بۆ بڵاوکردنەوە.