ئەحمەد حەسەنزادە، باوکی شەهید محەممەد حەسەنزادە، بە مەبەستی تێپەڕاندنی حوکمی سێ مانگ زیندانییەکەی، ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی بۆکان کرا. ئەندامێکی بنەماڵە دادخوازەکانی شاری دێولانیش ١٠ رۆژە دەستبەسەر و چارەنووسی ناڕوونە.
دادگای تاوانەکانی شاری بۆکان رۆژی ١٥ی سەرماوەزی ١٤٠٣ بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی، سزای ٣ مانگی زیندانی بەسەر ئەحمەد حەسەنزادەدا سەپاند.
هێزە جلوبەرگ مەدەنییەکانی ئێران رۆژی ٢٥ی گەلاوێژی ئەمساڵ، هاوکات لەگەڵ دوویەمین ساڵوەگەڕی ناڕەزایەتییەکانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی، ئەحمەد حەسەنزادەیان لە شاری بۆکان دەستگیرکرد.
محەممەد حەسەنزادە ڕۆژی ٢٥ی رەزبەری ١٤٠١ لە سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا لە شاری بۆکان کوژرا.
پووریا ئەحمەدی، خەڵکی شاری دێولان و برازای شادمان ئەحمەدی لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، زیاتر لە ١٠ ڕۆژە دەستبەسەرکراوە و هێشتا چارەنووسی ناڕوونە.
پووریا ئەحمەدی، تەمەن ٢٦ ساڵ و لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکانی دێولان زیاتر لە ١٠ رۆژە دەستبەسەرە و بەدواداچوونی بنەماڵەکەی بۆ ئاگاداربوون لە بارودۆخی ئەو هاووڵاتییە تا ئێستا بێئاکام ماوەتەوە.
تاوەکو ئێستا، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران و تۆمەتە سەپێندراوەکان بۆ سەر ئەم هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە.