بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

شەپۆلی داخستنی لاپەڕەی ئینستاگرامی فەرماندەکانی سوپا و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی

شەپۆلی داخستنی لاپەڕەی ئینستاگرامی فەرماندەکانی سوپا و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی
AvaToday caption
posted onApril 17, 2019
noبۆچوون

 

دوای ئەوەی ڕۆژی دووشەممە ٢٦ خاکەلێوە، سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی بە فەرمی خرایە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییە بیانییەکانەوە، تۆڕى کۆمەڵایەتى ئینستاگرام بە تاوانی "پەرەپێدانی تیرۆریزم و ئەندامبوون لە ڕێکخراوی تیرۆریستی سوپای پاسداران"، لاپەڕەی ئینستاگرامی چەندین فەرماندەی سوپای پاسداران و ڕێبەری کۆماری ئیسلامی عەلی خامنەیی داخست.

 

لە دوو ڕۆژى یەکەمى دواى بەتیرۆریستناساندنەکەى سوپاى پاسداران، لاپەڕەى فەرمى هەر یەک لە عەلى خامنەیی و قاسم سولەیمانى و سەید ئیبراهیم ڕەئیسى و موحسین ڕەزایی و محەمەد قادر قالیباف و عیزەتوڵا زرغامى، سەردار سەید کەمال هادیان فەڕ و زۆرى تریش داخران و هەر ئەمەیش کاردانەوەی بەشێک لە بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی و سوپای پاسدارانى لێ کەوتەوە و دەنگ و ڕەنگى ڕژێم دەستى دایە دروستکردنى ڕاپۆرت و هەواڵ بۆ ئەوەى ڕوانگەى گشتى خەڵک بەلاڕێدا بەرێت.

حوسێن ئەڵاکەرەم فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران دژى داخستنى لاپەڕە فەرمییەکانى ئەو کەسانەى سەرەوە گوتى "ئێستا لە ئێرانیش کاتی داخستن و پرۆتستۆکردنی تۆڕی کۆمەڵایەتى ئێنستاگرام هاتووە". محەمەد جەواد ئازەرى جێهرەمى وەزیری پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامییش لە تویتێکدا نووسى "کاتێک زاری پیاوێک دەبەستی، درۆزنبوونى ناسەلمێنى، بەڵکو تەنیا ئەوە بە دونیا دەڵەى کە: ترست هەیە لە قسەی ئەو کەسەی کە زارت بەستووە".

سەردار کەماڵی جێگری کاروباری تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی دادوەری گشتی ئێرانیش لەمبارەوە گوتى "پێشمان پێ بگرن لە شوێنێکى دیکە و نوێ ئەرکەکانمان جێبەجێ دەکەین. و باسی ئەوەشى کردووە کە "هیچ ڕیگەچارەیەک نەبێ ئینستاگرام دادەخەین". جاویدنیا لە درێژەی قسەکانیدا گوتویەتی داخستنی لاپەڕەی ئینستاگرامی بەرپرسان گەورەترین بێرێزییە بە خەڵکی ئێران، ئەمە لە کاتێکدایە کە خەڵکى ئێران بە هۆى دزى و گەندەڵى و سەرەڕۆیی ئەو بەرپرسانە لە دۆخێکى زۆر قورسى ئابوورى و ژیانى کۆمەڵایەتى و سیاسیدان.

ئینستاگرامى داخراو

ئەو فەرماندە و بەرپرسانەی کۆماری ئیسلامی کە بە تاوانی ئەندامبوون لە سوپای پاسداران لاپەڕەی ئێنستاگرامیان داخراوە بریتین لە:

لاپەڕەی ئینگلیسی عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆکی دەزگای داد، موحسین ڕەزایی، ئەکبەر ڕائفی پور، سەید کەماڵ هادیان فەڕ سەرۆکی پۆلیسی ناجا، محەمەد باقر قالیباف، عیزوتوڵا زەرغامی سەرۆکی پێشووی ناوەندی دەنگ و ڕەنگی فەرمی کۆماری ئیسلامی، قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودس وجەعفەر دەوڵەت ئابادی فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران.

شایانی باسە وتەبێژی تۆڕی ئینستاگرام لە وەڵامی پرسیارێکى تەلەڤزیۆنی بی.بی.سی سەبارەت بە داخستنی لاپەڕەی ئینستاگرامی فەرماندەکانی سوپای و ڕیبەری کۆماری ئیسلامی گوتوی "ئێمە لە ژێر یاساکانی ئەمریکادا کار دەکەین. لەگەڵ دەسەڵاتدارانی پەیوەندیدار پەیوندیمان هەیە بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی پابەندی یاساکانین بە تایبەت سەبارەت بە ڕێوشوێنەکانی دژ بە سوپای پاسداران"، تۆڕى کۆمەڵایەتى ئینستاگرام بە ڕوونی ڕایگەیاندووە "هۆکاری داخستنی لاپەڕەی ئەو کەسانە ئەندامبوونە لە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی".