بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

دەیان مامۆستای ئایینیی داوا دەکەن مامۆستا لوقمان ئەمینی و مامۆستا دەستگیرکراوەکانی دیکە ئازاد بکرێن

مامۆستا لوقمان ئەمینی
مامۆستا لوقمان ئەمینی
posted onApril 27, 2025
noبۆچوون

دەیان مامۆستای ئایینیی رۆژهەڵاتی کوردستان داوایان لە دامودەزگا ئەمنی و دەسەڵاتی دادوەریی ئێران کردووە دەستبەجێ مامۆستا لوقمان ئەمینی، بەبێ هیچ مەرجێک، ئازاد بکەن.

١٦٧ مامۆستای ئایینیی لە راگەیەنراوێکدا، دەڵێن: ئەوان دیسان گوێیان بۆ گوتەکانی مامۆستا لوقمان ئەمینی لە پەیوەندیی لەگەڵ حەزرەتی فاتمە، کچی پێغەمبەری ئیسلام، گرتووەتەوە و قسەکانی هیچ سوکایەتییەکی تێدا نەبووە.

مامۆستا لوقمان ئەمینی  رۆژی 21.04.2025 بە تۆمەتی سوکایەتی بە حەزرەتی فاتمە بانگ کرایە دادگای تایبەت بە کەسایەتییە ئایینییەکانی شاری هەمەدان، بەڵام کاتێک گەیشتە ئەوێ دەستگیر کرا.

ئەو گوتوویەتی، حەزرەتی فاتمە "شەهید" نەبووە، ئەو مامۆستایانەش دەڵێن، حەزرەتی فاتمە بە مەرگی سرووشتی خۆی کۆچی دواییکردووە و سوننە مەزهەبەکان پێیان وایە ئەو شەهید نەبووە.

ئەو مامۆستایانە هەروەها داوایان کردووە، مامۆستا محەممەد خزرنەژاد، مامۆستا ئایەت غوڵامی و مامۆستا عوسمان ئەمین پووریش ئازاد بکرێن.

ئەو مامۆستایانە داوایان لە دامودەزگا ئەمنییەکان کردووە، کۆتایی بە هەڵسوکەوتی سەلیقەیی و تەسکبیرانە و هەوڵاواردن دژی مامۆستایانی ئایینیی سوننە مەزهەب، بێنن.